هه‌واڵه‌كانی عێراق

سەرکردەیەکی باڵای داعش کوژرا لە موسڵ

ئەندامێکی دیاری "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام" (داعش) کە فەتوای بۆردومانکردنی ناوچە ئازادکراوەکانی موسڵی دەرکردبوو، کوژرا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق یەکشەممە (18 کانونی یەکەم) رایگەیاند.

فەرماندەییەکە لە راگەیەندراوێکدا وتی: "سەرچاوە هەواڵگیریەکانمان پشتڕاستیانکردووەتەوە کە تیرۆرست ئەبو ئەیوب موفتی، موفتی موسڵ، کە فەتوایەکی دەرکرد بۆ رێگەدان بە تیرۆرستانی داعش بۆ بۆردومانکردنی ناوچە ئازادکراوەکانی رۆژهەڵاتی موسڵ، کوژراوە لەلایەن دانیشتوانی شارەکەوە."

هاوکات، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، نەجمەدین کەریم جبوری بە دیارونای راگەیاند کە هێزەکانی سوپا و دژە تیرۆر بەردەوامن لە پێشڕەویکردن لە موسڵ.

جبوری وتی: "ئەمڕۆ هەوڵدەدەین کە رێگەیەك بکەینەوە بۆ روباری دیجلە لە ناوەڕاستی موسڵ. ئەمە دەستکەوتێکی تازەیە بۆ هێزەکانی عێراق، چونکە ئێستا شەڕ بەردەوامە لەناو دڵی رۆژهەڵاتی موسڵ دا."

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دووشەممە رایگەیاند کە ژمارەی ئاوارەکانی موسڵ لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکەوە گەیشتووەتە 120,000 کەس.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا وتی: "تیمە مەیدانیەکانی ئێمە بەردەوامن لە پێشوازیکردن لە ئاوارەکانی موسڵ و دابینکردنی شوێنی مانەوەی گونجاو و کۆمەك. هەروەها ژماوەی پزیشك لە کەمپەکان زیاددەکەین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500