http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/newsbriefs/2017/01/23/newsbrief-01

×
×

هێزەکانی عێراق 3 ناوچەی تر دەگرن لە رۆژهەڵاتی موسڵ

هێزەکانی عێراق سێ ناوچەیان گرتەوە یەکشەممە (22 کانونی دووەم) لە دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە موسڵ، بەمەش کۆنتڕۆڵکردنی بەری رۆژهەڵاتی شارەکەیان تەواوکرد، بەرپرسێکی سەربازی بە دیارونای راگەیاند.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، فەریق عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا، دوشەممە وتی: "هێزەکانی عێراق گەڕەکەکانی مەلاین و عەرەبیان ئازادکرد لەگەڵ ناوچەی بینای جاهیز و ئاڵای عێراقیان لە سەر بیناکان هەڵکرد."

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە ئەمانە دواین گەڕەکن لە ناوەڕاستی شارەکەدا لە بەری چەپ لەگەڵ گەڕەکی راشیدییە، لە بەری باکوری موسڵ، کە ماون بگیرێنەوە.

یارەڵا رایگەیاند کە هێرشێك دەستیپێکردووە بەرەبەیانی دوشەممە بۆ گرتنەوەی راشیدییە لە دەستی داعش.

وتیشی: "هیوادارین ئازادکردنی زۆر بەزوویی رابگەیەنین."

لە راگەیەندراوێکدا سوپا رایگەیاند کە لە باکوری موسڵ، هێزەکانی فیدڕاڵی ئەو رێگایەیان کۆنتڕۆڵکردۆتەوە کە موسڵ و دهۆك بەیەکەوە دەبەستێت لە رۆژئاوای هەرێمی کوردستان.

هاوکات، بەڕێوەبەری پەروەردەی موسڵ، محەمەد عەلی تەهان، لە راگەیەندراوێکدا دووشەممە وتی کە قوتابخانەکان دەستیانکردووە بە کردنەوەی دەرگاکانیان لە ناوچە ئازادکراوەکانی موسڵ دوای نزیکەی سێ ساڵ لە داخستنیان.

تەهان وتی: "یەکەم 70 قوتابخانە دووشەممە کرانەوە وەك بەشێك لە پلانێك بۆ کردنەوەی 400 قوتابخانە لە ناوچە ئازادکراوەکاندا."

وتیشی: "بەڕێوەبەرانی پەروەردە لە پارێزگای نەینەوا پۆلەکانیان دەستپێکردۆتەوە لە 40 قوتابخانەی سەرەتایی و 30 قوتابخانە ناوەندیدا لە ناوچە ئازادکراوەکان کە دوورن لە بەرەکانی جەنگ، لە بەشەکانی باکور و باکوری رۆژئاوای موسڵ."

راشیگەیاند کە دەستپێکردنەوەی خوێندن لە گەڕەکەکانی حەدبا، عەرەبی، ئەندەلوس، و شورتە دوادەکەوێت تاکو هەموو قوتابخانەکانی ئەو ناوچانە دەپشکنرێن و پاکدەکرێنەوە لە بۆمبی دەستی و لوغم.

تەهان رایگەیاند کە کتێب و قەرتاسیە گەیەنراونەتە پارێزگاکە و ئاماژەیدا کە "سوپا هەوڵی تەواوی خستۆتەگەڕ بۆ یارمەتیدانی کارمەندانی وانە وتنەوە تا خوێندن دەستپێبکەنەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
1

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha