هه‌واڵه‌كانی عێراق

پێکدادانی سەخت لە حەلەب روودەدات و راگوێزان دەوەستێت

پێکدادانی کوشندە لە حەلەبی سوریا چوارشەممە (14 کانونی یەکەم) روویدا شانبەشانی هەڵپەساردنی رێککەوتنێك بۆ راگوێزانی ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆن، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

وابڕیاربوو یەکەمین گروپی دەرچوو نزیك بە کاتژمێر 5ی بەیانی رووبدات، بەڵام هیچ جووڵەیەك نەبوو. چەند کاتژمێرێك دواتریش، شەڕی سەخت شارەکەی هەژاند.

روانگەی سوری بۆ چاودێری مافی مرۆڤ رایگەیاند "پێکدادانی زۆر توندوتیژ لەهەموو بەرەکانەوە" روویداوە.

نەتەوە یەکگرتوەکان نیگەرانی خۆی لەو دەنگۆیانە دەربڕیوە کە چەند کەسێك ونبوون دوای ئەوەی چوونەتە ناوچەکانی ژێردەستی رژێمەوە، سێشەممەش رایگەیاند کە راپۆرتی بەدەستگەیشتووە باس لە لەسێدارەدانی دەستبەجێ دەکەن لەلایەن چەکدارانی سەر بە رژێمەوە.

وتەبێژی ئۆفیسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان روپەرت کۆلڤیل باسی لە راپۆرتێك کرد کە لانیکەم 82 مەدەنی، لەنێویاندا 11 ژن و 13 منداڵ، لەم رۆژانەی دواییدا لەسێدارەدراون.

هاوکات، لیژنەی لێکۆڵینەوەی سوریای نەتەوە یەکگرتوەکان چوارشەممە رایگەیاند راپۆرتی بەدەستگەیشتووە کە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن رێگریی دەکەن لە هەڵاتنی مەدەنییەکان لە حەلەب تا وەك قەڵغانی مرۆیی بەکاریانبهێنن. بەتایبەت باسی لە بەرەی نوسرە کرد، کە ئێستا بە بەرەی فەتحی شام ناسراوە، لەگەڵ گروپی ئۆپۆزسیۆنی ئەحرار شام.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500