هه‌واڵه‌كانی عێراق

مەترسی هەیە لە بەکارهێنانی درۆنی چەكلێبەستراو لەلایەن داعش

لە جەنگی موسڵدا وادەرکەوتووە کە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) هەتا دێ زیاتر پەنا ببات بۆ درۆنی (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) چەکلێبەستراو، ئاژانسی فرانس پرێس سێشەممە (29 تشرینی دووەم) رایگەیاند.

هەفتەی رابردوو فەرەنسا ئاگادارییەکی ناوخۆیی بۆ هێزە ئەمنیەکانی بڵاوکردەوە کە "ئەم مەترسیە دەبێت لەبەرچاوبگیرێت لە سەرانسەری وڵاتدا" و دەبێت هەموو درۆنێك وەك "پاکێجێکی گومانلێکراو" مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

یەکەمین درۆنی کوشندەی داعش لە تشرینی یەکەم تۆمارکراوە کاتێك دوو جەنگاوەری کورد کوژران و دوو سەربازی هێزە تایبەتەکانی فەرەنسا بریندار بوون.

بەرپرسی رێکخراوی توێژینەوەی کێشە سەربازیەکان، جەیمز بێڤان لە دواین راپۆرتدا دەڵێت: "بەکارهێنانی درۆن لەلایەن گروپە تیرۆرستەکان و هێزە یاخیبووەکان کێشەیەکی پەرەسەندوی جێی مەترسی نێودەوڵەتییە."

بەرپرسێکی فەرەنسی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "ئەمە مەترسیەکە کە لێیدەکۆڵینەوە، بەتایبەتی لەوانەی کە لە عێراق و سوریا دەگەڕێنەوە بە کۆڵێك ئەزمونی جەنگەوە."

جەنگاوەرە توندڕەوەکان ماوەیەکە درۆن بەکاردەهێنن بۆ ئامانجی چاودێریکردن، بەڵام لەم دواییانەدا هەوڵیانداوە کە گۆڕانکاری تێدا بکەن.

شارەزایان دەڵێن، بەراورد بە ئۆتۆمبێلی خۆکوژ و بارهەڵگری بۆمبڕێژکراو کە داعش بەکاریدەهێنێت، درۆنەکان مەترسییەکی کەمیان هەیە. بەڵام هێشتا بەڵگە هەیە کە داعش هەوڵدەدات گۆڕانگاریان تێدا بکات.

ئەندامی سەنتەری بەرەنگاربونەوەی تیرۆریزم، دۆن راسلێر، لە راپۆرتێکی تشرینی یەکەم دەڵێت: "هیچ لایەنێکی تیرۆرستی تا ئێستا توانای بەکارهێنانی سیستەی ئاسمانی بێفرۆکەوانی پیشان نەداوە بە شێوەیەکی ئاستبەرز کە زۆر کوشندە و پارێزراو بێت." بەڵام هۆشداریدا کە ئەمە دەکرێت بەم نزیکانە بگۆڕێت.

بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەم مەترسیە نوێیە، هەندێك وڵات دەستیانکردووە بە پێشخستنی سیستەمەکانی بەرگری کە بتوانن درۆنەکان دەستنیشان بکەن شوێنپێان هەڵبگرن و تێکیان بشکێنن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500