هه‌واڵه‌كانی عێراق

پێکدادان لە حەلەبی سوریا رویدا دوای هۆشداری سوپا

هێزەکانی رژێمی سوریا پێکیاندادا لەگەڵ جەنگاوەرانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوچەکانی قەراغ شاری حەلەب یەکشەممە (13 تشرینی دووم)، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە پێکدادان لە گەڕەکی کەرەم توراب و گوندی عەزیزە لە نزیك حەلەب رویدا.

پێکدادانەکە لە کاتێکدابوو کە دانیشتوانی رۆژهەڵاتی حەلەب نامەی نوسراویان بەدەستگەیشت کە هۆشداری دەداتە جەنگاوەرانی ئۆپۆزسیۆن بۆ جێهێشتنی شارەکە لە ماوەی 24 کاتژمێردا.

لە نامەکەدا هاتووە: "ئەی چەکدارەکان لە رۆژهەڵاتی حەلەب، ئێوە تەنیا 24 کاتژمێرتان هەیە بۆ بڕیاردان بۆ جێهێشتن."

هەروەها وتی: "ئەوانەی کە دەیانەوێت ژیانیان پارێزراو بێت دەبێت چەكەکانیان دابنێن و پاراستنیان گەرەنتی دەکرێت. دوای کۆتایی هاتنی ئەم ماوەیە، هێرشە ستراتیژیە پلانبۆدانراوەکە دەستپێدەکات."

رژێمی سوریا و سوپا بەردەوام نامەیان بۆ جەنگاوەرانی ئۆپۆزسیۆن و دانیشتوانی رۆژهەڵاتی حەلەب ناردووە و هۆشداریانداوە بۆ جێهێشتنی ئەو بەشە گەمارۆدراوە.

روانگەکە رایگەیاند کە ئەو موشەکانەی ئاراستەی رۆژئاوای حەلەبی ژێر دەستی رژێم کران چوار کەسیان کوشت لە گەڕەکی حەلەبی نوێ یەکشەممە لە کاتێکدا حەوت کەس بەهۆی موشەکبارانی رژێم کوژران لە گەڕەکی سەڵحینەی رۆژهەڵاتی حەلەب.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500