هه‌واڵه‌كانی عێراق

عێراق هێزی زیاتر دەنێرێت بۆ موسڵ پێش هێرشەکە

فیرقەی نۆی زرێپۆش بەرەو موسڵ بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە شەڕی ئازادکردنی شارەکە لەدەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، وەزارەتی بەرگری عێراق رۆژی چوارشەممە (12 تشرینی یەکەم) رایگەیاند.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا وتی: "یەکەکانی فیرقەی نۆی زرێپۆش نێردراون بۆ موسڵ بۆ بەشداریکردن لە ئازادکردنی شارەکە لە چنگی چەتەکانی داعش و رزگارکردنی خەڵکەکەی لە دەستی جەوروستەمی تیرۆرستان و گێڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان."

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە "ورەی سەربازەکان زۆر بەرزە." "ئەوان بەتەواوی ئامادەن بۆ بەشداریکردن لەو شەڕە یەکلایکەرەوەدا بۆ ئازادکردنی موسڵ، کە دوا پێگەی داعشە لە وڵاتەکەدا."

هەروەها رۆژی چوارشەممە، فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی ووردی ئەنجامدا کە چەند سەنگەر و بنکەی داعشیان کردە ئامانج لە باکوری موسڵ.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا رایگەیاند کە ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی داعش کوژراون و برینداربوون لە هێرشە ئاسمانیەکاندا و ئەو تونێلانەی کە خۆیان تیا قایمکردبوو وێرانکران.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500