سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی، لە پەیامێکی رادیۆیدا بۆ دانیشتوانی موسڵ رۆژی سێشەممە (4 تشرینی یەکەم) رایگەیاند کە "سەرکەوتن نزیکە" و بەڵێنیدا کە موسڵ بگرێتەوە لە دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
ئەمە یەکەم پەیامی هاوشێوە بوو لەلایەن عەبادیەوە، هەرچەندە دیارنیە ئاخۆ چەند دانیشتوی موسڵ، کە لە لە 2014 لەلایەن داعشەوە دەستی بەسەراگیرا ، گوێبیستی ئەم پەیامە بوون، چونکە جیهادیەکان هەوڵیانداوە رێگاکانی پەیوەندیکردن بەدەرەوە سنوردار بکەن.
بەپێی بڵاوکراوەیەك لە قسەکانی عەبادی کە لەلایەن ئۆفیسی خۆیەوە راگەیەنراوە، عەبادی وتی: "ئەمڕۆ ئێمە لە ئێوەوە نزیکین و ئێوەش لە ئێمەوە نزیکن و سەرکەوتن نزیکە بە یارمەتی خودا."
هەروەها وتی: "ئەمڕۆ ئێمە پێشڕەوی دەکەین و سبەی پێکەوە سەرکەوتودەبین و دواتر بەیەکەوە کاردەکەین بۆ گێڕانەوەی ژیان و خزمەتگوزاریەکان و ئارامی بۆ هەموو شار و گوندێك."
عەبادی هەروەها داوای لە دانیشتوانی موسڵ کرد کە هاوکاری هێزە پێشڕەوە ئەمنیەکانی عێراق بکەن.