هه‌واڵه‌كانی عێراق

ئەو لۆرییانه‌ی هاوکاری UN یان هەڵگرتبوو لە سنووری سوریا پەڕینەوە

بیست لۆری کە هاوکاری پێویست و بەپەلە دەگوازنەوە بۆ خۆرهەڵاتی حه‌له‌ب گەیشتنە سنوری بێلایەن لە نێوان تورکیا و سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس پێنجشەممە (15 ئەیلول) رایگه‌یاند.

سەرۆکی کاروبارە مرۆییەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ سوریا، یان ئیگڵاند، رایگەیاند کە "20 لۆرییه‌كه‌ لە سنوری تورکیا پەڕیونەتەوە و لە سنوری بێلایەنی نێوان تورکیاو سوریان."

ئیگڵاند وتی: "ئەوان لە چاوەڕوانیدان و ئەوە 48 کاتژمێرە لەسەر سنوور دەخەون تاوه‌كو هەر کە ئاگادارکرانەوە بەردەوام بن لە گەشتەکەیان." هیواشی خواست هاوکارییەکە رۆژی هەینی بگاتە خۆرهەڵاتی حه‌له‌ب.

روسیا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە هێزەکانی رژێمی سوریا دەستیانكردووه‌ بە پاشه‌كشه‌ لە دەوروبەری رێگای کاستێلۆ کە شاڕێی چونە ناو حه‌له‌بە بۆئەوەی رێگاکە بکەنەوە لەبەردەم گەیشتنی هاوکارییەکاندا.

نزیکەی 250,000 هاوڵاتی گەمارۆدراون لە لایەن هێزەکانی رژێمەوە لە خۆرهەڵاتی حه‌له‌ب کە بەدەست هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنەوەیە و هیچ هاوکاریەکیان پێنەگەشتووە لەوکاتەوەی کە هێزەکانی رژێم رێگای کاستیلۆیان گرت مانگی تەمموزی رابردوو.

نێردراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە سوریا، ستێفان دی میستورە، وتی کەی ئاسایشی رێگاکە پارێزراو بێت، خاڵی پشکنینی نوێ دادەنرێت بۆ رێگەدان بە "کەژاوەی نەتەوەیەکگرتوەکان بەبێ بەربەست."

ئیگڵاند وتی کە گەشبینە لەبارەی بەخێرایی چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم گەیشتنی هاوکارییەکە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500