هه‌واڵه‌كانی عێراق

عێراق زیاتر لە 500 گومانلێکراوی داعش دەستگیردەکات کە لەگەڵ مەدەنیەکان هەڵهاتوون

هێزەکانی عێراق زیاتر لە 500 گومانلێکراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)یان دەستگیرکردووە کە هەوڵیانداوە لە شاری فەلوجە دەربازببن بە خۆ تێکەڵکردنیان لەگەڵ مەدەنیە هەڵهاتووەکان.

فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار، هادی رزەییج، وتی: "546 تێرۆریستی گومانلێکراومان دەستگیرکردووە کە لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا هەڵهاتوون بە سودوەرگرتن لە جوڵەی خێزانە ئاوارەکان."

وتی: "زۆربەیان ناسنامەی ساختەیان بەکارهێناوە."

کاتێك مەدەنیەکان دەگەنە لای هێزەکانی حکومەت، کوڕانی هەرزەکار و پیاوانی باڵغ بەجیا دەپشکنرێن. هەندێکیان پاش چەند کاتژمێرێك رێگایان پێدەدرێت بڕۆن و هەندێکیشیان لێپرسینەوەی چڕوپڕیان لەگەڵ دەکرێت.

تا هەفتەی پێشووش نزیکەی 50,000 مەدەنی لە ناوەندی شارەکەدا گیریان خواردبوو، کە یەکێکە لە دواهەمین قەڵاکانی داعش لە عێراق.

سوپای عێراق دوو رێچکەی سەلامەتی لە رۆژئاوا و باکوری شارەکە کردەوە و رێگای بە هەزاران مەدەنی دا تا لە دەسەڵاتی داعش هەڵبێن و خۆیان بگەیەننە کەمپی ئاوارەکانی ژێر دەستی حکومەت.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری، عەمید یەحیا رەسوڵ، بە مەوتینی وتی: "یەکەم رێچکەی سەلامەت لە رۆژئاوای شارەکە بوو، پاش پاکردنەوەی لە دەیان مینی چێنراو کە پێشتر رێگایان لە خێزانەکان گرتبوو هەڵبێن."

ئەم وتەبێژە وتی: "رێچکەیەکی سەلامەتی تر رۆژی یەکشەممە کرایەوە لە حەلابسە، باکوری ژۆرئاوای فەلوجە، کە بەناو رەزێکی خورمادا تێدەپەڕێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500