هه‌واڵه‌كانی عێراق

هاوپەیمانان تەقەمەنی بۆ ئۆپۆزسیۆنی دژی داعش لە سوریا بەردەدەنەوە

فڕۆکەکانی هاوپەیمانان تەقەمەنییان بۆ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کە شەڕی دژی "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش) دەکەن لە باکوری حەلەب بەردایەوە، وەك هەوڵێك بۆ رێگرتن لە دەستبەسەراگرتنی شارۆچکەی مارع لەلایەن توندڕەوەکانەوە، وەك ئاژانسی فرانس پرێس (3 حوزەیران) وتی.

بەڕێوەبەری روانگەی مافی مرۆڤی سوریا رامی عەبدولڕەحمان وتی، "لە 24 کاتژمێری رابردوودا فڕۆکەکانی هاوپەیمانان تەقەمەنیی، چەکی سوك و دژە تانکیان بۆ یاخییبووەکان لە مارع بەردایەوە."

وتی ئەمە یەکەمین جارە هاوپەیمانان کارێکی وەها بۆ چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی غەیرە کوردی ئەنجامبدەن، هەرچەندە بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی نکۆڵیی لەمە کرد.

لەکاتێکدا ئەو بەرپرسە فڕیدانی تەقەمەنیەکانی پشتڕاستکردەوە، بەڵام وتی چەکی سوك و دژە تانکیان لەخۆ نەگرتووە.

کۆتایی مانگی رابردوو چەکدارانی داعش بە ناوچەکانی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەبدا تەنینەوە، رێگەی سەرەکیی نێوان مارع و عەزازیان بڕی.

پێشڕەویی داعش بە هەزارانی ناچارکرد هەڵبێن بەرەو سنوری باکور نزیك بە تورکیا.

نەتەوەیەکگرتووەکان وتی، "زۆر نیگەرانە لە چارەنووسی نزیکەی 8,000 سوری کە بەهۆی جەنگەوە نزیك بە شارۆچکەکانی مارع و عەزاز گیریان خواردووە."

وتیشی ژمارەیەکی نەزانراو لە خەڵك بەهۆی جەنگ و داخستنی رێگەی سەرەکی نێوان مارع و عەزازەوە ناتوانن هەڵبێن.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500