عەبدولعەزیز حەسەن نەیویست لە کەمپێکی قەرەباڵغدا بژی دوای ئەوەی لە شەڕەکەی باکوری خۆرئاوای سوریا هەڵهات، هەربۆیەش خێزانەکەی خێوەتێکیان هەڵداوە لە نزیک شوێنهواری پەرستگایەکی رۆمانی.
خۆی و ژن و سێ منداڵەکەی لەنێو ئەو نزیکەی یەک ملیۆن سوریەدان کە لە زستانی رابردوودا ماڵەکانیان بەجێهێشتووە لە کاتی هێرشێکدا کە روسیا پشتیوانیدەکرد بۆسەر دواهەمین ناوچەی ژێردەسەلاتی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلیب.
لە باقرحا ،کە لە لیستی یونێسکۆدایە و دەکەوێتە نزیک سنووری تورکیا، ئێستا دەیان خێزانی سوری کە بەهۆی شەڕەوە هەڵهاتوون لە نێو شوێنهواره دێرینهكانی رۆمانی و بێزهنتیدا نیشتهجێبوون کە تەمەنیان چەندین سەدە دەبێت.
حەسەن و خێزانەکەی خێوەتێکی شێوە تونێلیان ههڵداوه لە نێوان سێ دیواری رزگاربووی پەرستگایەکی سهدهی دووهمی خواوهندی یۆنانی زیۆس، له شوێنێکدا کە چهندین ستوون و پایەی شكاوی تێدا بڵاوبۆتهوه.
لە پشتی خێوەتەکەیانەوە، جلە شۆراوەکانیان بە پەتێکەوە لەنێوان دیوارە دیرۆکیەکاندا هەڵواسراون. چەند سۆلار پانێڵێک كه نوقمی خۆرهتاو بوون، لهسهر بهرده دێرینهكان جێگیركراون کە تەمەنیان چەندین سەدەیە، لە نزیک کترییەکی رەشبوو لەسەر ئاگردانێکی دار.
حەسەن وتی شوێنەکە زۆر بژاردەیەکی باشتره بۆ ژیانکردن بە بەراورد بە شوێنێک کە چەندین کەمپی نافەرمیی ئاوارەکانی لێیە و بە درێژایی سنوورەکە درێژبوونەوەتەوە، بەتایبەتی لە کاتی ئەم پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایەدا.
پیاوێکی تەمەن مامناوەند بە ریشێکی ماشوبرنجییەوە وتی: "ئەم شوێنەم بۆیە هەڵبژارد چونکە ئارامی بە مێشک دەبەخشێت، دوور لەو شوێنە قەرەباڵغانە و ئەوانەش کە پڕن لە نەخۆشی."
مار و دووپشک
سوریا پڕە لە شوێنەواری دێرین، لە پەرستگا رۆمانیەكان و قەڵاکانی خاچپەرستانهوه بیگرە بۆ کاروانسەراکانی سەردەمی عوسمانی.
زۆربەیان وێرانکراون، بۆردومانکراون یان دزراون لە ماوەی ئەو شەڕە نۆ ساڵییەدا کە بۆتە هۆی کوشتنی 380,000 کەس و ئاوارەکردنی ملیۆنانی دیکە.
لیژنەی کەلتوریی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت کە باکوری خۆرئاوای سوریا شوێنی 40 گوندی سەدەی یەک تا سەدەی حەوته کە خراونەتە نێو لیستی یونێسکۆ و زانیاری دەبەخشن سەبارەت بە "ژیانی گوندەکان لە كۆتاییهكانی سهده دێرینهكان و لە سەردەمی بێزهنتیهكاندا".
راشیدهگەیهنێت کە ئهو شوێنانه، كه خاڵ خاڵن به پاشماوه دێرینهكانی پەرستگا و کڵێساکان، "گواستنهوه لە قۆناغی دونیای بتپەرستیی کۆنەوە بۆ قۆناغی ئیمپراتۆرایەتی رۆمانی و مەسیحیەتی بێزهنتیهكان" دهردهخهن.
مێژوونوسان دەڵێن زیۆس بامۆس لە باقرحا دوو هەزارە پێش ئێستا دروستکراوە، لە ناوچەیەکی فراوانتر کە دواتر گهشهی كرد لە بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتووندا.
سەرۆکی دهسهڵاتی شوێنهوارهكان، مەئمون عەبدولکەریم وتی باقرحا ناوازه بوو له مانەوەی بیناکانیدا، بەو دوو کڵێسایەشەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەش.
بەڵام سەرباری هەموو ئەو تەلارسازییە گەورەیە، حەسەن ددانینا بەوەدا كه هەندێك ناههمواری هەن لەڕووی ژیانکردنەوە، لەوانەش بڕینی رێگەیەکی دوور بەپێ بۆ قوتابخانە لەلایەن منداڵەکانیەوە.
وتی ناوچەکە پڕە لە ماری ژەهراوی و مێروو.
وتیشی: "دوو رۆژ پێش ئێستا، لە نزیک خێوەتە کراوەکان، مارێکم کوشت. هەموو رۆژێکیش دەبێت دووپشکێک بکوژین."
"بەڵام تا ئێستا هیچ شوێنێکی باشترمان لێرە نەدۆزیوەتەوە."
'دەتوانین بۆ کوێی تر بچین؟'
ژنبراکەی حەسەن، ساڵح جەعور لەگەڵ منداڵەکانی کە ژمارەیان زیاد لە دە منداڵ دەبێت، شوێنهواری باقرحایان کردووە بە ماڵێکی نوێ بۆخۆیان، دوای ئەوەی لە زستانی رابردوودا بەهۆی بۆردوومانەکەوە هەڵهاتن کە بووە هۆی کوژرانی ژنهكی و کوڕێکی.
وتیشی: "ئەم شوێنە دوورە لە قەرەباڵغی و ژاوەژاو" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە ئەویش سەری سووڕمابوو لە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ژمارەیەک کەمپی ئاوا بچووک و داخراودا دەژین.
هەردوو خێزانی حەسەن و جەعور ماڵەکانیان لە باشور بەجێهێشتووە لەمیانەی هێرشێکدا بە سەرپەرشتی رژێم لە نێوان کانونی یەکەمی ساڵی رابردوودا و مانگی ئازاری ئهمساڵ لە پارێزگای ئیدلیب، کە هاوپەیمانی تووندڕەوی تەحریر شام تێیدا باڵادەستە.
سەرباری ئاگربەستێکی نێوان تورکیا و روسیای هاوپەیمانی رژێمی سوریا لە ئازاردا، کەمتر لە چارەکێکی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە و تۆپباران بەردەوامە بۆ بەئامانجکردنی شاری ئیدلیب و شارۆچکەکانی دەوروبەری.
چوار منداڵ لهنێو حەوت مەدەنیدا بوون کە لە 4 تشرینی دووەم کوژران، لە بۆردومانەکانی رژێمی سوریادا بۆ سەر ئیدلیب.
بەرپرسانی ناوخۆ داوایان لەو خێزانانە کردووە كه لە شوێنەواری باقرحا دەژین، شوێنەکە بەجێبهێڵن، بەڵام ئهوان رەتیانکردۆتەوە تا شوێنێکی دیکەیان بۆ دابیننەکەن.
جەعور، کە دوودڵە دیسانەوە ماڵ باربکات و خێزانەکەی بگوێزێتەوە لە دەستپێکی وەرزی زستاندا، وتی: "ئێمە بەم شوێنە راهاتووین."
"دەتوانین بۆ کوێی تر بچین؟"