شتومەك و کاڵا گرنگهكان لە خوێندنگە و بینا حکومیەکانی خۆرئاوای ئەنبار تاڵانکراون، بەجۆرێك بەرپرسانی ناوچەکە پەنجەی تۆمەت بۆ میلیشیاکانی سەربە ئێران رادەکێشن کە لەو ناوچەیەی سەر سنووری عێراق-سوریا چالاكن.
بەرپرسانی ناوچەکە بە دیارونایان وت زنجیرەیەك تاڵانی بەمدواییانە دەزگا حکومیەکان و بیناکانی خوێندنگەیان کردۆتە ئامانج کە نۆژەنکرانەتهوە وەك بەشێك لە دەستپێشخەری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پشتیوانیکردنی خوێندن لە شارەکانی خۆرئاوای ئەنبار.
وتیان هەڵمەتەکان لەلایەن چەکدارانی میلیشیاوە ئەنجامدروان کە لە کەنارەکانی قائیم و روممانە و حوسەیبە جێگیرن.
کورسیهكانی نێو پۆل، شمەکی خوێندنی زانستی و کۆمپیوتەر لە شەش خوێندنگەی بنەڕەتی و ناوەندی دزراون، لەگەڵ ئاوساردکەرەوە، گڵۆپ و مۆلیده.
هەموو شمەکە دزراوەکان لە خوێندنگەکان لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە دابینکرابوون بۆ پشتیوانیکردنی خوێندن لە ناوچە رزگارکراوەکان لهدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
دزەکان ههروهها بەڕێوبەرێتی ئاوی حوسەیبە و ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی بەبیابانبوون و ناوەندە کلتوریەکانیان لە قائیم و حوسەیبە كردۆته ئامانج.
لە شارۆچکەی روممانە، راخەر و شمەکی دیکە لە سێ نوسینگەی حکومی دزروان.
'تاڵانكردن بە رۆژی رووناك'
بەگوێرەی بەرپرسێك لە نوسینگەی قایمقامی قەزای قائیم کە داوایکرد ناوی نەبرێت، کەتائیب حیزبوڵڵا، حەرەکهت نوجەبا و میلیشیای تەفوف تێوەگلاون لە تاڵانکارییەکە "کە ئێستاکە بە رۆژی رووناکیش روودەدات".
بە دیارونای وت پیاوانی میلیشیا دەست بەسەر کاڵا حکومیەکاندا دەگرن و دەیانگوێزنەوە بۆ بنکەکانیان تا خۆیان بەکاریانبهێنن، "دەترسین لەوەی هەندێك لەمانە بۆ سوریاش بگوێزرێنەوە".
وتی: "خوێندکارانی خوێندنگەی ئامادەیی عەدل [کورسییان] دهستناكهوێت چونکە هەمووشتێك لە خوێندنگەکەیان تاڵانکراوە و بە لۆری گەورەی میلیشیاکان براونەتە دەرەوە."
وتی پەمپێکی ئاو، ساردکەرەوەیەکی ئاو و گڵۆپەکانی سەر شەقامیش دزراون.
وتی بەمدواییانە، پیاوانی میلیشیا هەڵیانکوتایە سەر بینایەکی شارەوانی کە ئامرازی هەڵکۆڵین و تەنکیەکی ئهمباركردنی سوتەمەنی لێبوو، هەموو ئەمانەشیان دزی.
پەرلەمانتارێكی عێراقی، حامید موتڵەگ وتی چەندین سکاڵا کراوە لە ناوچەکانی خۆرئاوای ئەنبار دژی دزی و لادان کە لەلایەن میلیشیا یاخیەکانەوە ئەنجامدەدرێن.
لەنێو ئەمانەدا دزینی چەندین رشێنەری کشتیاری هەن کە حکومەت بۆ جوتیارانی دابینکردووە بۆ رێکخستنی بەکارهێنانی ئاو و سکاڵا بەرزکراوەتەوە لەلایەن بازرگانان، خاوەن کێڵگەکان، گرێبەستکاران و وەبەرهێنهرانهوه کە باجیان لەسەرە.
موتڵەگ پەنجەی تۆمەتی بۆ میلیشیاکانی سەربە ئێرانیش راکێشا کە لەم ناوچانە چالاكن.
به قاچاخبردن بۆ سوریا
شێخ ناسر عیساوی کە خەڵکی روتبەی خۆرئاوای ئەنبارە بەڵام ئێستا لە ئەردەن نیشتەجێیە، بە دیارونای وت پیاوانی میلیشیا لە تاڵانکاریی بەرنامە بۆ داڕێژراوەوە تێوەگلاون.
وتی ئەو شمەکانەی دەیاندزن دەیانبەن بۆ سوریا، کە لەوێ بەو لایەنانەی دەفرۆشنهوه کە هاوپەیمانی رژێمەکەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریان.
وتی کردەکانی دزی و قاچاخچێتی لەئێستادا دەرمان و كهلوپهلی تاقیگە و مۆلیده و بەشەکانی ئۆتۆمۆبیل وەك ماتۆڕ، وایەری کارەبایی دەرهاتوو لە شەقامەکان لهخۆدهگرن، لەگەڵ گازوایل و نەوتی سپی.
وتیشی ئەم شمەکانە دەبرێنە سوریا، کە لەوێ بوونیان کەمە.
عیساوی وتی هەندێك لە میلیشیاکان پشت دەبەستن بە کردەكانی قاچاخچێتی و دزیكردن بۆ پشتیوانی دارایی چالاکیەکانیان لە عێراق و ئاماژەیکرد بەوەی میلیشیا عێراقیەکان تێوەگلاون لە کردەکانی قاچاخچێتی مادده هۆشبهرهكانی حیزبوڵڵای لوبنانی.
پسپۆڕێكی ئهمنیی عێراقی، فوئاد عەلی بە دیارونای وت دزینی موڵکی گشتی لەلایەن میلیشیاکانی سەربە ئێرانەوە چیتر بۆ ناوچەیەکی تایبەت سنووردار نییە، "چونکە مافی چوونە ناو هەر شوێنێك بەخۆیان دەدەن و هەرشتێکیان بوێت دەیبەن".
وتی: "بەداخەوە ئەمە بەئامانجکردنی شوان و جوتیارانیشی تێدایە."
وتی کەتائیب حیزبوڵلا، حەرەکهت نوجەبا، خوراسانی، تەفوف، سەید شوهەدا و بودەلا لەسەر سنووری عێراق-سوریا جێگیرن و لەنێوان هەردوو وڵاتدا هاتوچۆدەکەن.
عەلی وتی: "لە بەغدا، میلیشیاکان موشەکی کاتیوشا دەهاوێژن، چالاکوانان دەڕفێنن و دەیانکوژن و لە ئەنباریش كهلوپهل و مۆلیدهی خوێندنگەکان دەدزن."
وتیشی هەموو ئەم دوژمنكارییانه بریتین له "دزینی ئاشتی و ئاسایش له عێراقیهكان، بە فەرمانی ئێران".