پۆلیسی فەرەنسا سێشەممە (29 ئەیلول) 29 کەسی دەستگیرکرد لە ئۆپەراسیۆنێکی هەڵکوتانەسەردا کە تۆڕێکی پشتیوانی دارایی تیرۆریزمی کردە ئامانج بۆ تووندڕەوان لە سوریا، داواکارانی گشتی وتیان.
نوسینگەی داواکاری گشتیی دژە تیرۆریزم رایگەیاند كه تۆڕەکە، کە لە 2019وە چالاکە، زیاتر لەڕێی کڕینی كۆپۆنی دراوی دیجیتاڵییەوە کاردەکات کە سەرچاوەکانیان تووندڕەوانی سوریا بوون و دواتر خرابوونە سەر حسابەکانی بیتکۆین.
نوسینگەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه ئەمە ئاماژەیەکە بە وازهێنان له شێوازهكانی پێشتر بۆ گواستنەوەی پارە کە دەزگاکانی پشتیوانی دارایی و شۆردنەوەی پارەی دژە تیرۆریزمی فەرەنسا دەستنیشانیان کردبوون، کە زیاتر پارەی کاشیان لەخۆدەگرت.
راشیگەیاند: "چاودێری بەردەوامی ئەم تۆڕانە وایکرد رێکخراوە تیرۆریستیەکان هەوڵی خۆشاردنەوەی زیاتر بدەن بە بەکارهێنانی دراوە دیجیتاڵیەکانی وەك بیتکۆین."
داواکاران وتیان دوو تووندڕەوی فەرەنسی، بەناوەکانی مێسوت ئێس و وەلید ئێف، هەردووکیان 25 ساڵ، پێدهچێت دروستکەری ئەم تۆڕە بن، کە لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریاوە کاریانكردووه.
گوماندهكرێت ئەندامی هاوپەیمانی تووندڕەوی تەحریر شام بن.
لە 2016 هەردووکیان سزای 10 ساڵ زیندانیان بە نائامادەیی بەسەردا سهپێنرا و فەرمانێکی نێودەوڵەتیی دەستگیرکردن لەدژیان هەیە.
ئەوانەی کاریان لەگەڵ دەکردن دهستگیركران دوای کڕینی بایی 10 بۆ 150 یۆرۆ (12 بۆ 176 دۆلار) كۆپۆن له چهندین كات و شوێنی جیاوازد لە چەند مانگی رابردوودا له فەرەنسا.
كۆپۆنهكان لەو دوکانانه ههن كه مۆڵهتی فرۆشتنی جگهرهیان ههیه و به تاباکس ناسراون، کە نزیکەی 24,000 دانە لە فەرەنسا ههیه و خزمەتگوزاری پارەدانی هەمەجۆریش پێشكهشدهكهن، بەبێ ئەوەی داوای ناسنامە بکەن.