لە دوو مانگی رابردوودا، هێزەکانی پێشمەرگە بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێرشی هاوبەشەیان ئەنجامداوە بۆسەر پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە لە چیاکانی باکوری عێراق خۆیان حەشارداوە.
هێرشە نهێنییهکان بوونەهۆی کوشتنی لانیکەم 100 پاشماوەی داعش و بۆردومانکردنی 34 حەشارگەی داعش لە زنجیرە چیاکانی مەخمور، باشوری پارێزگای هەولێر.
هێزە کوردییەکان لەلایەن یەکە تایبەتەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە سەرپەرشتیکران لە هێرشکردنە سەر ئەو تۆڕی تونێل و ئەشکەوتانەی تووندەڕەوەکان بەکاریاندەهێنن بۆ خۆحەشاردان.
سکرتێری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، فەریق جەبار یاوەر بە دیارونای وت هێزە هاوبەشەکان "پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە لە دەستگیرکردنی تیرۆریستاندا لە زنجیرە چیای قەرەچوغ (خۆرئاوای نەینەوا) و ناوچەی کوەیر له مەخمور (باشوری خۆرهەڵاتی موسڵ) و له قهراج".
وتی ئۆپەراسیۆنەکان تەواوی ئەو ناوچانە دهگرنهوه کە دەکەونە سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمە کوردییەکە و پارێزگاکانی دراوسێی.
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان داعش لاوازدهكهن
یاوەر وتی: "لە کۆتاییەکانی 2017، تیرۆریستەکان جێپێیهكیان لەو ناوچە سنووریانە بەدەستهێنا کە کەلێنی ئەمنییان تێدابوو، وەک شوێنی ئەنجامدانی تۆپباران و هێرشەکانیان لە دژی شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەر بەکاریاندههێنان."
وتی هێرشی نیشانگر و بۆردومانیان ئەنجامدهدا، جوتیارەکانیان دهڕفاند و هەڕەشەیان لە سووتاندنی دانەوێڵەکانیان دهکرد ئەگەر سەرانەیان نهدایه.
وتیشی: "ئێستا چاومان لە بنبڕکردنی تەواوی چالاکییە تیرۆریستیەکانە بەیارمەتی هاوپەیمانان و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیدا."
یاوەر وتی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە دوو گەڕی نوێی گفتوگۆیان لە مانگی رابردوودا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری عێراق ئەنجامدا.
وتی: "گفتوگۆمان دەربارەی دانانی میکانیزمێک کرد بۆ هەماهەنگی دوولایەنەی سەربازی و ئەمنی، ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کە ئامانجیانە ئەو بۆشاییە ئەمنییە لەو ناوچانە پڕبکەنەوە کە کەلێنی ئەمنییان تێدایە."
وتیشی: "پێکەوە کاردەکەین بۆ دانانی پلانێک بۆ دڵنیابوونەوە لە کردەیەکی دوولایەنەی هەماهەنگیکراو بۆ لەناوبردنی تیرۆریزم."
ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە هێزەکانی پێشمەرگە پشتیوانییان كرد له (قۆناغی چوارەمی) هەڵمەتی سەربازی "پاڵەوانانی عێراق" لهلایهن سوپای عێراقهوه لە پارێزگای دیالە، بە خستنهگهڕی یەکەکانیان لە بەرەکانی پێشەوە بۆ رێگریکردن لە ههڵهاتنی چەکدارەکان.
داواکاری بۆ بەردەوامبوونی هاریكاری
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری، ناسر هەرکی، وتی داعش دووچاری زەبری قورس بۆتەوە کە بۆتههۆی لاوازکردنی چالاکی و تواناکانی.
چەکدارەکانی داعش هێشتا ئامادەییان هەیە، بەڵام بە ژمارەیەکی کەمترەوە.
وتی لە ئێستادا سەرنجیان لەسەر ئەو ناوچانەیە کە دەکەونە نێوان پارێزگاکانی دیالە و کەرکوک و سەڵاحەدین، هەروەها ناوچەکانی خانەقین، قەرەچوغ، سنووری نێوان عێراق-سوریا و ناوچە هەستیارەکانی دەوروبەری پایتەخت، کە بە پشتێنەی بەغدا ناسراوە.
هەرکی وتی لەناوبردنی ئەو چەکدارانە "پێویستی بە هەڵمەتی گەڕان و پشکنین و هەڵکوتانەسەری زیاترە بۆ پڕکردنەوەی تەواوی کەلێنە ئەمنییەکان" و داوای بەردەوامبوونی هاریكاری و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە بەرفراوانەکانی کرد لەنێوان سوپا و پێشمەرگەدا.
شارەزایهكی بواری ئەمنی، سەفا ئهعسهم، پشتڕاستیكردهوه كه هەنگاوی ئەرێنیانە لەلایهن هەردوولاوە گیراونەتەبەر و لە داهاتووشدا "ئۆپەراسیۆنی دوولایەنەی زیاتریش" بهخۆوه دەبینێت.
بە دیارونای وت هێزەکانی پێشمەرگە هاوبەشێکی سەرەکی بوون لە هەوڵەکانی لەناوبردنی داعشدا، بەهەمانشێوە هاوپەیمانی نێودهوڵهتیش.
ئهعسهم وتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگەیان کردووە بە پێدانی هەواڵگری به وێنەی ئاسمانیی پێشکەوتوو، ئەنجامدانی چاودێری سەربازی لەڕێی درۆنەوە و ههروهها به هێرشی لەناکاو و دەسوەردانی سەربازی.