http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2019/01/17/feature-01

ئاساییش |

عێراق و پێشمەرگە هاوکاری سەربازی پتەودەکەن

خالید تائی

Di icons tw 35 Di icons fb 35

فەرماندە سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگری عێراق و پێشمەرگە شرۆڤەی پتەوکردنی هاوکارییەکانیان دەکەن له‌ 26 کانونی یەکەمی 2018. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزە عێراقی و کوردییەکان کە بەدرێژایی شەڕی دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) پێکەوە کاریانکرد، ئێستا هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە کاری زیاتری هاوبەش بکەن بۆ راوەدوونانی دوا پاشماوەکانی گروپەکە.

دوای ئەوەی داعش ده‌ستیگرت به‌سه‌ر ناوچەیەکی زۆردا لە عێراق لە هاوینی 2014، ئەو هێزانە شانبەشانی یەکدی شەڕیانکرد لە گۆڕەپانەکانی شه‌ڕدا بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچانە لە گروپەکە.

ئەو هەوڵە هاوبەشە دواتر کەمیکرد بەهۆی گرژی سیاسی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌وه‌ دوای ئەوەی کوردەکانی باکوری عێراق لە ریفراندۆمی 2017 دەنگیاندا بە سەربەخۆیی.

ئەندامانی هێزە تایبەتە کوردییەکان چەکدارانی داعش دەستگیردەکەن له‌ 8 کانونی یەکەم لە پارێزگای سلێمانی بە پشتیوانی هێزەکانی عێراق. [خاوەنی وێنە: پیوکەی میدیا]

هەردوولا جەختدەکەنەوە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان و دەڵێن داعش سوودی وەرگرتووە لەو گرژییانە بۆ زیادکردنی چالاکیەکانی لە سنووری ئیداری هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراقدا.

سکرتێری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، جەبار یاوەر بە دیارونای وت كه‌ رێکەوتنێکی تەواوی نێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە هێشتا چاوه‌ڕوانی ئیمزاكردنه‌.

وتی: "بەڵام پەیوەندی و لێکتێگەیشتنی دوولایەنە و کۆبوونەوە و سەردان لەنێوان بەرپرسانی هەردوو وەزارەتەکەدا هەیه‌."

وتیشی ئەم هەوڵانە رێگایان خۆشکردووە بۆ تاوتوێکردنی چۆنێتی کاری هاوبەش بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش و چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکان.

هاوکاری دوولایەنە

یاوەر وتی: "بەرلە هاتنی داعش، ناوه‌ندێكی هاوکاری هاوبەشمان هەبوو لەگەڵ دەورییە و بازگەی ئەمنی کە لەلایەن هێزە هاوبەشەکانی هەردوولاوه‌ بەڕێوەدەبران."

وتی پێنج بازگە لە دیالە هەبوون و شەش بازگەش لە کەرکوك و 13 لە نەینەوا.

یاوەر وتی: "بەیەکەوە ئەمنییەتی دەروازەكانی هاتوچۆی شارەکان و گەڕەکەکانمان دەپاراست و یەکترمان دەبینی و زانیاریمان ئاڵوگۆڕدەکرد لەسەر هەر جموجۆڵێکی تیرۆریستان."

وتیشی: "سەرکەوتین لە هێنانەئارای کەشێکی ئەمین و ئارام بۆ دانیشتووانە مەدەنییەکە."

وتی دوای ئەوەی داعش موسڵ و شارەکانی دیکەی داگیرکرد، پێشمەرگە و سوپای عێراق بەیەکەوە شه‌ڕیانكرد بۆ رزگارکردنی شارەکان لە کۆنترۆڵی گروپەکە.

یاوەر وتی: "دەستوبردمان کردووە لە کارەکانماندا بۆ هێنانەکایەی قۆناغێکی نوێ بۆ کاری دوولایەنە."

وتیشی: "ئەوەی گرنگە ئەوەیە [هەردوولا] کۆکن لەسەر ئەوەی کاری هاوبەش دەبێت رووبدات، بۆئەوەی هەڕەشەی تیرۆریستی نەهێڵرێت و هەموو ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان."

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ئێستا نزیکەی یەك ملیۆن ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی عێراق لە هەرێمی کوردستانن.

خواستی پێکەوەکارکردن

یاوەر وتی: "لە بەرژەوەندی ئێمەیە هەوڵە ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکان زیادبکەین چونکە تیرۆریزم مەرترسییە بۆسەر هەمووان."

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی بە دیارونای وت زنجیریەك کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق ئەنجامدراون "بۆ دووپاتکردنەوەی خواستی کارکردن پێکەوە".

وتی: "لیژنەکانی هاوئاهەنگی کارەکانیان باش چۆتە پێشەوە و ئەنجامی باشیان هەبووە لەسەر ئەنجامدانی چالاکییە ئەمنی و سەربازییەکان و چالاککردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان."

بەرپرسانی هەردوولا لە 26 کانونی یەکەمی 2018 لە بەغدا کۆبوونەوە.

بەگوێره‌ی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری عێراق، هەردوولا کۆکبوون لەسەر "کارکردن بە رۆحی یەکدەستەیی و دۆزینەوەی خاڵە سەرەکییەکان بۆ خۆڕاگرتن پێکەوە و رێگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان".

خەفاجی وتی هەردوولا "هەردەم پێکەوە کاریانکردووە و توانیویانە ئاڵوگۆڕی هەواڵگری بکەن و بەرپرسە باڵاکان و تۆڕە گەورەکانی داعش لەناوبەرن و رێگریبکەن لە روودانی چەندین هێرشی تیرۆریستی".

'هەردوولا پێویستیان بە یەکترە'

هێزە کوردییەکان 8 کانونی یەکەمی 2018 دەستگیرکردنی شەش ئەندامی تۆڕێکی داعشیان راگەیاند کە پلانیان هەبوو هێرشی خۆکوژی ئەنجامبدەن لە پارێزگای سلێمانی، ئەوەش ئەنجامی ئاڵوگۆڕی هەواڵگری بوو لەنێوان هێزە عێراقی و کوردییەکاندا.

خەفاجی وتی پێشمەرگە رۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا و وتیشی "گرنگە بەردەوامبین لە کاری هاوبەش و ئاڵوگۆڕکردنی پلان و زانیارییەکان و بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی هاوبەشدا".

شرۆڤەکاری ئەمنی، فازڵ ئەبورەغیف بە دیارونای وت هەر کارێكی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هێزەکانی پێشمەرگە "بێدوودڵی هەنگاوێکی ئەرێنییە چونکە هەردوولا پێویستیان بەیەکترە".

وتی: "داعش هێشتا سەرچاوەی مەترسییە، چونکە هەندێك ئەندامی هەر دەمینێت ئەگەر گروپەکە بەتەواوەتیش لەڕووی سەربازییەوە تێکبشکێت."

وتیشی هێزە کوردی و عێراقییەکان دەبێت بره‌وبده‌ن به‌ کاری هاوبەش بۆ دۆزینەوەی شانە نوستووەکان و حەشارگەکانی گروپەکە لەناوبەرن لە هەرێمە شاخاوییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاكانی دراوسێیدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
119
29
Di icons no

2 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین Captcha
Comment bubble | 2019-02-10

عێراق و پێشمه‌رگه‌!!! ئه‌وه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌كه‌ بۆ پارچه‌پارچه‌كردنی عێراق له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌مریكیه‌كان و مۆسادی ئیسرائیلدا.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌
Comment bubble | 2019-01-28

حكومه‌تی عێراق نابێت له‌وه‌ ده‌به‌نگتر بێت و ته‌نها له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی پاڤڵ تاڵه‌بانی هاوكاری بكات. زۆر ده‌به‌نگانه‌ و نابه‌رپرسیارانه‌ ده‌بێت هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی بارزانی بكه‌ن، چونكه‌ بارزانی شه‌ریك بوو له‌ هێنانی رێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش). ئه‌و هه‌روه‌ها له‌پشت رێفه‌راندۆمه‌وه‌ بوو. گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێستای و هه‌وڵی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا به‌مه‌به‌ستی پلانێكی نوێیه‌ بۆ كونترۆڵكردنی به‌شێكی گه‌وره‌تر له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق. حكومه‌تی عێراق نابێت ئه‌وه‌ی له‌بیربچێته‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی بارزانی ته‌حه‌دای حكومه‌تی فیدراڵیان كرد له‌ 2013 و ناوچه‌ی ره‌بیعه‌یان راده‌ستی هێزه‌كانی عێراق نه‌كرد.

هه‌ر رێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ كورد ده‌بێت ئه‌وه‌ بسه‌پێنێت كه‌ حكومه‌تی فیدراڵی ئیداره‌ی فیشخاپور، دۆڵی نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، مه‌خمور، سه‌عدیه‌ و جه‌له‌ولا بكات، هه‌روه‌ها خاڵه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم راده‌ستی حكومه‌ت بكرێنه‌وه‌، وه‌ك هه‌موو ناوچه‌كانی تری عێراق و ده‌بێت پاسه‌وانانی سنووری عێراقی بنێردرێنه‌ باكوریش. به‌هه‌رحاڵ، حكومه‌ت فاشله‌ و ره‌چاوی خواست و ویستی خه‌ڵك ناكات.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌