هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

راکێشانی ئۆزبەکیەکان بۆ نێو گروپە تووندڕەوەکان رەنگە له‌ 'دوا رۆژەکانی'دا بێت

ماکسیم یەنیسه‌یه‌ڤ

ئەبو سالۆح و پشتیوانانی لە ئیدلیبی سوریا نیشاندراون، لە ڤیدیۆیەکدا کە لە کەناڵی تەلەگرامی ئەبو سالۆح بڵاوکرایەوە لە 7 تەمموز. رێکخراوێکی چەکداری رکابەر لە ناوەندی حوزەیراندا ئەبو سالۆحی لە سوریا دەستگیرکرد. [فایل]

ئەبو سالۆح و پشتیوانانی لە ئیدلیبی سوریا نیشاندراون، لە ڤیدیۆیەکدا کە لە کەناڵی تەلەگرامی ئەبو سالۆح بڵاوکرایەوە لە 7 تەمموز. رێکخراوێکی چەکداری رکابەر لە ناوەندی حوزەیراندا ئەبو سالۆحی لە سوریا دەستگیرکرد. [فایل]

میدیای نێوخۆ و شیکاروانانی ئه‌منی دەڵێن دەستگیرکردنی دەیان ئەندامی گومانلێکراو لەم چەند مانگەی دواییدا کە دەوترێت پەیوەندییان هەبووە بە گروپە تووندڕەوەکانی سوریاوە، زەبرێکی کوشندەی داوە لە هەوڵەکانی راکێشانی خەڵك لە ئۆزبەکستانەوە.

ئۆزبەکستان نیوز لە 2 تەمموز رایگەیاند: "رۆژی رەشی 'کار'ی ئەو راکێشەرانە هاتووە کە لاوانی ئۆزبەک زمان رادەکێشن بۆ نێو رێکخراوە تیرۆریستیە نێودەوڵەتیەکان کە لە سوریان."

کەتیبه‌ت تەوحید و جیهاد یەکێکە لە گروپە سەرەکیە تیرۆریستیەکان کە کەوتۆتە ژێر فشاری ئۆزبەکستان. بەشێوەیەکی تووند پشت دەبەستێت بە راکێشانی هاوڵاتیان لە ئۆزبەکستان و کیرگیزستانه‌وه‌.

هەروەها ناسراوه‌ بە ناوە ئۆزبەکیەکەی، تەوحید وه‌ جیهاد کەتیبەسی.

پۆلیس کۆمپیوتەرێك ده‌پشكنێت کە هی ئەندامانی گومانلێکراوی کەتیبه‌ت تەوحید و جیهادن لە تاشقەند، لە ڤیدیۆیەکدا کە 6 تەمموز لە تەلەفزیۆنی ئۆزبەکستان نیشاندرا.

پۆلیس کۆمپیوتەرێك ده‌پشكنێت کە هی ئەندامانی گومانلێکراوی کەتیبه‌ت تەوحید و جیهادن لە تاشقەند، لە ڤیدیۆیەکدا کە 6 تەمموز لە تەلەفزیۆنی ئۆزبەکستان نیشاندرا.

له‌ په‌خشێكدا لە 6 تەمموز، تەلەفزیۆنی ئۆزبەکستان ددانپێدانانی ئەندامێکی گومانلێکراوی کەتیبه‌ت تەوحید و جیهادی بڵاوكرده‌وه‌، کە لە تاشقەند دەستگیرکرا.

له‌ په‌خشێكدا لە 6 تەمموز، تەلەفزیۆنی ئۆزبەکستان ددانپێدانانی ئەندامێکی گومانلێکراوی کەتیبه‌ت تەوحید و جیهادی بڵاوكرده‌وه‌، کە لە تاشقەند دەستگیرکرا.

لە حوزەیران ئۆزبەکستان نیوز رایگەیاند كه‌ ئەفسەرانی دەزگای ئاسایشی دەوڵەتی ئۆزبەکستان لانیکەم 15 هاوڵاتی خۆجێیان دەستگیرکرد کە تۆمەتبارن بە ئەندامبوون لە شانەیەکی تووندڕەودا لە قەزای بۆیسون، پارێزگای سورخاندەریه‌ (سورخۆنداریۆ).

دەوترێت دەستگیرکراوان تێوەگلاون لە راکێشان و ناردنی لاوان بۆ پارێزگای ئیدلیبی سوریا. ئه‌وانه‌ رووبەڕووی تا 20 ساڵ زیندان دەبنەوە.

سەرکردەی گروپەکە، بێکزۆت کەرمۆڤ، لەکاتێکدا کۆچبەر بوو لە روسیا بە گروپە تووندڕەوەکان ئاشنا بوو.

ئۆزبەکستان نیوز رایگەیاند كه‌ پارەی نارد بۆ سوریا و لەڕێی ئینتەرنێتەوە پەیوەندیکرد بە پشتیوانانیەوە، بە بەکارهێنانی ڤیدیۆکانی سەرکردەی پێشتری کەتیبه‌ت تەوحید و جیهاد، ئەبو سالۆح، بۆ راکێشانی هاوڵاتیانی ئۆزبەکی.

بەگوێرەی میدیای روسیا لە سەرەتای تەمموزدا، دادگای سان پترسبێرگ بڕیاری شەش ساڵ زیندانی بۆ کەریمۆڤ دەرکرد.

ئاکیپرێس لە 9 تەمموز رایگەیاند لە کەیسێکی هاوشێوەدا لە پارێزگای جیزاخ، ئەفسەرانی دەزگای ئاسایشی دەوڵەتی ئۆزبەکستان 23 پیاوی لاویان دەستگیرکرد کە تۆمەتباربوون بە ئەندامبوون لە شانەیەکی تووندڕەودا لەسەر ئینتەرنێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، سەرکردەی گروپەکە کەوتە ژێر نفوزی تیرۆریستانەوە لە تورکیا و پشتیوانانی لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئۆدنۆکلاسنیکی و تەلەگرامەوە دەدۆزییەوە.

به‌گوێره‌ی میدیای ناوخۆیی،‌ لە 23 حوزەیراندا ستافی دەزگای ئاسایشی دەوڵەتی ئۆزبەکستان و وەزارەتی ناوخۆ 25 ئەندامی گومانلێکراوی کەتیبه‌ت تەوحید و جیهادیان دەستگیرکرد لە شاری تاشقەندی پارێزگای تاشقەند.

ئەوانه‌ کەوتنە ژێر نفوزی هاوڵاتییەکی ئۆزبەکییه‌وه‌ بەناوی ئـه‌لیف. عەبدوکاخارۆڤ، کە لە ریزەکانی کەتیبه‌ت تەوحید و جیهادایه‌ لە سوریا و پشتیوانانی شانەکەی پلانی پەیوەندیکردنیان پێوەی داناوە.

سێ لە دەستگیرکراوان پێشتر تاوانبارکرابوون بە تیرۆریزم و تووندڕەوی. عەبدوکاخارۆڤ هێشتا راكردووه‌.

لە 30 حوزەیران، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگای ئاسایشی دەوڵەتی ئۆزبەکستان 11 گومانلێکراوی دیکەی کەتیبه‌ت تەوحید و جیهادیان لە تاشقەند دەستگیرکرد.

هەموو ئەو دەستگیرکراوانە کەوتبوونە ژێر کاریگەریی چەکدارانی کەتیبه‌ت تەوحید و جیهاده‌وه‌ و پلانی گەشتکردن بۆ سوریایان دانابوو تا پەیوەندیبکەن بەو گروپە یاخییەوە.

یەکێك لە دەستگیرکراوان لە کەناڵی تەلەفزیۆنی ئۆزبەکستان 24 وتی: "گوێمان لە وتارەکانی ئەبو سالۆح و عەبدوڵا زوفار و سۆدیق سەمەرقەندی دەگرت و لەنێو یەکتردا لەڕێی تەلەگرامەوە بڵاوماندەکردنەوە. دواجار مەبەستی پابەندی بە 'جیهاد'ەوە بەدیهات."

دەستگیرکراوێکی دیکە لەسەر هەمان کەناڵی تەلەفزیۆنی وتی: "دەستمکرد بە گوێگرتن لە وتارەکانی زوفار و سەمەرقەندی. بازنەیەك لە خەڵکی هاوڕا لەنێوماندا پێکهات. لەکاتی کەرەنتینەی [ڤایرۆسی کۆرۆنادا]، لە شوێنی جیاواز کۆبووینەوە بۆ نوێژی هەینی و تکامان لەیەکتر کرد پابەندبین بە 'جیهاد'ەوە."

سەرکردەی پێشووی کەتیبه‌ت تەوحید و جیهاد لە سوریا 'دەستگیرکرا'

گومانده‌كرێت کەتیبه‌ت تەوحید و جیهاد لقێکی جیابووه‌وە بێت‌ لە گروپی باشتر ناسراوی جەماعه‌ت تەوحید وەل جیهاد، کە تیرۆریستی پێشتری اردنی، ئەبو موسعەب زەرقاوی، دایمەزراند. ئه‌م گروپه‌ بەرپرسە لە چەندین هێرشی تیرۆریستی لە تەواوی جیهاندا.

دادگای باڵای ئۆزبەکستان لە 2016 گروپەکەی لە تەواوی وڵاتدا قەدەغەکرد و لیژنەی کاروباری ئایینی ئۆزبەکستان لە کانونی یەکەم بابەتەکانی پروپاگەندەی گروپەکەی خسته‌ نێو لیستی ئه‌و ماددانه‌وه‌ كه‌ له‌ وڵاتەکەدا قەدەغەکراون.

کەتیبه‌ت تەوحید و جیهاد ناوبانگی بەدەستهێنا دوای تەقینەوەویەکی خۆکوژی لە هێڵی شەمەندەرفەری سان پترسبێرگی روسیا لە نیسانی 2017.

دادگایەکی روسیا لە کانونی یەکەمی رابردوودا، 11 کۆچبەری ئۆزبەکستانی و تاجیکستانی و کیرگیزستانی حوکمدا، له‌سه‌ر یارمەتیدانی رێکخستنی تەقینەوەیەك کە 15 کەسی کوشت.

بەگوێرەی بەرپرسانی روسیا، تاوانباران هەموویان سەر بە هەمان گروپ بوون کە ئەوکات ئەبو سالۆح سەرکردایەتی دەکرد، کە کەسێکی بەڕه‌چه‌ڵه‌ك ئۆزبەکیە و خەڵکی کیرگیزستانە و لە سوریا شەڕیدەکرد.

بەگوێرەی پۆستێکی کەتیبه‌ت تەوحید و جیهاد لەسەر تەلەگرام، ئەبو سالۆح، کە ناوی راستەقینەی سیرۆجیدین موختارۆڤە، لە نیسانی 2019 لە گروپەکەدا دەستی لەکار کێشایەوە بۆ کاری پارەپەیداکردن و راکێشانی خەڵك بۆ نێو رێکخراوەکە.

به‌ڵام به‌گوێره‌ی گروپە میدیاییە ناوخۆییەکان و گروپەکانی مافی مرۆڤ، مانگی رابردوو، تەحریر شام کە گروپێکی چەکداری بەهێزە لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا، دەستیکرد بە کەمپینێك دژی گروپە رکابەرەکانی.

بەگوێرەی کەناڵەکانی چەکدارە ئۆزبەکیەکان لە سوریا لەسەر تەلەگرام ئەبو سالۆح یەکێك بوو لەو چەکدارانەی دەستگیرکرا لە هەڵکوتانەسەرەکەدا و کەوتە دەستی تەحریر شام.

رۆژنامەوانی ئۆزبەکی، ڤیکتۆر میخایلۆڤ وتی: "هۆکاری دەستگیرکردنی دامەزرێنەری کەتیبه‌ت تەوحید و جیهاد ئەبو سالۆح و دوو لە پشتیوانانی، سادە و راشکاوانەیە -- ئەمیر تۆمەتبارە بە دزینی بڕێکی بەرچاو لە پارە لە بەیتولمال (گەنجینەیه‌كی گشتی پارەی تاوان)."

لە شوباتدا، 21 لە پشتیوانانی گومانلێکراوی گروپی کەتیبه‌ت تەوحید و جیهادی ئەبو سالۆح لە ئۆزبەکستان دەستگیرکران. شانەکە خەڵکی لاوازی ئۆزبەکی رادەکێشا بۆ گەشتکردن بۆ سوریا و ئەنجامدانی چالاکی تیرۆریستی.

تۆڕەکانی راكێشان پەرتەوازە دەبن

شیکاروانان دەڵێن دوایین تۆڕەکانی کەتیبه‌ت تەوحید و جیهاد لە ئۆزبەکستان رەنگە لەناوبرابن بەهۆی دەستگیرکردنەکانی مانگی حوزەیرانەوە.

شاره‌زای بواری سیاسی ئۆزبەکی، ئومید ئاساتوڵایڤ وتی: "پێموایە شایەتی دوایین رۆژەکانی تۆڕەکانی راکێشانی [کەتیبه‌ت تەوحید و جیهاد]ین لە ئۆزبەکستان."

وتی: "ئەو زەبرە کوشندەیە لەلایەن یاساوە ئەگەری زۆرە کۆتایی بە دوایین پشتیوانانی ئەبو سالۆح و کۆمپانیاکەی بهێنێت. ئەوە تەواو روونە کە هیچ بنکەیەکی سەقامگیر نییە کە هەوڵی راکێشانی خۆی لەسەر بنیاتبنێت لە ئۆزبەکستان. شانە نوێکانیش رووبەڕووی هەمان چارەنوس دەبنەوە."

وتی: "ئاشکرایە هەموو ئەم پێکدادانانە تەنیا بەشێكن لە ئەشکەنجەی تووندڕەوانی سوریا، لەنێویاندا ئەو گروپانەی تەرکیزیان لەسەر ئاسیای ناوەندە."

وتیشی: "چیتر بۆ بیرۆکەکانیان شەڕناکەن بەڵکو لەنێو خۆیاندا شەڕدەکەن -- بۆ دوایین سەرچاوەی ماوەیان. دواجار کەس چاوەڕوانیان ناکات و بیرۆکەی یوتۆپی گواستنەوەی 'خەلافەت' بۆ ئەفغانستان شکستی هێنا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500