چالاکوانێکی ناوچەکە هەینی (20 ئازار) وتی هێزەکانی رژێمی سوریا رێکەوتنێکی ئاگربەستیان له ئیدلیب پێشێلکردووە بۆ چەندین جار لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، بەجۆرێك هێزەکانی رژێم و میلیشیاکانی سەر بە ئێران پێگەکانیان لە پارێزگاکە بەهێزکردەوە.
چالاکوانی ئیدلیب هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت رژێم و هاوپەیمانانی، چەکدار و ئامرازی سەربازییان گواستۆتەوە بۆ دوایین بنکەکەی ئۆپۆزسیۆن، کە دەکرێت ئاماژە بێت بە ئامادەکاری بۆ کردەیەکی سەربازی له ماوهی داهاتوودا.
ئارامییەکی هۆشدارانە لەو پارێزگایەی باکوری خۆرئاوا لهئارادایه لەوکاتەوەی رێکەوتنێکی ئاگربەست لەنێوان تورکیا و روسیادا لە 6 ئازار چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئیدلیبی وتی بەڵام لە چەند کاتژمێری رابردوودا، هێزەکانی رژێم بەشێوەیەکی چڕ تۆپبارانی گوندی ناجیەیان کرد، لەگەڵ گوندەکانی لەمیزیە و توفاحیە لە جەبەل تورکمان لە ناوچە گوندنشینەکانی باکوری لازقیە کە هاوسنووری ئیدلیبە.
وتی یهكێكی تر له پێشێلکارییەکانی ئاگربەست، هەوڵێکی رژێم بوو بۆ پێشڕەوی بەرەو شارۆچکەی فەتیرە لە باشوری ئیدلیب.
وتیشی پێشتر لەم هەفتەیەدا پێکدادانی تووند هەڵگیرسا لەنێوان هێزەکانی رژێم و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆندا کە چوار سەربازی رژێم و چەکدارێکی ئۆپۆزسیۆنیان تێدا کوژرا و دەیانیش لە هەردوولا برینداربوون.
ئیدلیبی وتی هێزەکانی رژێم دەستپێشخەرییان کردووە بۆ پێشڕەوییەکە بە تۆپبارانی سەخت و ئاماژەیکرد بەوەی هیچ قوربانییەکی مەدەنی نەبوو چونکە خەڵکهكه پێشتر لە ناوچەکە هەڵاتبوون.
وتی شارۆچکەی کەنسەفرەش له باشوری ئیدلیب رووبەڕووی تۆپباران بووهوە پێش ئهو هەوڵی پێشڕەوییهی رژێم.
هاوپەیمانانی رژێم پێگەکانیان بەهێزدەکەن
ئیدلیبی ئاماژەیکرد بەوەی میلیشیاکانی هاوپەیمانی رژێم و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران پێگەکانی خۆیان لە ئیدلیب بەهێزتردهكهن.
وتی لە چەند ناوچەیەکی جەبەل زاویە و هەندێك خاڵی ناوچە گوندنشینەکانی باشوری ئیدلیب جووڵەی نوێی هێزەکان تێبینیکراوە و ئاماژەیکرد بەوەی حیزبوڵا پێگەکانی خۆی لە ناوچەی سەراقیب بەهێزکردووە بە چەکدار و ئامرازی سەربازی.
ئەم بەهێزکردنانە، کە هاوکات بوون بە بەرەنگاریی ناوچەیی دژی کردنەوەی شاڕێگەی M4 و خۆپیشاندان دژی نفوزی روسیا، ئاماژەن بەوەی رژێم و روسیای پشتیوانی ئامادەکاریدەکەن بۆ کردەیەکی سەربازی له ماوهی داهاتوودا.
ئیدلیبی وتی ئەمە مەدەنیەکانی لە ئیدلیب نیگەران کردووە، لەبەرئەوەی کردەی سەربازی دەکرێت هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانی چڕی تێدابێت و دەکرێت شەپۆلێکی نوێی ئاوارەیی لێبکەوێتەوە.
بهگوێرهی ئاژانسی فرانس پرێس، وەزارهتی دەرەوەی تورکیا رایگهیاند كه پێنجشەممە دوو سەربازی تورکیا کوژران و دانەیەکی دیکە برینداربووه لە هێرشێکی موشەکیدا بۆسەر ئیدلیب.
وەزارەتهكه ئهنجامدانی هێرشهكهی خسته ئهستۆی "هەندێك گروپی تووندڕەو له ناوچەکە"، بەبێ روونکردنەوەی زیاتر و راشیگەیاند کە سوپا تۆڵهی كردۆتهوه لێدان لە چەند ئامانجێکی دیاریکراو.
رێكخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه سوپای تورکیا قوربانیی دا کاتێك دوو بۆمب تەقینەوە بە کاروانێکی سەربازیی تورکیادا کە بەنێو شاڕێگەی M4دا تێدهپهڕی.