کوردەکانی سوریا یەکشەممە (23 شوبات) دووبارە داوای یارمەتیی نێودەوڵەتییان کرد بۆ دادگاییکردنی هەزاران ئەندامی دەستگیرکراوی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
دوای نزیکەی ساڵێك لە کەوتنی دوایین بنکەی داعش لە سوریا لە ئازاری 2019، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەکرێن، هێشتا نزیکەی 12,000 ئەندامی گومانلێکراوی داعشیان لەژێردەستدایه لە باکوری خۆرهەڵاتی وڵاتەکە.
زۆربەیان خەڵکی سوریا و عێراقن، بەڵام لەنێو ریزەکانیاندا نزیکەی 2,500 بۆ 3,000 کەس هەیە لە نزیکەی 50 وڵاتەوە.
بەهۆی ئەوەی هەندێك وڵات دوودڵن لەوەی هاوڵاتیەکانیان وەربگرنەوە، کوردەکان ناچار خۆیان دەبێت دەستبەسەرەکان لە سوریا دادگایی بکەن.
بەرپرسی پەیوەندییە دەرەکییەکان لە شاری زۆرینە کوردیی قامیشلو، فەنەر کایت وتی دەسەڵاتی نیمچە ئۆتۆنۆمی کورد "پێویستی بە هاریکاریی نێودەوڵەتییە".
وتی: "لەسەر ئاستی دادوەری و هونەری، پێویستمان به [هاوكارییهكی] زۆرە." وتیشی چاوەڕێدەکەن زۆر وڵات یارمەتییان بدەن "لە ماوەی مانگێك یان دوواندا"، بەبێ ئەوەی ناوی هیچیان بڵێت.
کایت یەکشەممە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی بەلجیکی کرد، کە 15 هاوڵاتی وڵاتهكه لەلایەن کوردەکانەوە دەستگیرکراون، لەکاتێکدا زیاد لە 60 ژن و منداڵی بەلجیکی لە کەمپەکاندا ماونەتەوە لەبەر گومانی ئەوەی ئەندامێکی داعش لە خێزانەکەیاندا هەبووە.