رێكخراوی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ هەینی (10 کانونی یەکەم) رایگهیاند كه دوێنێ شەو هێرشێکی ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی سوریا هەشت چەکداری حەشدی شەعبی کوشت.
سەرۆکی روانگەکە رامی عەبدولرەحمان وتی: "فڕۆكەیەکی نەناسراو ئۆتۆمبیل و شوێنی هەڵگرتنی چەکی لە ناوچەی ئەلبوکەمال کردە ئامانج و تەقینەوەیەکی گەورە درووستبوو."
وتی لانیکەم هەشت چەکداری حەشدی شەعبی عێراقی کوژران و چەند چەکدارێکی دیکەیان بریندار بوون.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) شهڕدهكات، هەینی رەتیکردەوە ئەو هێرشەکەی ئەنجامدابێت.
عەبدولڕەحمان وتی ئەو سێ گوندە لە ناوچەی ئەلبوکەمال ناسراون بەوەی شوێنی هێزەکانی دڵسۆزی تارانن و لە چوارشەمەوە بە هێرشی ئاسمانی کراونەتە ئامانج.
هێرشە کوشندەکە لەکاتی بارگرژییهكی چڕی نێوان ئەمریکا و ئێراندا دێت کە زۆربەی کاردانەوەکانی لە ناوعێراقدا بووە.
کۆتایی پار، هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکی 25 چەکداری حەشدی شەعبیی سەر بە میلیشیای کەتائیب حیزبوڵای عێراقی کوشت، کە هەواداری ئێرانە و ناسراوە بەوەی نزیکترین هێزە لە تارانەوە.
هەوادارانی میلیشیا عێراقیەکانی هاوپەیمانی ئێران دواتر چوونە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ناوەندی بەغدا و ئەوەش رەوشەکەی ئاڵۆزترکرد.
سعودییە سهركۆنهی هێرشهكهی ئێران دەکات
لە 3 کانونی دووەم، هێرشێکی ئەمریکا نزیك فڕۆکەخانەی بەغدا فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران قاسم سولەیمانی کوشت لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس کە دامەزرێنەری کەتائیبی حیزبوڵا بوو.
تاران پەیمانیدا تۆڵەی خوێنیان بکاتەوە و تا ئێستا بە هاویشتنی چەندین موشەك وەڵامیداوەتەوە بۆسەر بنکەیەکی سەربازی لە رۆژئاوای عێراق کە شوێنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانە.
سعودییە پێنجشەممە سهركۆنهی "پێشێلکارییەکانی ئێرانی بۆسەر سەروەریی عێراق" کرد لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی ههواڵی سعودییە بڵاویکردەوە دوای هێرشی بەرپەچدانەوەکەی ئێران کە چوارشەممە روویدا.
هێرشەکە لەلایەن سەرهكوەزیرانی عێراق و وەزارەتی دەرەوە و سەرۆكی عێراقهوه، بەرهەم ساڵح، وەك پێشێلکردنی سەروەریی عێراق سهركۆنهکرا.