هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

ئەندامانی داعش پەشیمانی و شەرمەزاری دەردەبڕن دوای دەستگیرکردنیان

حەسەن عوبێدی لە بەغدا

وێنەیەك لە 27 تشرینی یەکەم نیشانیدەدات چۆن مزگەوتی نوری له‌ موسڵ وێران بووە لە قه‌ڵاكه‌ی پێشووی داعش لە باکوری عێراق، کە پێشتر سەرکردەی پێشووی گروپەکە ئەبوبەکر بەغدادی لەوێوە قسەی بۆ شوێنکەوتوانی دەکرد پێشئەوەی گروپەکە راوەدووبنرێت لەو ناوچەیە لە 2017. [زەید عوبێدی/ئاژانسی فرانس پرێس]

وێنەیەك لە 27 تشرینی یەکەم نیشانیدەدات چۆن مزگەوتی نوری له‌ موسڵ وێران بووە لە قه‌ڵاكه‌ی پێشووی داعش لە باکوری عێراق، کە پێشتر سەرکردەی پێشووی گروپەکە ئەبوبەکر بەغدادی لەوێوە قسەی بۆ شوێنکەوتوانی دەکرد پێشئەوەی گروپەکە راوەدووبنرێت لەو ناوچەیە لە 2017. [زەید عوبێدی/ئاژانسی فرانس پرێس]

ساڵێکی تەواو دوای ئەوەی لە بیابانی ئەنبار دەستگیرکرا لە ئۆپەراسیۆنێکی عێراقیدا بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان، گومانلێکراوێكی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) تالیب جاسم فەیاز هێشتا هیچ یەك لە ئەندامانی خێزانەکەی سەردانێکیان نەکردووە.

وتی هیچ چاوەڕوانی ئەوە ناکات سەردانی بکەن.

"ژن و منداڵەکانم نایانەوێت هیچ کەس بزانێت کە پەیوەندییان بە منەوە هەیە و شوێنی ژیانیان بەهۆی منەوە گۆڕیوە."

بە دیارونای وت: "کەسیان سەردانیان نەکردووم و هیچ پرسیارێك دەربارەی من ناكه‌ن."

فەیاز کە ناسراوە بە ئەبو تەها، لەئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە دەربارەی ئەو تاوانانەی ئەنجامیداوە بۆ داعش لەنێوان 2014 بۆ 2018 لە ئەنبار و باشوری بەغدا.

چاوەڕوانی سزای هەتاهەتاییە دوای ئەوەی دانی نا بە بەشدارییکردنیدا لە شەڕ دژی هێزەکانی عێراقدا کە بوونە هۆی مەرگی ئه‌ندامانی هێزه‌ ئەمنییه‌كان.

ئەبو تەها لە دەستبەسەراگرتنی موڵكوماڵی عێراقیەکانیش تێوەگلاوە کە داعش وەك كافر ناوزەدی دەکردن و وایکرد دەستبەسەراگرتنی شمەکەکانیان رێپێبدراو بێت لایان.

وتی: "شتێکی وانیە بوترێت. گەمژەیەکی بێمێشك بووم و خۆزگە ئەمتوانی بگەڕێمەوە چەند ساڵێك لەمەوبەر."

وتیشی: "نغرۆبووبووین لە رق و تووڕەییدا کە لە چوارچێوەیەکی ئایینیدا پەرەمانپێدا. ئەوە راستییەکەیه‌."

هه‌روه‌ها وتی: "ئەمە بۆ هەموان بەڵای پێوەبوو، شتی وامان ئەنجامدا کە نە خوا و نە ئیسلام فەرمانی پێکردبووین، بەڵام بەهەڵە بەناوی ئیسلامەوە کردمان."

ئەبو تەها وتی: "وشەی شەرمەزاری پڕاوپڕ نییە بۆ ئەوەی ئێستا هەستی پێدەکەم."

شەرمەزاری و پەشیمانی

دادوەر عەلی عەبادی لە دادگای لێکۆڵینەوەی رەسافە لە بەغدا وتی: "تۆبە یان ددانپێدانان راستیی ئه‌وه‌ ناگۆڕن کە زیندانیان ئەنجامیانداوە، چونکە یاسا روونە دەربارەی ئەو سزایەی دەدرێت بەسەر ئەوانەدا كه‌ لە تیرۆریزمەوە تێوەگلاون."

بە دیارونای وت زۆرێکیان لە دادگا و لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دەبوورێنەوە و ئەوانیدی پەشیمانی دەردەبڕن و دەڵێن خۆزگە دەخوازن ئەوەی روویداوە بیگۆڕن و بگەڕێنەوە رابردوو، "بەداخەوە زۆربەیان پیاوانی گەنجن".

وتی هەربۆیەش ئەو سزایانەی دەدرێن بەسەر ئەو کەسانەدا كه‌ چالاکی راکێشانی خەڵکیان ئەنجامداوە تووندترن لەو سزایانەی دەردێتە راکێشراوان.

عەبادی وتی: "هێرشە تیرۆریستیەکانی داعش بوونە هۆی مەرگی خەڵکی بێتاوان و تێکشکاندنی ژیانی هەزاران خێزانی عێراقی له‌ڕێی بێوەژنکردنی ژنان و هەتیوخستنی منداڵانه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو تاوانباران سزابدرێن."

وتیشی: "ئەوەی لە دادگا دەیبینین و دەیبیستین لە تیرۆریستانەوە سەرەڕای دداننان بە تاوانەکانیاندا، هەستکردن بە شەرمەزاری و ئابڕووچوونە."

'پەیام بۆ نەوەکانی داهاتوو'

بەڕێوبەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری له‌ پەرلەمان، پەرلەمانتار محەمەد رەزا وتی میدیا پێویستە ددانپێدانانی ئەندامانی دەستگیرکراوی داعش بڵاوبکاتەوە لەگەڵ دەربڕینی پەشیمانی و تۆبەکردنیان.

بە دیارونای وت: "ئەم ددانپێدانانە وەك پەیامێك دەبینین بۆ [نەوەکانی] داهاتوو کە هەر پرۆژەیەکی تیرۆریستی سه‌ركۆنه‌بكه‌ن کە ریشه‌ی له‌ رق و كوشتار و خوێن و تۆڵەدا داكوتاوه‌."

وتی ئەم ددانپێدانانە دەکرێت نیشانیبدەن كه‌ "گوتاری داعش و قاعیدە و زۆر گروپی تووندڕەوی دیکە گوتاری رێویی فێڵبازن، کە خراونه‌ته‌ڕوو چونکە هیچ مانایەکیان نییە".

به‌گوێره‌ی شیکاروان فوئاد عەلی، کە تایبەتمەندە لە گروپە تووندڕەوەکان، ئامێره‌كه‌ی داعش بۆ راكێشانی ئه‌ندامان و به‌ده‌ستهێنانی داهات تاڕاده‌یه‌ك بەتەواوی وەستێندراوە له‌كاتێدكدا هەندێك لە ئەندامانی واز لە گروپەکە ده‌هێنن و لە ریزەکانی هه‌ڵدێن.

بە دیارونای وت: "ئەمە لەسەر مینبەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش دەبینرێت، لەکاتێکدا زۆرێك لەو ئه‌كاونتانه‌ی پشتیوانیی گروپەکەیان دەکرد یان پێیانوابوو بیرۆکەکانی گروپەکە هاوشێوەی ئەوەی خۆیانە، لە پێگەی خۆیان کشاونەتەوە و لەئێستادا رەخنە لە داعش دەگرن، هێرشی دەکەنە سەر و گاڵتەی پێدەکەن."

وتیشی تۆمەتباریدەکەن بەوەی بەڵای بەسەر سوننەکاندا هێناوە و ژمارەیەکی بەرچاو سوننەی لە عێراق و سوریا کوشتووە لەژێر پاساوی ساختە و بێبنەمادا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

1 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

ئه‌ی خودا، خه‌ڵكی عێراق بپارێزه‌!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌