ئەو زنجیرە سزایەی لەم چەند مانگەی دواییدا لە دادگای ناوەندی تاوانەوە لە بەغدا سەپێنران بەسەر چەکدارە بیانیەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا پابهندن بە "پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی دادگایی دادپەروەرانە"وه، سەرچاوەیەکی دادوەریی چوارشەممە (21 شوبات) بە دیارونای وت.
ژنێکی تورکی سزای مەرگی بەسەردا سەپێنرا و 11 بێوەژنی بیانی دیکە سزای زیندانی هەمیشەیی دران یەکشەممە، بەهۆی ئەندامبوونیان لە داعشدا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
ئەو ژنانە، تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 50 ساڵدایە، هەموویان لە موسڵ یان تەلەعفەر دەستگیرکران، کە مێردەکانیان لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە کوژران لەکاتی گرتنەوەی ئەو شارانەی باکوردا.
پارێزەرێکی بەرگریکار کە لەلایەن دەوڵەتەوە دیاریکراوه، وتی ژنەکان هەموویان فریودراون تا بێنە عێراق و بەشدارییان لە هیچ کردەیەکی توندوتیژیدا نەکردووە.
بەڵام ژنهكان به تاوانبار لهقهڵهمدران بە ماددەی 4ی دژەتیرۆر كه "هەر کەسێك کە کردەی تیرۆریزم ئەنجامبدات، هانیبدات، پلانی بۆ دابنێت، كۆمهكی دارایی بکات یان پشتگیریی بكات" دهگرێتهوه و ههروهها لهسهر هاتنی نایاساییان بۆ وڵاتەکە.
وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، عەبدولستار بەیرەقدار، بە دیارونای وت سزاکانی دادگا کە سەپێنران بەسەر بیانیەکاندا دژی کردەی تیرۆر لە عێراق "بەشێكن لە سەروەری دەوڵەتی [عێراق]".
وتی سزاکان "دراون بەگوێرەی ئەو سزایانەی لەلایەن یاسای عێراقەوە دانراون بۆ ئەنجامدەرانی تاوانی پەیوەست بە تیرۆرەوە".
وتیشی ئەو سزایانە "بەگوێرەی پێوەرەکانی دادگایی دادپەروەرانە دراون كه لە هەموو جاڕنامە جیهانیەکانی مافی مرۆڤدا ههن" و ئاماژەشیکرد بەوەی كه ئهوانه مافی ههبوونی پارێزەر، مشتومڕی شایەت و بەڵگەنامە و تانەدان لە بڕیارهكان لهخۆدهگرن.
دەکرێت تانە لە سزاکان بدرێت
لە ناوەندی 2017وە، دادوەریی عێراقی چەندین چەکداری بیانی و ژنی بە سزای مەرگ و سزای زیندانی هەمیشەیی سزاداوە بەهۆی ئەندامێتیان لە داعشدا یان ئەنجامدانی تاوان لە دژی عێراقیەکان.
زۆربەی ئەوانەی تاوانبارکراون، لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە دهستگیركروان لەکاتی ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا بۆ رزگارکردنی شارەکانی موسڵ و تەلەعفەر.
لە 12 شوبات، دادگای تاوان ژنێکی تورکی سزادا بە هەتاهەتایی لە زینداندا بۆ "شاردنەوەی تیرۆرستان"، لەگەڵ پیاوێکی سوری بە تۆمەتی "بوونە ئەندامی داعش و بەشداریکردن لە هێرشکردنە سەر یەکە سەربازییە عێراقیەکان".
ژنێکی ئەڵمانی لە 21 کانونی دووەم سزای مەرگی بەسەردا سەپێنرا بەهۆی بەشداریکردنیهوه لە هێرشەکاندا دژی هێزەکانی عێراق و دابینکردنی پشتگیریی لۆجستی بۆ ئەندامانی داعش.
لە 12 ئەیلول، دادگای تاوان سزای مەرگی سهپاند بەسەر پیاوێکی رووسیدا کە دانینا بە ئەنجامدانی چەندین کردەی تیرۆریستیدا دژی هێزە ئەمنیەکان لە 2015وە.
بەیرەقدار وتی پیاوە سزادراوەکە سەربە بەتالیۆنێکی چەکداری داعش بوو ناسراو بە بەتالیۆنی زەرقاوی.
وتی هەموو ئەو سزایانەی بەسەر تاوانباراندا سەپێنراون بەگوێرەی ماددەی 4ی دژە-تیرۆری عێراقن.
وتیشی ئەوانه "سزای كۆتایی نین بەڵکو سەرەتایین و دەکرێت تانەیان لێبدرێت لەلایەن دادگای فیدراڵیی تانەدانەوە".