سوپای روسیا، کە ناوبانگی لەکەداربووە بە زنجیرەیەك کارەساتی کوشندە، کەمتەرخەمییەکی دیکەی لێدەرکەوت کاتێک پێنجشەممە (12 کانونی یەکەم) ئاگرێك کەوتەوە لەسەر تاکە کەشتی فڕۆکەهەڵگری.
ئەدمیراڵ کوزنێتسۆڤ ماوەی دوو ساڵ زیاترە نۆژەندەکرێتەوە لە مورمانسك و پێشتر لە تشرینی یەکەمی 2018 زیانی بەرکەوت کاتێك کرێنێك کەوتە سەر داڵانەکەی.
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی، ریا نۆڤۆستی، سەرچاوەیەکی له كارگهی کەشتیی زڤێزدۆچکا، دواند كه وتی ئاگرەکە لەکاتی کارێکی لەحیمکردندا بهرپابوو.
بەگوێرەی میدیای روسی، کاربەدەستان وتیان لانیکەم 12 کەس برینداربوون، شەش لەوانە لەژێر چاودێرییەکی چڕوپڕدا بوون. تائێستا باس لە یەك کوژراو دەکەن.
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی، تاس، وتەبێژی زڤێزدۆچکای دواند كه وتی زیاد لە 400 کەس لەنێو کەشتیەکەدا بوون کاتێك ئاگرەکە کەوتەوە.
بەگوێرەی ئینتەرفاکس، ئاگرەکە بە رووبەرێکی 600 مەتری دووجادا بڵاوبووهوە.
کەشتی ئەدمیراڵ کوزنێتسۆڤ -- كه ساڵی 1985 کەوتەکار و ئاڵاههڵگری دەریاوانیی روسییه -- لە 1997 وە نۆژەنکردنەوەی تێدا دەکرێت.
نۆژەنکردنەوەکان دەبوو تا کۆتایی 2020 تەواوبکرێن، بەجۆرێك ئەو کەشتییە جەنگیە پەیوەندی بكاتهوه بە هێزی دەریاییەوە لە 2021.
جێگیرکردنی ئەمدواییانەی کەشتیگەلەکە یارمەتی هاوسۆزە گومانلێکراوەکانی روسیای داوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا.
کرێملن کەشتیگەلەکەی نارد بۆ دەریای ناوەڕاست لە 2016 و سەرەتای 2017 بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانیان لە سوریا، بە پێشەنگی هاوپەیمانەکەی مۆسکۆ، سەرۆك بەشار ئەسەد.
کەشتییەکە پێشەنگی گروپێك کەشتیگەلی دەکرد لە کەنارهكانی سوریا، بەجۆرێك چەکدارانی سەر کەشتیگەلەکە لەکاتی ئهركهكهیاندا لە زیاد لە 1,200 ئامانجیان دا.
راپۆرتێك کە 30 ئەیلول بڵاوکرایەوە رایدهگهیهنێت كه لە 2015وە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی روسیا لە سوریا بوونهته هۆی كوشتنی زیاد لە 6,500 مەدەنی، لەنێویاندا 1,928 منداڵ و 908 ژن، بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی کە لەلایەن چالاکوانانی سوریاوە لە ناوچەکە کۆکراونەتەوە.
هەروەها لە کەنارهكانی لیبیاش راوەستا لە کانونی دووەمی 2017 و کەسایەتی بەهێزی سەربازی، خەلیفە حەفتەری گرتەخۆ، کە دەوترێت روسیا پشتیوانیی کردووە لە شەڕی ناوخۆی ماوەدرێژی ئەو وڵاتەدا.
لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانیدا، ئەم کەشتیگەلە رووبەڕووی چەندین کارەسات بۆتەوە، لەنێویاندا كهوتنهخوارهوهی فڕۆکەیەکی سوخۆی بۆ نێو دەریا دوای ئەوەی هەوڵیدا لەسەر کەشتیەکە بنیشێتەوە.
نۆژەنکردنەوە و باشترکردنی -- بەجۆرێك دەوترێت تێچووەکەی دهگاته 62 ملیار روبڵ (1 ملیار دۆلار) -- تەرکیزی لەسەر وێستگەی کارەبایی نێو کەشتیەکە و سیستمه ئەلەکترۆنییهكهی ناوێتی.
کەوتنی کرێنێك بەسەر داڵانی کەشتیەکەدا ساڵی رابردوو، کە کارمەندێکی کوشت و بووە هۆی زیانی گەورە، نیگەرانیی زیادکرد دەربارەی ئەوەی کارەکان دوادەکەون و کەشتیگەلەکە لە وادەی خۆیدا لە 2021 چاکناکرێتەوە.
هێزی دەریاوانی روسیا شەڕی چەند کێشەیەك دەکات لەوانە پشتیوانی دارایی دەوڵەت، کەشتیەوانییهكی تەمەندرێژ و دواکەوتن لە دەستخستنی کەشتی نوێدا.
لە شەش ساڵی رابردوودا سێ ئاگر کەوتوونەتەوە لەو ژێر دەریاییانەدا کە چاکدەرێنەوە.
کەشتیگەلی ئەدمیراڵ کوزنێتسۆڤ بڕیاربوو یەکەمین کەشتیگەلی فڕۆکەهەڵگری سۆڤێت بێت، بەڵام هێزی دەریاوانی روسیا رووبەڕووی ئاستەنگ بۆتەوە بەهۆی کەمبوونەوەی پشتیوانی داراییهوه لە 1991 و لەدوای روخانی یەکێتی سۆڤێتەوە.
لە لوتکەی دەسەڵاتیدا، یەکێتی سۆڤیەت پێنج کەشتیگەلی فڕۆکەهەڵگری هەبوو.
زنجیرەیەك کارەساتی سەربازی
ئاگرەکەی 12 کانونی یەکەم یەکێکە لە زنجیرەیەك لەو کارەسات و رووداوانەی لە سوپای وڵاتەکەیاندا، کە نیگەرانیەکانیان زیادکرد دەربارەی سیستمی بەرگریی روسیا.
لە 8 ئاب، تەقینەوەیەك نزیك بە شاری سارۆڤ روویدا لە پارێزگای نیژنی نۆڤگۆرۆد، نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی مۆسکۆ، لەکاتی تاقیکردنەوەی موشەکێکی بە وزەی ئەتۆم بەکارخراو، کە بووە هۆی مهرگی پێنج کارمەند و بڵاوکردنەوەی تیشکدانەوەی ئاست بەرز.
پێشتر لە ئابدا، شارۆچکەی ئاخینسك له پارێزگای کراسنۆیارسك، لە چەند رۆژێکدا رووبەڕووی تەقینەوە بووهوە لە کۆگایەکی چەکدا.
بەگوێرەی یورۆ نیوز، یەکەمین تەقینەوە لە 5 ئابدا کەسێکی کوشت. چەند تەقینەوەیەك لە 9 ئاب هاوکات بە کاری پاککردنەوەی مین لانیکەم نۆ کەسیان بریندارکرد.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگری، هاوکات لە 1 تەمموز، 14 دەریاوانی روسی کوژران لە ئاگرێکدا لەژێردەریاییەکی کەناری باکوری ئەو ڵاتەدا.
لە 14 قوربانی، حەوتیان ئەفسەری باڵای هێزی دەریاوانی بوون، کە وایکرد گومانی ئەوە دروستببێت کە کەشتییەکە کارێکی ئاسایی نەکردووە. نازانرێت بۆچی ئەو هەموو دەریاوانە لەنێو ئەو ژێردەریاییەدا بوون.
رۆژنامەی نۆڤایا گازێتا لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگهیاند کە رووداوەکە لە ژێردەریایی ئەتۆمی AS-12 روویدا، کە ناسراویشە بە لۆشاریك، کە دەتوانێت تا قوڵاییهكی یهكجار زۆر بچێتە ژێردەریاوە.
لە ئابی 2000، ژێردەریایی کورسك لە دەریای بارێنتسدا نقومبوو بەجۆرێك تەواوی 118 کارمەندەکەی نێوی مردن. لێکۆڵینەوەیەك دەریخست کە تۆرپیدۆکەی تەقیوەتەوە، کە بۆتەی هۆی تەقاندنەوەی تەواوی ژێردەریاییەکە.
سەرۆکی روسیا ڤلادیمێر پوتین، کە بۆ ماوەی چەند رۆژێك لە پشوودا مایهوه دوای کارەساتەکە، رەخنەی لێگیرا بەرامبەر کاردانەوەكهی.
مۆسکۆ بەشێوەیەکی نامۆ پێشنیازی یارمەتی دەرەکیی رەتکردەوە وەك بەشێك لە هەوڵی فریاگوزاری.
لە رووداوێکی دیکەدا له 2008، 20 كهسی روسی -- سێ ئەفسەری دەریاوانی و 17 مەدەنی -- بە گازی ژەهراوی کوژران دوای ئەوەی سیستمی ئاگرکوژێنەوەی کەشتیەکە لەپڕ کەوتەکار لەکاتی تاقیکردنەوەیەكدا لە دەریای ژاپۆندا.
دواتر لە 2011، یەکێك لە گەورەترین ژێردەریاییەکانی روسیا، یهکاتێرینبورگ، ئاگری گرت کاتێک داڵانەکەی نۆژەندەکرایەوە لە ههرێمی مورمانسك.
دواتر وترا کە ژێردەریاییەکە موشەکی ئەتۆمی دوورمەودای لێبەستراوە کاتێك ئاگری گرتووە.
'پارچەکانی نێو مۆزەخانە'
وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، کە پەیوەندی مێژوویی و سیاسییان بە روسیاوە هەیە، لەپڕ بینییان كه ئامێری سەربازیی دەستاودەستپێکراوی کرێملنیان لەبەردەستدایه.
روسلان نازرۆڤ، شیکاروانی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان کە لە نور سوڵتانە، لە نیساندا وتی: "کیرگیزستان، تاجیکستان، ئوزبەکستان و تورکمهنستان بەتایبەتی ئامێری کۆنی سۆڤێتی بەکاردەهێنن، کە لەمڕۆدا لە پارچەی نێو مۆزەخانە دەچن."
یوری پۆتیا، بەڕێوبەری بەشی ئاسیا- ئۆقیانوسی ئارام له ناوەندی توێژینەوەی سوپا و گۆڕانکاری و چەکدانان له كییهڤ، پایتهختی ئۆکرانیا، وتی ئەو چەکە ماوەبەسەرچووانەی روسیا گواستونیەتیەوە بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست پێناچێت زۆر یارمەتی دۆخی نیشتمانیی کتوپڕی ئەو وڵاتانە بدەن.
پۆتیا لە نیسانیشدا وتی: "ئەو چەکانە دەکرێت کەم تا زۆر بهکاریگەری بەکاربهێنرێن لە شەڕی سنووردار و مامناوەندیدا دژی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتە لاوازەکان یاخود دژی گروپە چەکدارە نایاساییەکان."
وتی بەڵام وڵاتانی خۆرئاوا سوود لە تەکنەلۆژیای سەربازیی مۆدێرن وهردهگرن و ئاماژهی كرد به پێویستی به "[سیستمی] مۆدێرنی زرنگ و فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، روناككردنهوهی ئامانج، ئامێری رۆبۆتی بێ شۆفێر و چەکی وردەکار لە دیاریکردنی ئامانجدا".
بۆ قەرەبوکردنەوەی کەمتەرخەمیەکانی، زۆرجار سوپای روسیا پشت دەبەستێت بە بانگەشەی فووتێکراوی مەزنیی وڵاتهكه.
یەکێك لەو دۆخانە ئەوە بوو کە پوتین ساڵی رابردوو بانگەشەی ئەوەی کرد لە وتاری دۆخی نیشتمانیدا کە روسیا نەوەیەکی نوێی لە چەکی "شكستنههێن" بەرهەمهێناوە.