http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2019/09/06/feature-03?di_exp_001=true&locale_switch_001=true

×
×
ئاساییش |

ئەمریکا و تورکیا پلانی 'ناوچەی ئارام' جێبەجێدەکەن

ئاژانسی فرانس پرێس

ئۆتۆمبیلە سەربازییەکانی تورکیا لە شاری سوریی سەراقیب دەگەڕێن لە باکوری رۆژئاوای پارێزگای ئیدلیب له‌ 4 ئەیلول. [عومەر حاج کادور/ئاژانسی فرانس پرێس]

سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان پێنجشەممە (5 ئەیلول) وتی تورکیا ئامادەیە پلانی "ناوچەی ئارام" لە سوریا جێبەجێکات لەگەڵ واشینتۆن بەر لە کۆتایی ئەیلول.

ئەردۆگان لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا وتی ئەمریکا و تورکیا پێکەوە پاسەوانیی ناوچە ئارامەکە دەکەن، کە تورکیا "سوورە لەسەر دروستکردنی تا دوا هەفتەی ئەیلول".

هەردوو هاوپەیمانەکەی ناتۆ مانگی رابردوو رازیبوون ناوچە ئارامەکە دروستبکەن لەنێوان سنووری تورکیا و ناوچە سنوورییەکانی ژێر کۆنترۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن.

ئەردۆگان وتی تا ئێستا 350,000 سوری گەڕاونەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی وڵاتەکە کە کەوتوونەتە ژێر دەستی تورکیا لە هێرشەکانی 2016 و 2018.

وتی: "ئامانجمان نیشتەجێکردنی لانیکەم 1 ملیۆن لە برا و خوشکە سورییەکانمانە لە ناوچە ئارامەکە بەدرێژایی 450 کیلۆمەتر لەسەر سنوورەکە."

زیاتر له‌ 3.6 ملیۆن ئاوارەی سوری لە تورکیا دەژین و ترسی ئەوەش هەیە شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەیی بێته‌كایه‌وه‌ بەهۆی پێشڕەوییەکانی حکومەتی سوریاوه‌ بۆسەر دوایین قەڵای ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلیب.

چوارشەممەی رابردوو، ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی تورکیا، ئەنادۆڵو، لە راپۆرتێکدا رایگه‌یاند كه‌ بەرپرسێكی باڵای تورکیا بە راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، جۆن بۆڵتنی وتووە ئەنقەرە ئامادەیە پلانی ناوچەی ئارام جێبەجێکات لەگەڵ واشینتۆن "بەبێ دواکەوتن".

ئەنادۆڵو رایگه‌یاند كه‌ وتەبێژی سەرۆکایەتی، ئیبراهیم کاڵین لە لێدوانێكدا به‌ تەلەفون بە بۆڵتنی وت كه‌ "لایەنی تورکی هەموو ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە بەبێ دواکەوتن".

هەردووکیان باسیان لە ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆگان و سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپیش کرد لەکاتی کۆبوونەوەی گشتیی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە بڕیارە ئەم مانگە لە نیویۆرك ئەنجامبدرێت.

یەپەگە -- هاوپەیمانی سەرەکیی واشینتۆن لە شەڕی دژ بە رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا لە سوریا -- وتی هاوکاردەبێت لە جێبەجێکردنی ناوچە ئارامه‌كه‌ لە ناوچەکانی ئەواندا بەدرێژایی سنووری تورکیا.

مانگی رابردوو، دەسەڵاتدارانی کورد لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا وتیان هێزەکانیان دەستیانکردووە بە کشانەوە لە پێگەکانیان لەسەر سنووری تورکیا دوای رێکەوتنەکەی تورکیا و ئەمریکا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
8

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha