http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2019/08/14/feature-04

×
×
ئاساییش |

پاشماوه‌كانی داعش دووچاری شكستێكی گه‌وره‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌ بیابانی روتبه‌

خالید تائی

image

هێزه‌كانی عێراق ناوچه‌كانی بیابانی روتبه‌ شه‌نوكه‌وده‌كه‌ن له‌ خۆرئاوای ئه‌نبار بۆ گه‌ڕان به‌ دوای حه‌شارگه‌كانی داعشدا له‌ نیسانی 2018. [خاوه‌نی وێنه‌: فه‌رمانده‌یی فیرقه‌ی یه‌كی سوپای عێراق]

ئاژانسی دژه‌ تیرۆریزمی عێراق سێشه‌ممه‌ (13 ئاب) رایگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی چالاكییه‌كی په‌ڕه‌شوتیان له‌ بیابانی ئه‌نبار ئه‌نجامدا، به‌ هاوكاریۆ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی 10 چه‌كداری "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" (داعش).

ئاژانسی دژە تیرۆریزم لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان هێرشێكی ئاسمانییان ئه‌نجامدا بۆسه‌ر ماڵه‌كانی حه‌وانه‌وه‌ی داعش له‌ وادی حورانی بیابانی روتبه‌، کە چالاکیی پەڕەشوتوانیی یەکەی تاکتیکی 1ی ئاژانسی دژە تیرۆریزمی بەدواداهات.

بەیاننامەکە رایگەیاند کە شەڕ و پێکدادان روویدا و بووە هۆی کوشتنی "هەشت تیرۆریست". راشیگەیاند کە "کاتێک هێزەکە یەکێک لە خانووەکانی حەوانەوەی دەپشکنی، دوو تیرۆریست کە هێلەگی بۆمبڕێژکراویان لەبەردابوو، خۆیان حەشاردابوو، دۆزرانەوە".

بەگوێرەی بەیاننامەکە: "یەکێک لە خۆکوژەکان لەکاتێکدا خۆی بەو هێزەدا تەقاندەوە کە هێرشیان کرد، کوژرا، بێئەوەی هیچ قوربانییەک لە هێزەکەدا بکەوێتەوە."

image

هێزه‌ ئه‌منییه‌ تایبه‌ته‌كانی عێراق هێرشێكی كتوپڕیان كرده‌سه‌ر حه‌شارگه‌یه‌كی داعش له‌ بیابانی ئه‌نبار له‌ 6 ئه‌یلولی 2018. [خاوه‌نی وێنه‌: فه‌وجی تاكتیكیی پۆلیسی ئه‌نبار]

سه‌رچاوه‌یه‌كی ناوخۆ كه‌ داوایكرد ناوی ئاشكرا نه‌كرێت، زانیاریی زیاتری ده‌رباره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ دا به‌ دیارونا راگه‌یاند، وتی كه‌ فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان یه‌كشه‌ممه‌ هێرشێكیان له‌ دژی حه‌شارگه‌یه‌كی داعش له‌ بیابانی روتبه‌ ئه‌نجامدا.

هه‌مان سه‌رچاوه‌ وتی رۆژی دواتر فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ و "ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعشیان كرده‌ ئامانج كه‌ هاتبوون لاشه‌ی چه‌كداره‌كانی هاوڕێیان ببه‌نه‌وه‌ و هاوكاریی پزیشكیی ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ هێرشی یه‌كه‌مدا برینداربوون".

وتیشی دواتر پەڕەشوتوانانی یەکەی تاکتیکیی 1ی ئاژانسی دژە تیرۆریزم له‌ ناوچه‌ بۆردومانكراوه‌كه‌دا دابه‌زین و كه‌وتنه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ دوو خۆكوژه‌كه‌ی داعش.

سه‌رچاوه‌كه‌ وتی په‌ڕه‌شوتوانه‌كان "ئۆپه‌راسیۆنێكی گه‌ڕان و پشكنینیان له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر ئه‌نجامدا كه‌ بووه‌ هۆی ده‌ستگیركردنی پێنج چه‌كداری داعش". ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی سێشه‌ممه‌ به‌رده‌وامبوو له‌ بۆمبارانی حه‌شارگه‌كان و ماڵه‌كانی حه‌وانه‌وه‌ی داعش.

تیرۆریسته‌ لاوازكراوه‌كان

سه‌رچاوه‌كه‌ وتی هه‌ڵمه‌ته‌ ئه‌منییه‌كه‌، كه‌ به‌ "ئۆپه‌راسیۆنی سه‌روه‌ریی جه‌ژن" ناسراوه‌، بووه‌ هۆی "لێدانی گورزێكی گه‌وره‌ و چاوه‌ڕواننه‌كراو له‌ ریزه‌كانی داعش".

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، هێرشه‌كه‌ "ورد و كاریگه‌ر بوو، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ كۆكراوه‌كانی چاودێرییه‌ سه‌ربازییه‌كان و ته‌كنیكه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی چاودێری و راپۆرته‌كانی هه‌واڵگره‌ نهێنییه‌كان ئه‌نجامدرا".

وتی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ چه‌ند رۆژێك دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ سه‌ربازانی فیرقه‌ی 1ی لیوای 4ی سوپای عێراق، به‌پشتیوانیی هێزه‌ خێڵه‌كییه‌كان، ئۆپه‌راسیۆنێكی گه‌ڕان و پشكنینیان بۆ پاشماوه‌كانی داعش له‌ ته‌به‌عات له‌ بیابانی روتبه‌ ئه‌نجامدا.

وتیشی: "سه‌ربازه‌كان بارهه‌ڵگرێكیان به‌ ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌ك و تفاقه‌وه‌ دۆزییه‌وه‌ كه‌ تیرۆریسته‌كان له‌كاتی هه‌ڵاتنیاندا به‌جێیانهێشتبوون."

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه‌: "بیابانه‌كه‌ هێشتا وه‌ك جێگایه‌كی ئه‌مین وایه‌ بۆ تیرۆریسته‌كان، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامی گوشاره‌ سه‌ربازییه‌كاندا ژماره‌یان له‌وێ كه‌متر و هێزیان لاوازتر ده‌بێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
6
نەخێر

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha