http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2019/04/19/feature-01

×
×

ئاساییش |

دوای شکستی داعش، پاشماوەکانیان لە دۆخێکی سەختدان

خالید تائی

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە

یەکەیەکی سوپای عێراق حەشارگەیەکی داعش دەدۆزێتەوە لە خۆرئاوای ئەنبار لە 20 کانونی یەکەمی 2018. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

لەئێستادا رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە عێراق تەنیا بەشێوەی شانەی پەرشوبڵاو ماوە بەبێ پەیکەربەندییەکی ناوەندی، کە هێواش هێواش لاوازتردەبن لە ئەنجامی فشاری سەربازیدا بۆسەر حەشارگەکانیان.

پەرلەمانتارێكی عێراقی خەڵکی دیالە، خالق عەزاوی، کە ئه‌ندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە، وتی: "داعش تەنیا لەڕووی سەربازییەوە نەکەوتووە، بەڵکو لە ئاستی ستراتیژیشدا."

بە دیارونای وت گروپەکە "پەیکەربەندیی رێکخراوەیی و پاڵپشتی دارایی و چەك و سەرچاوەی مرۆیی لەدەستداوە. چیتر باس لە گروپێك ناکەین، بەڵکو پاشماوەی چەکداران کە لە شوێنی دووردەست خۆیان دەشارنەوە".

پۆلیسی عێراق کردەیەکی گەڕان ئەنجامدەدات بۆ ئەندامانی داعش لە گوندەکانی حەویجە لە خۆرئاوای کەرکوك لە 2 کانونی یەکەمی 2018. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵ]

وتی ئەو بنکانەی پاشماوەکان پەنایان بۆ بردووە "پەناگەی ئارام نین" و ئاماژەیکرد بەوەی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە یەک لەدوای یەکەکان ناچاریکردوون بەووریاییەوە هاتوچۆبکەن و تەنیا کاتێك زۆر پێویست بێت.

وتی هاوکات دەزگای هەواڵگریی عیراق و هێزە ئەمنیەکان پاشماوەکانی دعش دەکەنە ئامانج، سەرکردەکانیان دەکوژن و حەشارگەکانیان دەسوتێنن.

دەزگای دژە تیرۆریزمی عێراق دووشەممە (15 نیسان) رایگەیاند لەکاتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکانی ئەمدواییەدا لە چیاکانی حەمرین، سەرکردەیەکی باڵای داعش و سێ لە یاریدەدەرەکانی کوژران.

وتەبێژی دەزگاكه‌، سەباح نوعمان بە دیارونای وت پێش ئەمە، ئۆپەراسیۆنێك لە چیاکانی حەمرین کە لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە پشتگیریی لێدەکرا رێگریی كرد لە "پیلانێکی گه‌وره‌ی تیرۆریستی".

گەڕانەوەی ئاوارەکان

عەزاوی وتی گرنگە دۆخی ئاسایشی برەوپێدراو بهێڵرێتەوە، چونکە "تەنیا بژاردەیەکە بۆ دڵنیابوون لەوەی وڵاتەکە سەلامەت و سەقامگیرە".

جەختیکردەوە لە گرنگیی خێرا کارکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ گوندەکانیان.

وتی: "چوارده‌ گوند هەن لەنێوان پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدیندا کە هێشتا بەتاڵن لە خەڵکەکانیان."

عەزاوی وتی گەڕانەوەی دانیشتوان "فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیرییە، بەتایبەتی لە سنووری کارگێڕیی نێوان پارێزگا ئازادکراوەکاندا، کە تیرۆریستان هێشتا خۆیان شاردۆتەوە".

وتی: "شانەکانی داعش هەوڵدەدەن ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە دانیشتوانی هەڵاتوو جێیانهێشتووە بۆ خۆڕێکخستنەوە لە هەوڵێکدا بۆ هەڕەشەکردن لەو گوندە نزیکانەی خەڵکیان تێدایە."

وتیشی هێزە ئەمنیەکان و خێڵەکانی گوندی موخەیسە لە دیالە بەرپەچی هێرشێکی داعشیان دایەوە لە 13 نیسان کە لە سنووری سەلاحەدینەوە کرا.

عەزاوی وتی: "چوار تیرۆریستیان کوشت و هێرشبەرەکانی دیکەیان ناچاركرد بە کشانەوە، بەڵام هێرشەکە بووە هۆی مەرگی دوو پیاوی خێڵەکە."

هاریکاریی مەدەنییەکان گرنگە

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، حەسەن شەبیب بە دیارونای وت داعش "خانەیەکی سەرەتانییە کە نابێت بێ چارەسەر جێبهێڵرێت".

وتی: "شکستی گروپەکە لەکاتی شەڕەکانی رزگاریدا دەرگای کردۆتەوە بۆ شەڕی درێژ و ماندووکەر لەگەڵ پاشماوەکانی. لەمڕۆدا، سەربازەکانمان زاڵن، کە وانەی سەختیان داوە بە ئەندامەکانیان."

شەبیب جەختیکردەوە لە پێویستیی زانیاریدانی مەدەنیەکان بۆ یارمەتیدانی هێزە ئەمنیەکان بۆ دۆزینەوەی شانە نوستووه‌كان و ئەندامانی داعش کە خۆیان لە بیابان و ئەشکەوته‌كانی چیاکاندا شاردۆتەوە، لەگەڵ پشتیوانی دارایی و پاڵپشتیکەرانیان.

ئاماژەیکرد بە دەستگیرکردنی پیاوێك و ژنەکەی رۆژی دووشەممە، کە خۆراکیان دەدا بەو ئەندامانه‌ی داعش کە خۆیان لە چیاکانی مەخمور شاردبووه‌وە، دوای ئەوەی دانیشتوانی ناوچەکە زانیارییان دابوو.

هۆشیاریشی دا لەوەی لەکاتێکدا هێزە ئەمنیەکان هەڕەشەی گروپەکەیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردۆتەوە، داعش "بەتەواوی بنەبڕنەکراوە".

شەبیب وتی هێرشی هەڕەمەکی، وەك رفاندنی سێ مەدەنی لە ناوچەی بێجی له‌ نەینەوا، رۆژی دووشەممە، ئاماژە بەوە دەکات شەڕی بنەبڕکردنی داعش هێشتا بە ئەنجام نەگەیشتووە.

ئەندامێكی لیژنەی ئەمنی له‌ ئەنجومەنی پارێزگا، شەلال ناجی عوبه‌ید بە دیارونای وت: "داعش دەمرێت لەبەرئەوەی شکستی سەربازیی وایکردووە بێ سەرکردایەتی یان رێکخستنی کارگێڕی بمێنێتەوە."

وتی شانە پاشماوەکانی داعش پەرتەوازەبوون و ئەندامانیان لەدەستدەدەن.

عوبه‌ید وتی: "هێزەکانمان دەستپێشخەری دەکەن بۆ هێرشکردن و پاراستنی خاکی ژێردەستیان. دەبێت وریابین و بەردەوام هێرشبەر بین."

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە
ئەم بابەتەت بەدڵە؟
10
0

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین Captcha