لەژێر چەپۆکی حوکمی توندڕەواندا، ژنان بە كهمتر سهیریان دەکرا -- نەیاندەتوانی هیچ شتێك بکەن بەبێ مۆڵەتی باوك یان مێرد -- بەڵام ئەمڕۆکە لە موسڵی عێراق کار و كاسبیی خۆیان دادەمەزرێنن.
تابلۆیهك كه بە رهنگی سوور لێینوسراوه "ئوم مستەفا و کوڕەکانی" بەگەورەیی دەڕوانێت بەسەر دوکانێکی سەوزە و میوەی ئاساییدا و سهرنج رادهكێشێت له دهریایهك لە دوکاندا بەناوی خاوەنە پیاوەکانیانەوە.
ئوم مستەفا، بە جلی رەشەوە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "سەرەتا خەڵکێك بە نیگایهكی شهڕانگێز سەیریان دەکردم، بەڵام موچەم نیە و بژاردەم لەبەردەمدا نەبوو کردنەوەی ئهم دوکانەم نەبێت."
ههرچهنده هێشتا تەمەنی 27 ساڵه، بهڵام بێوەژنە -- مێردەکەی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە لەسێدارە درا لەکاتی داگیرکاریی دڕندانەی سێ ساڵیان لە شارەکەدا.
توندڕەوان لە 2014 دەستیانگرت بەسەر موسڵدا و ئەو گهوره شارە وێرانكراوه تەنیا ساڵ و نیوێك لەمەوبەر لەلایەن سوپای عێراقهوه بهپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گیرایەوە.
ئوم مستەفا، كه دوکانەکەی کەوتۆتە گەڕەکی فاروقی کرێکارنشینەوە، دەیەوێت داهاتی دوکانەکەی بەکاربهێنێت بۆ بەخێوکردنی کوڕەکانی، کە شەش ساڵ و چوار ساڵانن.
سەرەڕای سەرسوڕمانی سەرەتای خەڵکی ناوچەکە -- بەهۆی کلتوری نەریتپارێزییەوە کە زۆر پێش هاتنی توندڕەوانیش هەبوو -- پرۆژەکەی ئوم مستەفا چەند مشتەرییەکی دڵسۆزی بۆ پەیدابووە.
بەناو خەلافەتەکەی داعش ئوم مستەفا و هاوتایانی لە ژنان بۆ نێو ماڵان دەناردەوە -- قەدەغەبوو لێیان تەنانەت ماڵەوەش بهجێبهێڵن لە پایتەختی پارێزگای نەینەوادا، چ جای قسهكردن له شوێنە گشتییەکاندا.
تابلۆی سهر دوکانەکەی ئوم مستەفا هەرگیز نەدەکرا وەك ئەمڕۆ هەڵبواسرێت.
سەرۆکی خێزان
بەگوێرەی راپرسییەکی نەتەوە یەکگرتوەکان نزیکەی دوو لەسەر سێی لاوان لە عێراق دەڵێن پشتیوانی مافی ژنان دەکەن بۆ کارکردن، بەراورد بە تەنیا لهسهدا 42ی بهتهمهنان.
هەمان راپرسی ئەوەی دەرخست كه تەنیا لهسهدا 14 ژنان کاردەکەن یان چالاکانە بەدوای کاردا دەگەڕێن، بەراورد بە لهسهدا 73 پیاوان، لەکاتێکدا لە کەرتی تایبەت، تەنیا لهسهدا 2 کارمەندان ژنن.
بێکاریش، لەکاتێکدا بە داتای فەرمی لهسهدا 10.8 لە تەواوی وڵاتدا پێكدههێنێت، لە نەینەوا و پارێزگاکانی دیکە بەرزترە کە تا ئەمدواییانە شەڕیان تێدابوو یاخود لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون.
ئەو ململانێ خوێناوییانەی بۆ ماوەی نزیکەی چوار دەیە وڵاتەکەیان وێرانکردووە -- كه به جەنگی ئێران-عێراق 1980-1988 دهستی پێكرد -- بە سەدان هەزار کەسیان کوشتووە و کەمئەندام کردووە و بۆتە هۆی جیابوونەوەیەکی زۆری هاوسهران.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئەنجامدا، لەمڕۆدا یەك لە 10 خێزانی عێراقی لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن.
دراوسێیەکی ئوم مستەفا، عادل زەکی، کە زۆرجاران سەردانی دوکانەکەی دەکات بۆ کڕینی چکلێت یان بتڵێك شەربەتی پرتەقاڵ، وتی: "پشت بەخۆبەستنی ئوم مستەفا دەبێت ببێتە نمونەیەك."
هاونیشتمانیه موسڵییەکەی، دانیا سالم، پێویستییهكی ئهوتۆی بە پارەپهیداكردن نەبوو.
بەڵام دوای هەڵاتن لە ماڵەوە لەگەڵ خێزانەکەی بۆ رزگاربوون لە پێشڕەویی تیرۆریستان، لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، حەزی خۆی دۆزییەوە.
دانیا، 23 ساڵ، كه دەرچووی بەشی ئابورییه، لە دوکانێکی گوڵفرۆشتن لەوێ کاریدەکرد، کە فێربوو باقەی گوڵی نوێ ئامادەبکات و تاجەگوڵینە دروستبکات.
دوای گەڕانەوە بۆ ماڵەکەی لە موسڵ، دوکانێکی گوڵفرۆشی کردەوە لە ئابی 2018 کە ئێستا تەواو رازاوەیە.
وتی: "بۆ من ئەمە تەحەدایەك بوو -- شێوازێك بوو بۆ باشترکردنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگادا، کە ئێستا زۆر گۆڕاوە."
'هەنگاوی یەکەم'
لەوکاتەوەی داعش لە موسڵ شکستی پێهێنراوە -- كه ماوەیەکی زۆر ناوهندی بازرگانی بوو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا -- شارەکە بە گەشەکردنێكی کلتوریدا تێپەڕدەبێت.
رۆژبەڕۆژ ژمارەی ئەو ژنانەی بەشداریدەکەن لە فەزای گشتیدا زیاد دهكات، جا بە دۆزینەوەی کار بێت شانبەشانی پیاوان یان بە دامەزراندنی کار و كاسبیی خۆیان.
پێشئەوەی بگەڕێتەوە بۆ رێکخستنی گوڵەکانی، سالم وتی: "ئەم دوکانە هەنگاوی یەکەمە و پلانم بۆ داهاتووش هەیە."
بۆ چالاکوانی مافەکانی ژنان، ریم محەمەد، زۆر گرنگە دەوڵەت پاڵپشتی ژنان بکات کە کار و كاسبیی خۆیان دادەمەزرێنن.
وتی: "دەبێت مافە کۆمەڵایەتیەکانیان دڵنیایی پێبدرێت، کاریان پێبدرێت و گارەنتی پێگەی کلتوری و سیاسییان بکرێت."
بەڕێوبەری بەڕێوبەرێتی پلاندانانی پارێزگای نەینەوا، خەڵەف حەدیدی، وتی ئەم پەیامە دەگەیەنێت.
وتیشی قەرزی بچوکی پێنج بۆ 10 ملیۆن دینار (4,200 بۆ 8,400 دۆلار) دەدرێت، كه ئهولهویهت بۆ ژنان و کوڕان و کچانه.
بەڵێنی دا كه ئەمە جێبەجێبکرێت هەرکات پارێزگاکە ئەو یهك ملیار دۆلارەی پێبگات کە لەنێو بودجەی فیدراڵیی عێراقدا بۆی تەرخانکراوە، بەبێ دیاریکردنی ئەوەی کەی ئەوە روودەدات.