http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2018/12/26/feature-01

×
×
ئاساییش |

کوشتنی سەرکردەکانی داعش ورە و هەوڵەکانی راکێشانیان کەمدەکاتەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

سەرکردەی داعش ئەبو عومەرەین کە لە ڤیدیۆیەکدا له‌ 2014 دەردەکەوێت له‌كاتێكدا بارمتەی گروپه‌كه‌ پیتەر کاسیگی ئەمریکی دەکوژێت، لە هێرشێكی هاوپەیماناندا کوژرا لە 2 کانونی یەکەم. [وێنەکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە]

رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش) ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و ئەندامەکانی لەدەستداوە لە شەڕی بەردەوامی دێرەزووری سوریا و له‌ عێراقیش، کە توانای شه‌ڕكردنی گروپەکەی لاوازکردووە لەگەڵ هەوڵەکانی راکێشانی ئه‌ندامان، پسپۆڕان بە دیارونایان وت.

رۆژنامەوانی سوری، محەمەد عەبدوڵا بە دیارونای وت زۆرێك لە فەرماندە پلەیەکەکانی داعش لەم ماوەیەی دواییدا لە سوریا کوژران.

وتی لەنێویاندا بەرچاوترینیان ئەبو عومەرەینبوو کە لە ڤیدیۆیەکدا له‌ 2014 دەردەکەوێت بارمتەی ئەمریکی پیتەر کاسیگ دەکوژێت.

عومەرەین لە هێرشێكی ئاسمانی هاوپەیماناندا کوژرا لە 2 کانونی یەکەم.

هاوڵاتیانی بەریتانی ئەله‌کساندا کۆوتی و شەفیع شێخ کە پەیوەندییانكردبوو بە رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا' (داعش)ه‌وه‌، لە شوباتدا لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیرکران. [خاوەنی وێنە: محەمەد عەبدوڵا]

محەمەد جەواد کازم، هاوڵاتیەکی ئێرانی کە ناسراویش بوو بە ئەبو ئیسلام بەلجیکی، لە پێکدادانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا کوژرا لە دێرەزوور لە 27 تشرینی دووەم.

یەکێك لە بەناوبانگترین فەرماندەکانی داعش، محەمەد مەحمود کە لەبنەڕەتدا نەمسایی-میسرییە و ناسرابوو بە ئوسامە غەریب، لە هێرشێكی هاوپەیماناندا لە دێرەزووری خۆرهەڵات کوژرا لە کۆتایی تشرینی دووەم.

ئەبو یەعقوب مەقدیسی، کە پێشتر "ئەمیری توێژینەوە"ی داعش بوو، لەگەڵ فەرماندەی مەیدانی ئەبو موسعەب سەحراوی و حەفس هەمەدانی، لە هەمان هێرشی ئاسمانییدا کوژران.

لە سەرەتای ئەمساڵدا، جێگری سەرکردەی داعش ئەبوبەکر بەغدادی، ئەبو عەبدولڕەحمان تەمیمی عوتەیبی جەزراوی لە هێرشێكی ئاسمانیدا کوژرا لە شوبات.

هێزە ئاسمانیەکانی عێراقیش ئەیاد عوبێدییان کوشت، ناسراو بە ئەبو سالح حەیفا.

لە شوبات، هێزەکانی سوریای دیموکرات دوو ئەندامی داعشیان دەستگیرکرد کە هاوڵاتی بەریتانیا بوون -- ئەله‌کساندرا کۆوتی و شەفیع شێخ.

ئەندامێكی داعش، دێنیس مامادو گێرهارد کوسپێرت، کە هاوڵاتیەکی ئەڵمانی بوو ناسرابوو بە ئەبو تەلحە ئەڵمانی، لە کانونی دووەمدا لە سوریا کوژرا.

بەئامانجکردنی سەرکردەکانی داعش 'زۆر گرنگە'

عەبدوڵا وتی مەرگی هەموو ئەم فەرماندە و ئەندامانەی داعش لەمساڵدا لەگەڵ زۆرێکی دیکە لە ساڵانی پێشوودا"روونیدەکاتەوە کە گروپەکە زۆربەی ئەو سەرکردانەی لەدەستداوە کە رۆڵیان هەبوو لە هاندانی گەنجاندا بۆ هاتنە ریزەکانیان لەسه‌رانسه‌ری جیهاندا و شەڕکردن لەگەڵیان".

شیکاروانی ستراتیژیی، لیوا یەحیا محەمەد عەلی، کە خانەنشینی سوپای میسر بووە، وتی: "بەئامانجکردنی سەرکردەکانی داعش زۆر گرنگه‌ و پێویستە لە شەڕی دژی گروپەکەدا لەبەر چەندین هۆکار."

بە دیارونای وت كه‌ لێدانی سەرکردەکان ریزەکانیان ناجێگیردەکات لەواقیعدا "لەبەر ئەو ناڕێکییەی بەدواییدا دێت لەڕووی فەرمان و رێنمایی [سەربازییەوە]".

وتی لەڕووی دەروونییەوە، لەدەستدانی فەرماندەی پلەیەك کاریگەریی نەرێنیی هەیە لەسەر ورەی چەکداران.

وتیشی: "گەر ئەو فەرماندانە یەك لەدوای یەك بکوژرێن سەرەڕای هەنگاوی ئەمنی توند بۆ پاراستنیان، ئەوە مانای چی ده‌گه‌یه‌نێت بۆ دەرفەتی زیندوومانەوەی ئەندامانیان؟"

عەلی وتی بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی هەواڵی زیانەکانی داعش کاریگەریی لەسەر توانای گروپەکە دەبێت بۆ راکێشانی چەکداری نوێ.

وتیشی داعش "ئەو توانایەی جارانی نەماوە و یەکێك لە ئامرازە گرنگەکانی راکێشانیشی لەدەستداوە".

پسپۆڕی سەربازی، لیوا وائیل عەبدولموتەلیب، کە خانەنشینە لە سوپای میسردا، وتی: "بەئامانجکردنی فەرماندە و ئەمیرەکانی گروپەکە بەشێوازێکی زۆر ورد بەڕێوەدەچێت کە پێکهاتووە لە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەوڵی هەواڵگریی زیرەکانەدا."

بە دیارونای وت ناکرێت ئەم هێرشانە بەبێ هەواڵگریی پشتپێبەستراو ئەنجامبدرێن لەلایەن تیمەکانی ناوچەکە و ئامرازی پێشكەوتووی چاودێری و شوێنپێهەڵگرتنەوە.

وتی ئەمانەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سەتەلایتیان تێدایە، کە رۆڵی سەرەکییان هەیە "چونکە ئەو داتایەی دەیبەخشن، کۆدەکرێتەوە و دەپشکنرێت لەگەڵ ئەو هەواڵگرییانەی کۆکراونەتەوە لە ناوچەکە تا ئامانجەکان پشتڕاستبکرێنەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
5

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha