بەرپرسان و دانیشتوان دەڵێن کەمتر لە مانگێك دوای رزگارکردنی شارۆچکەی دەشیشە لە پارێزگای حەسەکە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، هێزەکانی سوریای دیموکرات پێشڕەوی زۆریان کردووە لە لابردنی مینەکاندا.
ئەفسەری هێزەکانی سوریای دیموکرات فەرهاد خۆجە بە دیارونای وت داعش دەروازەکانی شارۆچکەکە و سنوورەکانی بە مین تەنیبوو بۆ رێگرتن لە هاتوچۆی مەدەنیەکان و پێشڕەویی ئهو هاوپەیمانێتیه كه لە کورد و عەرەب پێکهاتووە.
وتی لە 17 حوزەیرانەوە، کە شارۆچكهی حهسهكه له باشوری خۆرئاوا رزگارکرا، زۆربەی ناوچەکە لە مین پاككراوهتهوه و دانیشتوانەکەش دەستیانکردووە بە گەڕانەوە.
خۆجە وتی دەوروبەری دەشیشە شوێنێکی بیابانی سەختە و دانیشوتانەكهش پشتیانبەستووە بە زاووزێکردنی ئاژەڵ و فرۆشتنی، "بۆیە لابردنی مینەکان ئەولەویەت بوو بۆیان".
هێزەکانی سوریای دیموکرات دەبوایە ئهو مین و تەقەمەنیە دەستکردانه لابهرن كه داعش داینابوون لەو کاتەدا کە پێشڕەوییان دەکرد لە رۆژهەڵاتی سوریا وەك بەشێك لهئۆپەراسیۆنی توڕەیی جەزیرە .
لابردنی مینەکان 'پلەی پێوانەییان شکاند'
خۆجە وتی: "ئهو مینانهی گروپەکە داینابوون جۆراوجۆرن بەڵام زۆربەیان بە زنجیرەیەك پێکەوە بەسترابوونەوە و ژمارەیەك لە مینەکان بە یەك تەقێنەرەوە بەسترابوونەوە و وا دیزاینکرابوون كه لە ناوچەیەکی بەرفراواندا بتەقنەوە و زیانی مەزن بدەن."
وتیشی مینی دژی سەرباز و دژە تانکیشیان دانابوو.
ههروهها وتی سەرچاوەی مینەکانیش هەمەجۆربوون و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه هەندێكیان "لە گروپی دیکە کڕیبوو یان دەستیان بەسەردا گرتبوو دوای ئەوەی ناوچەکانی عێراق و سوریایان گرتبوو"، هەندێكی دیکە لەلایەن کارگەی ناوخۆیی گروپەکەوە دروستکرابوون.
وتی ئەوانەش چەند شێوە و رەنگی جۆراوجۆریان هەیە و لەگەڵ زەوییەکە دەگونجێن و وتیشی ئەوە وا دەکات "دۆزینەوەیان و پوچەڵکردنەوەیان زۆر سەختبێت."
چالاکوانێكی بواری میدیا لە حەسەکە، عەمار ساڵح، بە دیارونای وت ژیان بەرە بەرە دەگەڕێتەوە بۆ دەشیشە و ناوچەکانی دیکە هێزەکانی سوریای دیموکرات رزگاریکردوون، چونکە لە مین و چەکدارە پاشماوەکانی داعش پاکراونەتەوە.
وتیشی هاوئاهەنگیەكی تەواویش هەیە لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دانیشتوانەکەدا، کە هاوکارن لە دەستنیشانکردنی ئەوانەی تۆمەتبارن بەوەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە.
وتی: "دەکرێت بوترێت پلەی پێوانەییان شکاندووە، چونکە تیمەکانی ئەندازیاری مینەکانیان لە تەواوی شارۆچکەکە و چواردەوری پاکكردۆتەوە کە دهیان کیلۆمەترێك فراوانە."
وتی ئۆپەرایسۆنەکانی پاکردنەوەی مین بەردەوامە لە ناوچەکە و دانیشتوانەکەش دەورییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بنکەکانیان ئاگاداردەکەنەوە لە هەر شتێکی گوماناوی.
ساڵح وتی مینەکان کۆکراونەتەوە و دوور لە دانیشتوانی ناوچەکە تەقێنراونەتەوە.
خاڵی سنوور لەگەڵ عێراق
ساڵح وتی دەشیشە زۆر گرنگە، "چونکە نزیکە لە سنووری عێراق و سوریا و چەکدارانی داعش وەك خاڵێكی پهڕینهوه بهكاریاندههێنا".
وتیشی ژمارەیەك خێزان و خێڵهكان رۆژانه لهنێوان هەردوولای سنوورهكهدا هاتوچۆدهكهن بۆ پێداویستیەکانی رۆژانەیان.
وتی: "لەبەرئەوەش لابردنی مینەکان زۆر پێویستبوو، چونکە پرۆسەی گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی و بازرگانی و گواستنەوەی شمەك خێراتر دەکات."
دانیشتوویهكی دەشیشە، مەشعەل عەلی، کە پێشتر مامۆستا بووە، وتی کاتێك دەشیشە لە دەستی داعشدا بوو، دانیشتوانەکە بە دەست نەبوونی خزمەتگوزاریەکانەوە دەیانناڵاند، بەتایبەتی ئاو و سوتەمەنی و غازی ناوماڵ و کارەبا.
ناوبراو بە دیارونای وت: "سوپاس بۆ ئۆپەراسیۆنە توندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە بەردەوامن لە راوەدوونانی پاشماوەکانی گروپەکە و ناوچەکەشیان لە مین پاککردەوە."