هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

ژیان دەگەڕێتەوە بازاڕی مەرکەدە دوای دەرپەڕاندنی داعش

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

ژیان گەڕاوەتەوە بۆ بازاڕی شارۆچکەی مەرکەدە لە پارێزگای حەسەکەی سوریا دوای ئەوەی رزگارکرا لەده‌ست "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) كه‌ 9 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: عەمار ساڵح]

ژیان گەڕاوەتەوە بۆ بازاڕی شارۆچکەی مەرکەدە لە پارێزگای حەسەکەی سوریا دوای ئەوەی رزگارکرا لەده‌ست "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) كه‌ 9 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: عەمار ساڵح]

بازاڕه‌كه‌ی شارۆچکەی مەرکەدە لە سوریا گەڕانەوەی باری ئاسایی بەخۆوەدەبینێت دوای ئەوەی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لەوێ دەرپەڕێندرا له‌ 9 تشرینی دووەم.

شەقامەکانی ئه‌و شارۆچکه‌یه‌ كه‌ نزیکە لە شەدادییه‌وه‌ لە پارێزگای حەسەکە له‌ باشور، پڕبووە لە کڕیار دوای ئەوەی ئەو ناوچە ستراتیژییە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوورەوە رزگارکرا.

ژیان خێرا گەڕایەوە بۆ مەرکەدە، چونکە زۆربه‌ی دانیشتوانەکەی مانەوە لە کاتی شەڕی دەرپەڕاندنی داعشدا لەبەرئەوەی شەڕە سەرەکییەکان لە رۆخی شارۆچکەکە و گوندەکانی چواردەوری روویاندا.

ئەفسەری هێزەکانی سوریا دیموکرات، فەرهاد خۆجە، کە لەو ناوچەیە جێگیرە، وتی ئەو ناوچانەش بریتیبوون لە عەلوە شەمسانی، زه‌ینەت، جاد و عه‌ناد.

نووسینەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە دوای خۆیان بەجێیانهێشتووە لە دەروازیەکی شارۆچکەی مەرکەدە لە پارێزگای حەسەکە دوا پاشماوەی گروپەکەیە كه‌ ماوەتەوە لە دوای دەرکردنیان له‌ 9 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: عەمار ساڵح]

نووسینەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) کە دوای خۆیان بەجێیانهێشتووە لە دەروازیەکی شارۆچکەی مەرکەدە لە پارێزگای حەسەکە دوا پاشماوەی گروپەکەیە كه‌ ماوەتەوە لە دوای دەرکردنیان له‌ 9 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: عەمار ساڵح]

خۆجە بە دیارونای وت شارۆچکەكه‌ پاككراوه‌ته‌وه‌ له‌و مینانه‌ی داعش چاندبوونی و کاردەکرێت بۆ پاککردنەوەی گوندەکانی چواردەوری و ناوچە کشتوکاڵییەکان بۆ رێگەخۆشکردن بۆ دانیشتوانەکە تاکو بە ئازادی لە ناوچەکەدا بگەڕێن.

خۆجە وتی ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوە درێژەیانکێشا بەهۆی ئەو تونێلانەی چەکدارانی داعش بەکاریانهێنابوو وەك پەناگە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان و هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیماناندا.

رێگرتن لە دزەکردنی داعش

خۆجە وتی هێزەکانی سوریای دیموکرات چەندین بازگەیان لە دەروازەکانی شارۆچکەکە داناوە و لەو شوێنانە به‌دواداچوون بۆ ناسنامە و بەڵگەنامەکان ده‌كه‌ن و چاودێریی هاتن و چوون دەکەن بۆ رێگرتن لە هەوڵه‌كانی دزەکردنی داعش.

وتیشی مەترسی هەیە چونکە زۆربەی چەکدارەکانی داعش لە شەڕەکاندا هەڵهاتوون بۆ بەشەکانی دیکەی دێرەزوور.

هه‌روه‌ها وتی: "هاوئاهەنگی باش هەیە لەنێوان دانیشتوانەکە و هێزەکانی ئاسایشدا." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە "زۆربەی ئەندامانی ئاسایش خەڵكی مەرکەدە و شەدادی و دەشتەکانی حەسەکەن، ئەمەش دڵنیایی داوەتە دانیشتوانەکە."

دانیشتووی مەرکەدە و بازرگانی ئاژەڵ، فەیسەڵ مه‌شوح، بە دیاونای وت شارۆچکەکە بە بازاڕەکەی بەناوبانگە، چونکە بنکەی سەرەکی دانیشتوانی حەسەکە و شەدادی و دێرەزوورە.

وتی لەدوای دەرکردنی داعشەوە ژیان گەڕاوەتە بۆ بازاڕەکەش، کە هەموو جۆرە خواردن و سەوزە و ئاژەڵێكی تیادا دەستدەکەون.

مه‌شوح وتی: "نرخەکان باشن و بەرزبوونەوەی خێرایان بەخۆیانەوە نەبینیوە وەك هەندێك ناوچەی دیکە."

وتیشی: لەوانەیە ئەمە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كه‌ ئێرە ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و خەڵکەکەی کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەکەن و پەیوەندییەکی نزیکی خزمایەتیش لەنێوانیاندا هەیە كه‌ ده‌بێته‌ رێگر لەبه‌رده‌م هەلقۆستنەوەی بارودۆخه‌كه‌دا."

سەرکەوتنێکی سەربازی ستراتیژی

مه‌شوح وتی هه‌ڵكه‌وته‌ی شارۆچکەکە رێدەدات بازرگانەکان لە هەموو لایەکەوە بۆی بێن -- لە دێرەزوور، حەسەکە و تەنانەت لە عێراقیشەوە -- هەروەها هەبوونی ئەو هەموو شمەکە وایکردووە کەس بیرنەکاتەوە لە بەرزکردنەوەی نرخەکان.

چالاکوانی بواری کۆمەڵایەتی و میدیا، عەمار ساڵح، بە دیارونای وت رزگارکردنی مەرکەده‌ سەرکەوتنێكی سەربازی گرنگ بوو بەهۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی ستراتیژیی شارۆچکەکەوه‌، چونکە لەسەر سنووری دیرەزوور و حەسەکەیە.

وتی وەکو شادەمارێکی گرنگی نێوان هەردوو ناوچەکەیە و رێڕەوێکی گرنی گەیاندنیشە لەنێوان دێرەزوور و عێراقدا.

وتیشی شارۆچکەکە زۆر نزیکه‌ لە بیری گازی عومەره‌وه‌، لەبەرئەوە "کۆنترۆڵکردنی مەرکەدە زۆر پێویستبوو بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکانی دەورووبەری حەسەکە و دێرەزوور."

هه‌روه‌ها وتی شارۆچکەکە ئێستا لەلایەن پیرانی خێڵه‌كانه‌وه‌ بەڕێوەدەبرێت و هاوئاهەنگییان لەگەڵ سەرۆکایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا هەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی و رێگرتن لە دزەکردنی چەکدارانی داعش بۆ ناوچەکە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500