ئاساییش |

2018-04-17

هەرێمی کوردستان زیندانیەکانی داعش دەداتە حکومەتی عێراق

Di icons tw 35 Di icons fb 35

ئەندامانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە دەستگیرکراون لەکاتی شەڕی تەلەعفەردا لە 2017. [خاوەنی وێنە: تۆڕی هەواڵی خۆرئاوای نەینەوا]
ئەندامانی رێکخراوی 'دەوڵەتی ئیسلامی' (داعش) لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە دەستگیرکراون لەکاتی شەڕی تەلەعفەردا لە 2017. [خاوەنی وێنە: تۆڕی هەواڵی خۆرئاوای نەینەوا]

بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەدان زیندانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان داوەتەدەست حکومەتی عێراق وەك بەشێك لە رێککەوتنێکی دوولایەنە کە بەرپرسانی فیدراڵ دەڵێن ئاسایش و سەقامگیریی عێراق برەوپێدەدات.

گواستنەوەی زیندانیان، کە 12 ئازار دەستیپێکرد، ئەنجامی رێککەوتنێك بوو كه‌ لەلایەن لیژنەکانی حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا و حکومەتی هەرێمەوە ئەنجامدرا.

بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان وت پێشوازی لەم هەنگاوە دەکەن و جەختیانکردەوە لە گرنگی هاریکاریی بەردەوام لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمدا بۆ دڵنیاییدان بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق.

بەرپرسێكی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری، وتی لە مانگی ئازاردا زیاد لە 1,460 ئەندامی داعش درانەدەست حکومەتی عێراق.

زێباری بە دیارونای وت: "ئەم کەسانە لەلایەن هێزە ئەمنیە کوردییەکانەوە دەستبەسەرکرابوون، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوە لێیان بەردەوامبوو تا بڕیاربدرێت لەسەر رۆڵیان لە تاوانە تیرۆریستییەکاندا."

وتی ئەوانه‌ درانه‌ حکومەتی فیدراڵ بەگوێرەی بڕیاری دادگاکانی حکومەتی هەرێم و ئاماژەشیکرد بەوەی بەرپرسانی دادوەری لە بەغدا و پارێزگای نەینەوا بەردەوامدەبن لە لێکۆڵینەوە و بڕیاردەرکردن بۆیان.

وتیشی نزیکەی 1,000 دەستبەسەری دیکە دوای ئەوەی لە لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت بێتاوانن، ئازادکران، "بەڵام چەند سەد کەسی دیکە لەلایەن دادگاکانی حکومەتی [هەرێمی] کوردستانەوە تاوانبارکران" و بە دەستبەسەری ده‌مێننه‌وه‌.

وتی هەندێکی دیکە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و ده‌سه‌ڵاتی دادوەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای سزادانی عێراقی بڕیاریان لەسەردەدات.

دەبێت ده‌سه‌ڵاته‌كان پێکەوە کاربکەن

زێباری جەختیکردەوە لە پێویستی بەردەوام بۆ لەنزیکەوە کارکردنی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم له‌گه‌ڵ حکومەتی عێراق.

وتی: "لەوەتەی پارێزگای نەینەوا ئازادکراوە، ئەمە داوای سەرەکیمان بووە، چونکە هاریکاری و گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگری گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی گشتی."

زێباری وتیشی: "ئەندامانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هاوشانی یەك شەڕی تیرۆریزمیان کرد." ئاماژەشیکرد بەوەی کە "بەرهەمی ئەم هاریکارییە روونە لە شێوەی ئەو سەرکەوتنەی بەسەر داعشدا بەدەستهات".

وتی: "بەڵام ناکرێت بەمە قایلبین و دەبێت هەوڵە هاوبەشەکانمان بەردەوامبێت."

توێژەر هیشام هاشمی کە شاره‌زای بزوتنەوە تیرۆریستیەکانه‌، وتی ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەكه‌ ئەنجامی دانوستانه‌كانی 28 تشرینی یەکەمە لەنێوان ئەو لیژنانەدا كه‌ نوێنەرایەتی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمیان دەکرد.

هاشمی بە دیارونای وت: "پێمانوایە ئەمە پێشهاتێکی گرنگە و بەهۆی کەشی ئەرێنی نێوان هەردوولاوە دروستبووە، لەگەڵ حەزێكی هاوبەش بۆ پتەوکردنی ستونەکانی سەقامگیری لە وڵاتدا."

دڵنیابوون لەوەی دادوەری چەسپاوە

هاشمی وتی هێزە کوردیەکان سەرکەوتووبوون لە دەستگیرکردنی ژمارەیەك چەکداری داعش لە شەڕدا، لەکاتێکدا هەندێکی دیکە خۆیان و خێزانەکانیان بەدەستەوە دا، بەتایبەتی لەکاتی شەڕی ئازادکردنی شەرگات و عەیازیە و حەویجەدا.

وتیشی: "زانیارییەکی ورد نیە دەربارەی ژمارەی ئەندامانی داعش و خێزانەکانیان کە لەلایەن پێشمەرگەوە دەستگیرکراون و ئێستا له‌ زینداندان، بەڵام دەتوانم بڵێم ژمارەکە کەمتر نیە لە 3,000."

پەرلەمانتاری عیراقی، ئه‌سکەندەر ویتویت کە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە، ژمارەکەی بە "کەمتر لە 5,000" دانا.

تکای لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمیش کرد ئەو ئەندامانەی داعش کە هێشتا لە زیندانەکانیاندان رادەستبکەن "تا لێکۆڵینەوەی تەواو و دادگایی بکرێن".

ویتویت بە دیارونای وت ئەمە سەردەکێشێت بۆ بڕیاری وا "کە دادوەری بچەسپێت و ئەم کەسانە باجی ئەو تاوانانە بدەن کە دژی خەڵکی عێراق ئەنجامیانداوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 Di icons no
* واتە ئەم خانەیە پێویستە
Captcha