هاوپەیمانێتیەکی نوێ راگەیەندرا لە بەغدا هەفتەی رابردوو کە پێك دێت لە چەند هێزی گرنگ و کاریگەر لە پارێزگا زۆرینە سوننە نشینەکانی عێراق.
دروستبوونی یەکێتی هێزە نیشتیمانیەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیەندرا هەینی (14 تەمموز) لە پایتەختی عێراق.
سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هاوپەیمانێتیە نوێکە، سەلیم جبوری، ئامادەی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە بوو، هاوشانی جێگری سەرەکوەزیران، ئوسامە نوجەیفی و پەرلەمانتارانی تری عێراقی.
بەگوێرەی مانیفێستۆكهیان، هاوپەیمانێتیە نوێکە هەوڵدەدات دژی تیرۆریزم و ئایدیۆلۆژیای توندڕهو بجەنگێت و پاڵپشتی حکومەتی عێراق بکات لە هەوڵەکانی بنیاتنانەوە لە ناوچە ئازادکراوەکاندا لەدەست رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
بەگوێرەی جبوری هاوپەیمانێتیە نوێکە داوا لە "هەموو کەسێك دەکات بنهمای روون بگرنەبەر و ئەو هەنگاوبنێن بهرهو دهرهێنانی وڵاتەکە لە قەیرانە دوبارەبووەکانی و پابهندی بنهما نەتەوەییهكان بن."
وتیشی ئەوە بە پەیڕەوکردنی "کۆمەڵێك هۆکار" دەکرێت "وەك هەوڵی ئاشتەوایی راستەقینە و کارکردن بەرەو سەقامگیری بۆ ئەو بەشانەی وڵات کە تیرۆریزم تیایدا گەشەی کرد، لەکاتێکدا سهركۆنهی ئایدیۆلۆژیا توندڕەوهكانی كرد."
جبوری وتی هاوپەیمانێتیە نوێکە جەختدەکاتە سەر هاوکاریکردن بۆ گەڕاندنەوەی دانیشتوانی ئاوارە بۆ ماڵەکانیان و دابینکردنی ئاسایش لەو ماوە راگوزەرەدا.
ئەو داواشی لە بەرپرسە هەڵبژێردراوەکان کرد بەرپرسیارێتییان بەجدی هەڵبگرن و پشتیوانی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە، ئاسایش، گەڕاندنەوەی خێزانە ئاوارەکان و ئازادکردنی ئەو شارانە بکەن کە هێشتا لەژێردەستی داعشدا ماون، وەك حەویجە، رۆژئاوای ئەنبار و تەلەعفەر.
هەروەها وتی: "هاوپەیمانێتیە نوێکە گروپه تائیفی و دهمارگیرهكان رەتدەکاتەوە و هەوڵدەدات پرۆژەیەکی هەمەلایەنە و نەتەوەیی دروستبکات بۆ یارمەتیدانی پلانێك بۆ سهردهمی دوای داعش" کە تێیدا دەوڵەت رێزی لێدهگیرێت وەك دەسەڵاتی شەرعی.
هاوپەیمانێتیەک دژی تیرۆریزم
پەرلەمانتاری عێراقی، شەزا عەبوسی، کە ئەندامی هاوپەیمانێتیە نوێیەکەیە، بە دیارونای وت کاری لەپێشینەی یەکێتی هێزە نیشتیمانیەکانی عێراق بەرەنگاربوونەوەی ئایدیۆلۆژیای توندڕەوه.
وتیشی: "ئەم شێوازی بیرکردنەوە لاداوانه زیانێکی زۆری بە کۆمەڵگا گەیاندووە و بووەتە هۆی جەنگ و مایەی ئازار لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا."
هاوپەیمانێتیە سیاسیە نوێیەکە بەجدی پشتگیری هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات لە شەڕی دژی گروپە توندڕەوەکانی وەك داعش، ئاماژەشیدا بهوهی كه چەندین ئەندامی هاوپەیمانێتیە نوێیەکە سهربه هۆزەکانن.
وتیشی ئەو لایهنانهی هۆزهكان شەڕیانکردووە لەژێر فەرماندەیی حکومەتی فیدڕاڵدا بۆ وەدەرنانی داعش.
عەبوسی وتی هاوپەیمانێتیەکە پلانی هەیە بۆ پشتیوانیکردنی دوایین پێشڕەویە سەربازیەکان "بە ئامادەکردنی ژینگەیەکی باش بۆ بهرهنگاربوونهوهی ئایدیۆلۆژیای تیرۆریزم و پەراوێزخستنی لەڕووی کۆمەڵایەتی و خنكاندنی لەڕووی ئابورییەوە."
وتیشی تیرۆریزم لەناوناچێت بەبێ هاریکاری نێوان هێزە سیاسیەکانی هەر ناوچەیەك و ئاماژەشیدا بهوهی كه "خەڵك ناتوانێت هەست بە ئارامی بکات یان هەستی نەتەوەیی هەتا شارەکانیان بنیاتدەنرێتەوە و خزمەتگوزاری چاکدەکرێتەوە و هەلی کار بەرجەستەدەبێت."
هەروەها وتی: "ئەمە بنەمای دەستپێکی هاوپەیمانێتیە سیاسیە نوێیەکە دەبێت."
وتی لە قۆناغی داهاتودا "ئەو چەند کەسە کەمەی ناوچە ئازادکراوەکان کە ناچارکرابوون مامەڵە لەگەڵ داعش بکەن بە هۆکاری دارایی" دەبێت رەچاوبکرێن.
وتیشی لەناوبردنی تیرۆریزم داواکارییەکی نێودەوڵەتییە و پشتڕاستیکردەوە كه یەکێتی هێزە نیشتیمانیەکانی عێراق داوا لە جیهان دەکات بۆ زیادکردنی پشتیوانی، بەتایبەتی بۆ پارێزگا ئازادکراوەکان کە شارە وێرانكراوهكانیان بنیاتدەنێنەوە.
پەرلەمانتاری عێراقی و ئەندامی هاوپەیمانێتیە نوێیەکە، ئەحمەد مەساری، بە دیارونای وت ناوچەکە و جیهان پشتیوانی ئەو پارێزگایانە دەکەن بە دروستکردنی میکانیزمێك بۆ کۆکردنەوەی کۆمەك لەگەڵ دروستکردنی سندوقێك کە سەرچاوەی دارایی پێویست دابینبکات.
جەختیشی لە گرنگی کارکردنی پێکەوەیی کردەوە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا و داوای پاراستنی خەڵکی ناوچە ئازادکراوەکانی کرد.
چەند حیزبێك کە پەیوەندییان بە هاوپەیمانێتیە نوێکەوە کرد ناوەکانیان وەك خۆی هێشتۆتەوە، لەنێویاندا حیزبی یەکێتی بۆ عێراقی ئوسامە نوجهیفی و حیزبی بزوتنەوەی نیشتیمانی بۆ گەشە و چاکسازی، جەمال کەربولی، (ناسراو به چارەسەر) وههروهها هاوپەیمانێتی عەرەبییە بە رابەرایەتی ساڵح موتڵەق، جگه له چهند پارتێكی سونیی تر.