هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

پڕوپاگەندەی داعش لە بانگەشەی خەلافەت دووردەکەوێتەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

وێنەیەکی وەرگیراو لە ڤیدیۆیەکی ئەمدواییانەی داعش بەناوی "سەربەرزییەکی بەڕێزانە" کە ئەندامانی گروپەکە پیشاندەدات پیاوێك دەبەستنەوە لە مەیدانێکی گشتیدا لە رەققە لە سوریا، پێش ئەوەی بیکوژن. پڕوپاگەندەی داعشی لەم جۆرە گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە کە دوورە لە بانگەشەکانیان بۆ دامەزراندنی 'خەلافەت'ی ئیسلامی و لەجیاتی ئەوە بەزۆری تەرکیز دەکاتەسەر توندوتیژی.

وێنەیەکی وەرگیراو لە ڤیدیۆیەکی ئەمدواییانەی داعش بەناوی "سەربەرزییەکی بەڕێزانە" کە ئەندامانی گروپەکە پیشاندەدات پیاوێك دەبەستنەوە لە مەیدانێکی گشتیدا لە رەققە لە سوریا، پێش ئەوەی بیکوژن. پڕوپاگەندەی داعشی لەم جۆرە گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە کە دوورە لە بانگەشەکانیان بۆ دامەزراندنی 'خەلافەت'ی ئیسلامی و لەجیاتی ئەوە بەزۆری تەرکیز دەکاتەسەر توندوتیژی.

ئامێری پڕوپاگەندەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە شپرزەییدایە بەهۆی لەدەستدانی ئەندامە سەرەکیەکانی تیمی راگەیاندنەکەی و تێکشکانی سیمبۆڵیانەی لە شارۆچکەی دابیق لە سوریا، توێژەران بە دیارونایان وت.

توێژەرەکان وتیان بارودۆخەکان کاریگەرییەکی نەرێنیی بەرچاویان هەیە لەسەر هەوڵەکانی داعش بۆ راکێشانی چەکدارانی نوێ.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ئەمدواییانەی ناوەندی دژایەتیی تێرۆریزمی سەر بە وێست پۆینت (ئەکادیمیای سەربازیی ئەمریکی)، هەوڵە پڕوپاگەندەییەکانی داعش کە توانیی زیاتر لە 30,000 چەکداری بیانی رابکێشێت بۆ سوریا و عێراق، لە پوکانەوەی تەواودایە لەژێر فشاری سەربازیدا.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە راپۆرتێکدا رۆژی 10 تشرینی یەکەم دەربارەی ئەم لێکۆڵینەوەیە و بە ئاماژەکردنی بۆ بەناو "خەلافەت"ی داعش، وتی لێکۆڵەرەکان سەرنجیانداوە "دورکەوتنەوەیەکی بەرچاو هەیە لەو بڵاوکراوە و تۆڕە کۆمەڵایەتیانەی وێنەی دەوڵەتێکی بەکار دەکەن".

بەگوێرەی رۆژنامەکە ئیدیعاکانی داعش بۆ دامەزراندنی خەلافەتێکی نوێ "هەتا بێت بێبەها دەبن".

لاوازبوونی پڕوپاگەندەی داعش

شیکاری سەربازی و ئەفسەری خانەنشینی میسری، لیوا عەبدولکەریم ئەحمەد، وتی ئەم پەیوەندییەی هێرشە سەربازیەکان بۆسەر ئامانجە سەرەکیەکانی داعش و ئامێرە بەهێزە میدیاییەکەی "زۆر بەهێزە".

ناوبراو بە دیارونای وت: "بەهۆی ئەم هێرشانەوە، پڕوپاگەندەکەی داعش کە لە 2014 ەوە دەستیپێکرد و بەهۆیەوە توانیی ژمارەیەکی زۆر چەکدار لە هەموو دونیاوە رابکێشێت، لاوازبووە."

وتی لەڕێگەی ئەم پڕوپاگەندەیەوە، داعش وێنەی خۆی کرد وەك سوپایەکی نەبەز و ئیدیعای دامەزراندنی بەناو "خەلافەتی ئیسلامی"ی کرد.

وتیشی داڕمانی ئاشکرای ئەم ئیدیعایانە زەبرێکی گەورەیە لە داعش چونکە چیتر ناتوانێت ئەم فێڵە پڕوپاگەندەیانە بخاتەوەگەڕ بۆ فریودانی ئەندامانی نوێ.

هەروەها وتی: "فەرماندەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زۆر بەپەرۆشەوە بوو بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسانی داعش کە ئەرکیان بەڕێوەبردنی پڕوپاگەندەکانی سەر ئینتەرنێت بوو."

ئەم هێرشە ئاسمانیانە سەرکەوتن لە لەناوبردنی چەندین ئەندامی داعشدا کە رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە خستنەگەڕی ئامێرە میدیاییەکەیدا، بەتایبەتی وائیل عادل حەسەن سەلمان فەیاز، کە گروپەکە لە بەیاننامەیەکدا رۆژی 10 تشرینی یەکەم رایگەیاند کە کوژراوە.

کوشتنی وتەبێژی داعشیش، ئەبو محەمەد عەدنانی، کە بەرپرس بوو لە ئۆپەراسیۆنە بیانیەکان، رۆژی 30 ئاب راگەیەندرا.

ئەحمەد وتی داعش زۆر بەسەختی پشتی بەستبوو بەم ئەندامانە لەسەرەتای سەرهەڵدانیەوە.

وتیشی بۆ ئەندامە ئاساییەکانی داعش، بەئامانجگرتن و کوشتنی سەرکردە سەرەکیەکان ئەوە پیشاندەدات کە ئەوانیش دەشێت لە هەر ساتێکدا بکوژرێن و ئەمەش بێگومان کاریگەرییەکی زۆری هەبووە بۆسەر راکێشان و هێشتنەوەی ئەندامانی نوێ بۆ گروپەکە.

رۆڵی پڕوپاگەندەی پێچەوانە

بەڕێوبەری بەشێکی نوێی راگەیاندن لە ناوەندی ئیبن وەلید بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە میسر، مازن زەکی، وتی: "پڕوپاگەندەی پێچەوانەش رۆڵێکی بەرچاوی بینیوە، لەپاڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکاندا، بۆ لاوازکردنی تواناییە میدیاییەکانی داعش لە راکێشانی ئەنداماندا."

زەکی بە دیارونای وت: "لاوازکردن و خستنەڕووی پڕوپاگەندە و درۆکانی گروپەکە گرنگە لە شەڕدا لەدژی و هاوتایە [لە گرنگیدا] بە ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان."

دژەپڕوپاگەندە دەبێت بەردەوامبێت بۆ بەدرۆخستنەوەی ئایدیۆلۆژیای داعش کە هەوڵیداوە بیچێنێت لە ناوچەکانی ژێردەستیدا و لە هزری لاواندا لە هەموو جیهان.

وتیشی دەبێت ئەم هەوڵانە تەرکیز بخەنەسەر شکستە سەربازیەکانی داعش و خستنەڕووی راستی دەربارەی داعش و ئەو تاوانان و ئەشکەنجانەی ئەنجامیداوە و دەبێت پشتگیریبکرێت لە کاری دەسەڵاتە ئایینیە شەرعیەکان لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا.

بەکارهێنانی ئایین لەلایەن داعشەوە

پیاوێکی ئایینی لە ئەزهەر، شێخ عەبدولمونعیم محەمەد، ئیمامی مزگەوتی نور لە مەعادی لە میسر، وتی لەکاتی سەرهەڵدانیەوە لە 2014، داعش هێرشەکانی وەك "شەڕ دژی کافران" وێناکردووە.

ناوبراو بە دیارونای وت داعش ئەمەی کردووە "بۆ راکێشانی ئەندامان و پێکهێنانی کۆمەڵگایەك کە تەنها وەفاداربێت بۆ خۆی".

وتیشی ئەم بەسەربازیکردنە تایەفی و ئایینیە دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی هەبێت ئەگەر بەجددی چارەسەر نەکرێت، چونکە باری دەرونیی مرۆڤ لەکاتی جەنگدا دەتوانێت وایلێبکات کوێرانە هەڵسوکەوت بکات.

هەروەها وتی ئەمە بەتایبەتی لە حاڵەتێکدا ئەگەر "ئەو زانیاریانەی بەدەستیدەهێنێت سیخناخبێت بە دەمارگیریی ئایینی، رێنومایی ئایینی هەڵە، رقوکینە و هەستکردن بە هەڕەشە لە بوون".

شێخ عەبدولمونعیم وتیشی: "داعش بانگەشە بۆ ئەو بیرۆکەیە دەکات کە هەموو جیهان دژێتی." هەروەها وتی ئەمەش گوڕی داوە بە پڕوپاگەندەکەی بۆ "خەلافەت" کە "دەشێت ئەو کەسانە بخاتە داوەوە کە زرنگییەکی دیاریکراویان هەیە یان زانیاریی سنورداریان هەیە لەسەر زانستە ئایینیەکان".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

2 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500

شه‌رمه‌زاربن بۆ ئیسلامه‌كه‌تان و بوونتان، ئێوه‌ ئه‌ی نه‌وه‌كانی رسوایی!

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌

جیهان، لەنێویدا عەرەب، ئەو ترسنۆکە مێشك شۆردراوە و دواکەوتوانە لەبیرناکات کە باوەڕیان بە درۆکەی قەرزاوی، موفتی سعودیە، وڵاتانی نیمچەدورگە و مەغریب کرد کە بەبێ پاساو و دڕندانە خوێنی هەزاران عەرەبی بێتاوانیان رشت.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌