هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

خزمەتگوزاریەکان باشتردەبن لە فەلوجە لەگەڵ گەڕانەوەی دانیشتوان دا

عەلاء حسێن لە بەغدا

دانیشتوانی فەلوجە دەگەڕێنەوە شارەکەیان لەکاتێکدا خزمەتگوزاریەکان دەستیانپێکردۆتەوە و ژیان دەگەڕێتەوە باری ئاسایی. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار]

دانیشتوانی فەلوجە دەگەڕێنەوە شارەکەیان لەکاتێکدا خزمەتگوزاریەکان دەستیانپێکردۆتەوە و ژیان دەگەڕێتەوە باری ئاسایی. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار]

لەکاتێکدا خێزانە ئاوارەبووەکان دەستیانکرد بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان لە فەلوجە، دەزگا حکومیەکانی شارەکە دەستیانکردەوە بە کار و قوتابخانەکان دەستیانکردووە بە تۆمارکردنی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن کە هەفتەی پێشوو لە عێراق دەستیپێکردەوە.

لە 17 ئەیلولەوە رۆژانە سەدان خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە فەلوجە لەژێر رێوشوێنی ئەمنیی توونددا بۆئەوەی دڵنیابن هیچ ئەندامێکی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دزەناکاتەوە ناو شارەکە.

رزگاربوونی تەواوەتیی فەلوجە لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا راگەیەندرا، دوای ئۆپەراسیۆنێکی یەك مانگی لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە بەپشتیوانی هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانی نێودەڵەتی، بەڵام تەنها بەمدواییانە دانیشتوان دەستیانکرد بە گەڕانەوە بۆ شارەکە، کە بەهۆی ئەو وێرانکاریە گەورەیە و ئەو مینانەوە کە لەلایەن داعشەوە چێنرابوون بۆ نیشتەجێبوون نەدەشیا.

گەڕانەوەی خزمەتگوزاریەکان

قایمقامی فەلوجە، عیسا سایەر عیساوی، بە دیارونای وت: "ژیان دەستیکردووە بە گەڕانەوە بۆ باری ئاسایی لە فەلوجە."

وتی فەرمانگەکانی ئاو و کارەبا دەرگاکانیان کردۆتەوە و کرێکاران گەڕاونەتەوە بۆسەر کار و قوتابخانەکان خوێندکارانیان تۆمارکردووە پێش دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن.

وتی کاریش بەردەوامە بۆ خستنەوەگەڕی دادگای فەلوجە، لەکاتێکدا دەزگا ئەمنیەکان یاسا دەسەپێنن لە شەقامەکاندا.

هەروەها وتی زیاتر لە 2,000 خێزانی ئاوارەبوو گەڕاونەتەوە لە ماوەی دوو هەفتەی دواتری ئەیلولدا و خێرایی گەڕانەوە وردەوردە لە زیادبووندایە.

عیساوی وتی: "ئێستا رۆژانە پێشوازی لە سەدان خێزانی ئاوارەبوو دەکەین، لەکاتێکدا لە رۆژانی سەرەتادا پێشوازیمان تەنها لە دەیان دەکرد."

وتیشی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە نەك هەر بۆ گەڕەکەکانی باکوری فەلوجە، بەڵکو ئێستا بۆ گەڕەکەکانی باشوریش دوای ئەوەی لە پاشماوەکانی شەڕ پاککراونەتەوە و خزمەتگوزاریەکان کەوتوونەتەوەگەڕ.

بەڵام وتی زۆر زیاتر پێویستە بکرێت بۆ گێڕانەوەی خزمەتگوزاریەکان بۆ ئاستی پێشووی دوای ئەو هەموو وێرانکاریەی شارەکە بەخۆیەوە بینیوە لە سێ ساڵی رابردوودا.

وتیشی گەڕانەوەی دانیشتوان پرۆسەکە "خێراتر" دەکات، "چونکە شارەکە دەتوانرێت تەنها بە هێزی خەڵکە گەڕاوەکەی بینابکرێتەوە".

یاریدەدەری سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، فالح عیساوی، ستایشی هەموو هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانی کرد بۆ گێڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ فەلوجە.

عیساوی بە دیارونای وت ئەو هەوڵانە دەوریان هەبووە لە گەڕانەوەی لەسەرخۆی ژیان بۆ شارەکە.

وتیشی: "شارێکی گەورەی وەك فەلوجە کە دانیشتوانەکەی نزیکەی 400,00 کەس دەبێت، هێشتا پێویستییەکی زۆری هەیە بە پشتیوانیی زیاتری حکومەت و هەڵمەتی زیاتری نێودەوڵەتی بۆئەوەی بگەڕیتەوە باری ئاسایی."

رێوشوێنی ئەمنی

فەرماندەی پۆلیسی فەلوجە، عەقید جەمال جومەیلی، وتی: "بارودۆخی ئەمنیی شارەکە بەتەواوی جێگیرە و زۆر باشترە لە بەشەکانی تری ئەنبار" و جێگاکانی تری وڵات.

جومەیلی بە دیارونای وت: "پۆلیس تەنها پێشێلکاریەکیشی تۆمارنەکردووە و یەکە ئەمنیەکان کاردەکەن بۆ سەپاندنی حوکمی یاسا و دەسەڵاتی دەوڵەت بەتەواوی هێزەوە." هەروەها داوایکرد لەو "خێزانانەی هێشتا نەگەڕاونەتەوە تا بەزووترین کات بگەڕێنەوە شارەکە".

وتیشی بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناو شارەکە لە ئەستۆی هێزەکانی فیرقەی یەکی سوپای عێراق و سێ فەوجی فریاگوزاریی پۆلیسی ئەنبار و ئەندامانی پۆلیسی ناوخۆیە.

هەروەها وتی ئێستا هێزەکانی حەشدی خێڵەکی بڵاوبوونەتەوە بە دەوروبەری فەلوجەدا، بەڵام "رەنگە بەمزوانە بۆیان هەبێت بەناوشاریشدا بڵاوببنەوە، لەکاتێکدا چاوەڕێی گۆڕانکاری دەکرێت لە [پلانی] بڵاوبوونەوەی ئەمنیدا".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500