http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2016/07/19/feature-01

×
×

ئاساییش |

خێڵەکان و پۆلیس ئاسایشی فەلوجە دەگرنەدەست

خالید ئەلتائی

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە

هێزە عێراقیەکانی لیوای زرێپۆشی فەلوجە بەشێکن لە هەوڵە ئەمنیە هاوبەشەکان بۆ پاراستنی شارەکە دوای تێکشکاندنی"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش). [خاوەنی وێنە: لاپەڕەی فەیسبوکی لیوای زرێپۆشی فەلوجە]

جەنگاوەرە خێڵەکیەکان و پۆلیسی ناوخۆ دەستیانکردووە بە سەپاندنی ئاسایش لە شاری فەلوجە لە ئەنبار کە لەکۆتایی مانگی حوزەیراندا لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رزگارکرا.

ئەندامی لیژنەی ئاسایشی سەربە ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، راجع بەرەکات عەیفان، هەفتەی پێشوو بە مەوتنی وت کە یەکەکانی جەنگاوەرە خێڵەکیەکان و پۆلیسی ئەنبار دەستیانکردووە بە وەرگرتنەوەی بەرپرسیارێتیەکان لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵ.

عەیفان وتی: "چوار فەوجی سەربە لیوای زرێپۆشی فەلوجە کە لە جەنگاوەرە عەشایەرەکان پێکهاتووە، هاوشانی هێزە فریاگوزاریە ناوخۆییەکانی سەربە فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار، دەستیانکردووە بە چوونە ناو فەلوجەوە بۆ گرتنەئەستۆی ئاسایشی شارەکە و پاراستنی ناوچەکە."

وتی ئەرکی سەرەکی رێگاگرتن دەبێت لە گەڕانەوەی چەکدارانی داعش بۆ شارەکە و پشتگیریکردن لە هەوڵە جیاوازەکان بۆ گێڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری.

وتیشی یەکەم هەنگاو لەم پلانەدا بۆ پاراستنی فەلوجە رێکخستنەوە و ئامادەکردنی هەموو بارەگا و بنکە ئەمنیە سەرەکیەکان دەبێت لە شارەکەدا و بڵاوەپێکردنی هێزەکانی پۆلیس و جەنگاوەرە خێڵەکیەکان بە سەرتاسەری گەڕەك و دەروازەکاندا.

هەروەها وتی ئەمەش بەمەبەستی " رێگاگرتنە لە دزەکردنەوەی تێرۆریستان و پاراستنی دانیشتوانە گەڕاوەکەی و ژیان و ماڵوموڵکیان".

خۆئامادەکردن بۆ دانیشوانە گەڕاوەکان

عەیفان وتی چەندین رێوشوێن گیراونەتەبەر بۆ گەڕانەوەی دانیشتوانە ئاوارەبووەکان و بڕیاروایە یەکەمین گروپەکان لەماوەی مانگی داهاتوودا بگەڕێنەوە.

وتی: "چاوەڕوانین نزیکەی 2,000 خێزان لەیەکەم گوژمدا بگەڕێنەوە و هەر گروپێکیش کە دەگەڕێتەوە پێشوەخت سەلامەتییان مسۆگەرکراوە پێشئەوەی گروپێکی تری بەدوادابێت و بەمشێوەیە تا هەموو خێزانە ئاوارەکان دەگەڕێنەوە."

وتیشی دەزگا خزمەتگوزاریەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا هەفتەی پێشوو دەستیانکرد بە هەڵسەنگاندنی ئەو زیانانەی بە ژێرخانی فەلوجە گەیشتووە و "هەنگاویان نا بۆ دانانی پلانی نۆژەندکردنەوە پێش گەڕانەوەی دانیشتوانەکە".

وتی: "هەروەها یەکە ئەندازیاریەکانی وەزارەتی بەرگری هێشتا بەردەوامن لە پوچەڵکردنەوە و لابردنی بۆمبە دەسکردەکان و ئەو مینانەی لەلایەن تێرۆریستانەوە لە شارەکەدا چێنراون."

قایمقامی فەلوجە، عیسا عیساوی، بە مەوتنی وت: "هەموو دەروازەکانی فەلوجە سەلامەتکراون و لەهەموو لایەکەوە بە هێزی سەربازی دەورەدراوە و ئەندامانی داعش ناتوانن دزەبکەن."

عیساوی وتی: "نیگەرانیی سەرەکیمان گەڕانەوەی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەک ئاو و کارەبایە و هەروەها نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکان و فەرمانگە خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەکان، چونکە گەڕانەوەی دانیشتوانە ئاوارەکان پابەندە بە گەڕانەوەی هەموو ئەو خزمەتگوزاریانەوە و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ ئەوانەی دەگەڕێنەوە."

پاکردنەوەی شارەکە لە تەقەمەنی

عیساوی وتی: "ئێستا هێزە ئەمنیەکان لە فەلوجەدا کار لەسەر پاکردنەوەی گەڕەکەکانی شارەکە دەکەن لە بۆمبی دەسکرد. تا ئێستا هەزاران بۆمبی دەسکرد لە گەڕەکەکانی عەسکەری، شوهەدا، زوبات و جوغەیفی لابراون و هەوڵەکان بۆ ئەم ئەرکە بەردەوامن."

فەرماندەی لیوای زریپۆشی فەلوجە، عەمید جیاد نایف، وتی هەر کە شارەکە لە تەقەمەنی پاککرایەوە، دووەم قۆناغی پلانی بڵاوبوونەوە دەستپێدەکات و "یەکەکانمان شانبەشانی پۆلیسی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی فەلوجەدا رادەوەستن".

نایف بە مەوتنی وت: " هێزە سەربازیەکان هەوڵی زۆر دەدەن بۆ لابردنی هەزاران بۆمبی دەسکرد لە شەقام و ماڵەکان."

هەروەها وتی رۆژی پێنجشەممە، 14 تەمموز، خانویەکی بۆمبڕێژکراو لەناوەڕاستی شاردا پوچەڵکرایەوە کە "163 بۆمبی دەسکرد و 40 کیسە تەقەمەنیی کاریگەری C-4 ی تیدابوو کە هەموویان لە تۆڕێکی ئاڵۆزدا پێکگەیەندرابوون".

وتی: "فەوجی یەکی لیوای زرێپۆشی فەلوجە ئەرکی پاراستنی خاکی دەستپێکردووە و ئێستا لە یەکەم قۆناغدا لە ناوچەی نوعەیمیە لە باشوری فەلوجە بڵاوبوونەتەوە."

وتیشی: "ئێستا ئاسایشی ناوچەی نوعەیمیە دەپارێزین بەهەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هێزە سەربازیەکانی لیوای دووی فیرقەی یەکی هێرشبردنی خێرا کە بەرپرسیارە لە ناوچەکە."

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە
ئەم بابەتەت بەدڵە؟
0
0

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین Captcha