هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

شرۆڤەکاران: داعش نائومێدانە نمایشی هێز دەکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێزەکانی عێراق

عەلاء حسێن له‌ بەغدا

ئەندامانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) سزای پیاوێك دەدەن لە موسڵ لە وێنەیەکی بێ بەرواردا کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبووەتەوە.

ئەندامانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) سزای پیاوێك دەدەن لە موسڵ لە وێنەیەکی بێ بەرواردا کە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبووەتەوە.

لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق لە مۆڵگه‌كانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) نزیکدەبنەوە، لە حەویجە لە کەرکوك و موسڵ لە نەینەوا و لە شارەکانی تری ژێر دەستیان لە ئەنبار، ئەم گروپە دەستیکردووە بە کوشتاری زیاتر.

شرۆڤەکاران و بەرپرسانی عێراقی بە مەوتنی-یان وت داعش بەم کوشتارانە و وێنە ترسناکەکانیان هەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت و حوکمی لەقبووی پتەوتربکات لەو ناوچانەدا کە هێشتا لەژێر دەستیدا ماونەتەوە لە باکور و رۆژئاوای عێراق.

بەپێی هەندێك راپۆرت لە 9 حوزەیران، داعش پێنج لاویان لە حەویجە کوشت و تەرمەکانیان شێواندن بەتۆمەتی "هاوکاریکردنی هێزەکانی حکومەت".

چەند رۆژێك پاش ئەوە، لە 12 حوزەیران، گروپەکە کۆمەڵێك وێنەی یەکێك لە ئەندامانی لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکردەوە لەکاتی کوشتنی برایەکی خۆی و کەسێکی تردا.

رۆژی 25 حوزەیران، داعش کۆمەڵێك وێنەی چەکدارانی خۆی بڵاوکردەوە لەکاتی کوشتنی شەش لاودا لە شارۆچکەی قائیمی سنوری لە ئەنبار بەتۆمەتی لە ئایین هەڵگەڕانەوە و لە 28 حوزەیرانیش کۆمەڵێك وێنەیان بڵاوکردەوە کە کوشتنی پێنج ئەندامانی خێڵیان لە شەرگات پیشاندەدا.

داعش ئەم پێنج ئەندامەی خێڵەکانی جەمیلە و حەی عەسکەری تۆمەتبارکردبوو بە "هاندانی دانیشتوان بۆ هاوکاریی هێزە رزگارکەرەکان"، بەپێی هەندێك راپۆرتەهەواڵی عێراقی.

شرۆڤەکاران وتیان جگە لەم کوشتارانە، داعش بەردەوامن لە سەپاندنی سزای دڕندانە بە بیانوی جۆراوجۆر دژ بە دانیشتوانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان، لەوانەش بەردباران و قامچیلێدان و دەست و قاچ بڕینەوە.

وتیشیان بەمدواییانە تۆمارکردنی ئەم جۆرە سزایانە زیادیانکردووە، هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنەکانی عێراق لە ئەنبار و سەڵاحەدین.

حوکمی توندوتیژی و ترس

شرۆڤەکاری سەربازی، سەفاء ئەعسەم، وتی: "لەڕێگای ئەم شەپۆلە نوێیەی کوشتارەکانیەوە، داعش هەوڵدەدات وێنەی تۆقێنەری خۆی بەبیربهێنێتەوە و پێشانی خەڵکی بدات کە هێشتا دەسەڵات و سەروەریی هەیە."

ئەعسەم بە مەوتنی وت وێنەی ئەم گروپە لە کزیدا بوو کاتێك دەستیانکردە لەدەستدانی زەوی و هێزەکانی عێراق لە مۆڵگه‌كانیان نزیکبووەنەوە لە موسڵ و حەویجە و ئەنبار.

وتی: "ئەم رێکخراوە توندڕەوە جارێکی تر پەنای بردۆتەوە بۆ میدیا بۆ بڵاوکردنەوەی وێنە تۆقێنەرەکانی مەرگ، چونکە زۆر باش دەزانێت میدیا دواهەمین چەکێتی لە شەڕیدا لەگەڵ هێزەکانی عێراق."

وتیشی لەڕێگای بڵاوکردنەوەی وێنەی کوشتارەکانیەوە، داعش هەوڵدەدات ئەو چەکدارانەی لە پاشەکشێدان دڵنیابکاتەوە کە هێشتا زەوییان لەژێردەستدایە و مەرگ سزای ئەوانەیە کە لە شەڕدا دەدۆڕێن.

هەروەها وتی سیاسەتی تۆقێنەرانەی ئەم گروپە بەمەبەستی داپڵۆسینی ئەو راپەڕینەی خەڵکە کە لەدژی لە بره‌وسه‌ندندایه‌ لە مۆڵگەکانیدا.

ئەعسەم وتی هەربۆیەش زۆربەی ئەوانەی کوژراون بەوە تاوانبارکراون کە هاوکاریی هێزە ئەمنیەکانی عێراق یان پێشمەرگەیان کردووە.

ئەندام پەرلەمانی عێراق، خالید مەفرەجی، بە مەوتنی وت: "ئەم زنجیرە کوشتارە یەکەم جار نیە لەلایەن ئەم رێکخراوە تێرۆریستیەوە ئەنجامبدرێت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا، بەتایبەتی لە حەویجە لە پارێزگای کەرکوك."

داپڵۆسین نیشانەی باوەڕ بەخۆ نەبوونە

مەفرەجی وتی ئەم رێوشوێنە داپڵۆسێنەرانە کاردانەوەیەکی سروشتیانەی گروپێکی توندڕەوە کە زۆر باش دەزانێت دانیشتوان دژینی و چاوەڕوانی هەلێك دەکەن تا بەگژیدا بچنەوە.

وتی ئەم جۆرە بەرگریە میللیە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێزەکانی عێراقدا لە زیادبووندایە و ئاماژەی بەوەش دا کە زانیاری ئەوەی هەیە خەڵکی حەویجە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نهێنیدا دەکەن دژ بە داعش.

وتی بەشێك لەم ئۆپەراسیۆنانە تەقەکردن و کوشتنی ئەندامانی داعشە یان سوتاندنی ئاڵا رەشەکانیان یاخود تەقاندنەوەی بۆمب بە دەوریەکانیاندا کە ئەمانەش تینی زیاتری داوە بە کینەی گروپەکە لە خەڵکی ناوچەکان.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتیەکانی دوو لە دەزگای دژەتیرۆر، لیوا روکن مەعن سەعدی، وتی: "سیاسەتی داپڵۆسێنەرانەی ئەم گروپە دانیشتوانیان لێ دەتەکێنێتەوە."

سەعدی بە مەوتنی وت: "خەڵک بەدەست سیاسەتی سوکایەتیپێکردنەوە لەژێردەستی داعشدا دەناڵێنن." وتیشی لەوە دەچێت خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان راپەڕینێکی میللی لەدژیان بەرپابکەن.

هەروەها وتی ئەم رۆحیەتی هەڵشاخانە بەهۆی زیادبوونی باوەڕی خەڵکەوەیە بە پێشڕەویی هێزە رزگارکەرەکانی عێراق.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500