هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

هەڵمەتێکی نوێی عێراقی کۆمەکی ئاوارە هەژارەکانی دەستی داعش دەکات

خالید ئەلتائی

فەرمانبەرێکی حکومەتی عێراقی یارمەتی خیزانێك دەدات بۆ خۆناونوسکردن بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاری لە تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی]

فەرمانبەرێکی حکومەتی عێراقی یارمەتی خیزانێك دەدات بۆ خۆناونوسکردن بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاری لە تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی]

نیو ملیۆن خێزانی عێراقی کە لەژێر ئاستی هەژاریدا دەژیین، بەتایبەتی ئەوانەی لە تێرۆریزم زیانمەندبوون، بڕیارە سودمەندبن لە هەڵمەتێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە یارمەتییان دەدات خۆیان ناونوسبکەن بۆ وەرگرتنی کۆمەك لە حکومەت.

هەڵمەتی " تۆڕەکە دێت بۆلات" هەوڵی دۆزینەوەی ئەو خێزانە یەکجار هەژارانە دەدات کە مافی وەرگرتنی کۆمەکێکی مانگانەیان لە حکومەت هەیە تا دڵنیابن لەوەی خۆیان لەسەر لیستی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی تۆماردەکەن.

بەرپرسانی وەزارەتەکە بە مەوتنی-یان وت هەڵمەتەکە ئەولەویەت دەدات بەو عێراقیانەی بەهۆی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) ەوە ئاوارەبوون و ئەوانەی گەڕاونەتەوە ئەو ناوچانەی لەدەست ئەم گروپە رزگارکراون.

وتەبێژی وەزارەتەکە، عەمار مونعیم، وتی ئامانجی ئەم پرۆژەیە دابینکردنی سەرچاوەیەکی بژێویە بۆ سەدان هەزار هەژارترین خێزان و ئەوانەی روبەڕوی " ئۆپەراسیۆنە تێرۆریستیەکان و ئاوارەیی" بوونەتەوە.

مونعیم بە مەوتنی وت فەرمانبەرانی وەزارەتەکە ئەو خێزانانە دەدۆزنەوە کە بەرنامەکە دەیانگرێتەوە و زانیاریەکانیان لە تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتیدا تۆماردەکەن.

وتیشی: "تیمی مەیدانیمان هەیە بۆ روماڵکردنی کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری وڵاتدا کە بە کەمپی ئاوارەکان و ناوچە رزگارکراوەکان و شوێنە دوورەدەست و هەژارەکاندا دەگەڕێن بەدوای ئەو حاڵەتانەدا کە کۆمەکی حکومەت دەیانگرێتەوە بەپێی نەخشەیەکی هەژاری کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە ئامادەکراوە."

خێزانی حسێن جومعە، 48 ساڵ، گەڕاونەتەوە بۆ شارۆچکەی بەلەدڕوز لە پارێزگای دیالە دوای ئەوەی لەلایەن داعشەوە ئاوارەکرابوون و مافی وەرگرتنی کۆمەکی ماددیان هەیە.

جومعە بە مەوتنی وت ئەو پارەیەی کە بڕیارە وەریبگرێت یارمەتیی دەدات خزمەتی کوڕە گەورەکەی پێبکات بەناوی فەلاح کە 16 ساڵە و کەمئەندامی زەهنیە.

وتی خێزانەکەی کە پێکهاتووە لە ژنەکەی و دوو کوڕی تر، عەلی 18 ساڵان و مورتەزا 10 ساڵان، "بارودۆخێکی یەکجار "سەختمان هەبووە بەهۆی ئاوارەبوونمانەوە لە شارۆچکەکەمان دوای ئەوەی لەلایەن تێرۆریستەکانەوە دەستی بەسەرداگیرا".

وتی: "کاتێك گەڕاینەوە نەهامەتیەکانمان بەردەوام بوون. من ئێستا بێکارم و هەموومان لە ژوورێکی پچوکدا دەژیین کە لە ماڵەکەمدا نۆژەندم کردۆتەوە، چونکە لەلایەن داعشەوە وێرانکرابوو. هیوادارم بارودۆخمان بەزووترین کات بەرەو باشتر بڕوات."

وتەبێژ مونعیم وتی: "بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیانی ئاوارە و ئەوانەی لە ئاوارەیی گەڕاونەتەوە." وتیشی لەوانە کردنەوەی خولی راهێنانی پیشەیی بێئەوەی پێویستبکات پارە بدەن و هەروەها پێدانی قەرز بەئاسانی بە کاروکاسبیە پچوکەکان.

وتی وەزارەتەکە هەوڵدەدات یارمەتیی هەموو قوربانیانی تێرۆریزم بدات.

مونعیم رونیکردەوە کە "نزیکەی 1,500 ژنی یەزیدی کە لەدەست دڕندەیی و سەرکوتکردنی داعش رزگاریانبووە، خراونەتە ناو بەرنامەیەکی پاراستنی کۆمەڵایەتیەوە و کارتی ژیریان پێبەخشراوە تا بتوانن کۆمەکە ماددیەکانیان بە ئاسانی وەربگرن."

کۆمەڵێك خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی

بەگوێرەی یاسای ژمارە 11 ی ساڵی 2014 بۆ پاراستنی کۆمەڵایەتی، ئەوانەی مافی وەرگرتنی کۆمەکیان هەیە مانگانە 105,000 دیناری عێراقی (90 دۆلار) بۆ یەك کەس وەردەگرن، یان 420,000 دینار (360 دۆلار) بۆ خێزانێکی چوار کەسی یان بەرەوژوور.

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان، عەبدولزەهرە هینداوی، بە مەوتنی وت کە وەزارەتەکەیان "لەگەڵ وەزارەتی کار هەماهەنگی دەکات بۆ بەخشینی موچەی پاراستنی کۆمەڵایەتی بەو خێزانانەی لەژێر هێڵی هەژاریەوەن".

وتی: "کارەکانمان بریتین لە پێداچونەوە و تۆمارکردنی زانیاریەکانی ئەو هاوڵاتیانەی مافیان هەیە [بۆ وەرگرتنی ئەم موچەیە] لە لیستێکی تایبەتیی ئەلەکترۆنیدا" کە لەڕێگایەوە دەتوانن سودمەندبن لە تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی و ئەو پارەیە وەربگرن کە مافی خۆیانە.

هینداوی وتی ئامانجی سەرەکیی ئەم هەڵمەتە ئەوەیە کە "کێشەی هەژاری کەمبکاتەوە، بەتایبەتی لەناو خێزانە ئاوارەکاندا کە بە سەختی لەلایەن تێرۆریزمەوە زیانمەندبوون و هەرەوەها ئەو گروپانەی کە دەشێت بە لاواز و بێبەرگە لەقەڵەم بدرێن".

وتیشی: "وەزارەتەکەمان هەوڵدەدات بارودوخی ژیاریی ئەم خێزانانە باشتربکات و پێداویستیە سەرەتاییەکانیان بۆ دابینبکات."

وەزارەتی پلاندانان کار لەسەر نوێژەندکردنەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان دەکات لە ناوچە رزگارکراوەکاندا لەڕێگای ئامادەکردنی پلان و پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە و نەخشەدانان بۆ ستراتیژیەتی پەرەپێدان بۆ بوژاندنەوەی سەرچاوەکان و یارمەتیدانی دانیشتوانەکانیان بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری.

بەڕێوبەری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە دیالە، هومام تەمیمی، بە مەتنی وت: "تیمەکانمان بۆ روماڵکردن هەستاون بە سەردانی مەیدانی بۆلای زۆر لەو خێزانانەی بەدەست هەژاریی سەختەوە دەناڵێنن تا لە بارودۆخی ژیارییان بڕوانن و زانیاریەکانیان تۆماربکەن."

وتی: "کار لەسەر ئەوە دەکەین 80,000 خێزان تۆماربکەین [ لە داتابەیسێکدا] لە دیالە کە ئەو خێزانانەش لەخۆ دەگرێت کە گەڕاونەتەوە ناوچە رزگارکراوەکانی وەك باکوری میقدادیە، سەعدیە، قەرەتەپە، شەروین، عوزەیم و بەلەدروز."

تەمیمی وتی: "ئەم روماڵکردنانە یارمەتیی داوین ئەو کەسانە [ لە پرۆژەکە] دەربکەین کە نایانگرێتەوە و کۆمەکەکان بگەڕێنینەوە بۆ هەژارترینەکان و ئەو گروپانەی لە هەموو زیاتر زیانمەندبوون، تا توانایی ئەوەیان پێببەخشین بەسەر سەختیەکانی ژیانیاندا زاڵبن."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500