هێرشی ئاسمانی کوشندە کرایەسەر دوایین شارۆچکەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە غوتەی رۆژهەڵات هەینی (6 نیسان) بۆ یەکەمجار لەماوەی هەفتەیەکدا دوایئەوەی وتوێژەکان تێكچوون سەبارەت بە پاشەکشەی ئۆپۆزسیۆن، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
هێزە سەربازیەکانی سوریا بە پاڵپشتی روسیا هەموو سهرجهمی غوتەیان گرتەوە کە پێشتر قهڵایهكی ئۆپۆزسیۆن بوو، جگە لە دوما کە لەژێردەستی جەیش ئیسلامدایە.
جەیش ئیسلام پێدەچێت رازیبووبێت بە رێککەوتنێکی چۆڵکردن هەروەك گروپەکانی تر کە ئەمەیان کرد لە دوو ناوچەی تر و نزیکەی 4,000 شەڕکەر و کەسوکاریان دووشەممە شارەکەیان بەجێهێشت.
بەڵام بازگەی پاسەکان لە وافیدینی نزیك ناوچەکە بە پڕی وەستان و راپۆرتەکان دەڵێن گروپەکە بە دابەشکراوی ماوەتهوه و جگە لە چۆڵکردن بژاردەکانی تریش هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆن.
بەرپرسی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ، رامی عەبدولڕەحمان، هەینی وتی: "24 هێرشی ئاسمانی ئەنجامدراون بۆسەر گهڕهكهكانی دوما."
وتیشی لانیکەم 32 مەدەنی کوژراون و 50 برینداربوون.
ئەندامێکی کڵاو سپیەکان کە رێکخراوێکی بەرگری شارستانییە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "چەندین کەس برینداربوون لەنێویاندا ژن و منداڵ کە حاڵەتی سەختیشیان تێدایە."
میدیای دەوڵەتی سوریا رایگەیاند كه هێرشه ئاسمانیەکانی سوریا بۆسهر شارۆچکەکە هەینی له وەڵامدانەوەی ئهو هاوەنانهوه بوو لە دوماوە کە حەوت کەسی بریندارکرد لەنزیكی پایتەخت.
سروشتی وتوێژە بەردەوامەکان سەبارەت بە دوما نادیارە و جەیش ئیسلامیش هەڵوێستی خۆی رانەگەیاندووە لە دەستپێکی چۆڵکردنی ئەم هەفتەیەوە.
جەیش ئیسلام هەوڵی رێککەوتنێکی ئاشتەوایی داوە کە رێگەی پێبدرێت لە دوما بمێنێتەوە وەك هێزێکی پۆلیس.
بەڵام پێدەچێت گروپەکە هێزێکی کەمی هەبێت لەبەرامبەر رژێمدا و دوایین بۆردومانە ئاسمانیەکانیش ترسی لەبارەی کۆتاییەکی سەختهوه بەرزکردۆتەوە بۆ ئەو گەمارۆ پێنج ساڵیەی سەر غوتەی رۆژهەڵات.
شیکارێك لە پەیمانگای عومران، نەوار ئۆلیڤەر، وتی: "ئەو هێرشە ئاسمانیانە رێگە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی خۆشدەکەن. هێزەکان پێشتر لەوێ کۆبوونەوە و گوشارێکی زۆر لەسەر جەیش ئیسلام هەیە."
وتیشی: "دانوستانەکان شکستیان هێنا و رژێم مەرجهكانی خۆی دەوێت -- هێرشە ئاسمانیەکان ئهوه پیشاندهدهن کە لەوانەیە چی رووبدات ئەگەر مەرجەکانی جێبەجێنەکرێن."