هه‌واڵه‌كانی عێراق

20 ئەندامی داعش کوژران لە قائیم

ئۆپەراسیۆن و هێرشە ئاسمانیە بەردەوامەکان لە رۆژئاوای عێراق 20 ئەندامی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان کوشتووە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، وەزارەتی بەرگری عێراق سێشەممە (23 ئایار) رایگەیاند.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە له‌ دوا کاتژمێرەکانی دووشەممەدا بڵاوکرایەوە، رایگەیاند: "فڕۆکە ئێف 16ەکانی عێراق هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجامدا لە قائیم و کۆبونەوەیەکی گرنگی سەرکردەکانی داعشی کردەئامانج کە لەپشت هێرشەکانی ئەمدواییەی بەغدا و بەسره‌وە بوون."

بەیاننامەکە راشیگەیاند: "بیست تیرۆریست له‌وێ بوون و هەموویان لە هێرشە ئاسمانیەکەدا کوژران." ئاماژەشیدا به‌وه‌ی کە "ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو کە لەو نزیکانە راگیرابوو له‌گه‌ڵ چەندین بۆمبی دەستیش تێکشکێنران."

هەروەها رایگەیاند لەنێو سەرکردە کوژراوەکانی داعشدا "جێگری ئەمیری ویلایەتی بەغدا هەیە لەگەڵ ئەو تیرۆریستەی بەرپرسی بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبیڵ بوو لە ویلایەتی بەغدا، شارەزایەکی داعش لە بواری بۆمبرێژکردنی ئۆتۆمبیلدا، ئەو کەسەی بەرپرسی ئینغیماسییه‌كان بوو، هه‌روه‌ها ئەوەی بەرپرسی خۆکوژەکان بوو لە ویلایەتی بەغدا."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500