هه‌واڵه‌كانی عێراق

راگواستن لە حەلەب وەستێنرا و بە هەزاران کەس گیریان خواردووە

رژێمی سوریا هەینی (16 کانونی یەکەم) راگواستنی مەدەنی و چەکدارانی لە بەشی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنی حەلەب وەستاند، بەمەش بە هەزاران کەس گیریانخواردووە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

ئۆپەراسیۆنی هێنانەدەرەوەی دوایین مەدەنیی و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە حەلەب رۆژی هەینی لەپڕێکدا وەستێنرا، بەجۆرێك رژێم چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی تۆمەتبارکرد بە پێشێلکردنی بەندەکانی رێككەوتنەکە.

لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور، کە سەرپەرشتیی راگواستنەکەی دەکرد، پشتیڕاستیکردەوە کە وەستێنراوە.

روانگەی سوریی بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ و گروپێکی ئۆپۆزسیۆن رایانگەیاند هەڵپەساردنەکە پەیوەندییان بە دوو گوندی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنەوە هەیە بەناوەکانی فوعە و کەفرایا.

رایانگەیاند کە چەکدارانی سەر بە رژێم رێگای بەرەو دەرەوەی حەلەبیان گرتووە، کە کاروانی راگوێزانەکە بەکاریدەهێنێت، چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنیش راگوێزانی دانیشتوانی فوعە و کەفریایان رەتکردەوە.

روانگەکە خەمڵاندی کە نزیکەی 8,500 کەس رۆیشتوون پێش هەڵپەساردنی ئۆپەراسیۆنەکە، لەنێویاندا نزیکەی 3,000 چەکداری ئۆپۆزسیۆن.

ئەحمەد دبس، پزیشکێك کە یارمەتی هەماهەنگیکردنی راگوێزانی بریندارەکان دەکات وتی لانیکەم 500 راگوێزراو برینداربوون یان نەخۆشیی وایان هەبووە کە پێویستی بە چاودێریی تەندروستیی هەبووە.

مانگی سووری تورکی هەینیی رایگەیاند زیاد لە 50 برینداری مەدەنی لە حەلەب، هەندێکیان لە دۆخی هەستیاردا، گوازراونەتەوە بۆ تورکیا بۆ چارەسەر.

دەبوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان رۆژی هەینی کۆببێتەوە تا گفتوگۆ دەربارەی داواکاریی فەرەنسا بکات بۆ ناردنی چاودێری نێودەوڵەتیی بۆ چاودێرییکردنی راگواستنەکە و دڵنیابوون لە گەیشتنی کۆمەك.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500