هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە جەنگی سوریادا زیاتر لە 700 دکتۆر کوژراون

هێرش بۆ سەر نەخۆشخانەکان لە دەستپێکی جەنگی سوریاوە زیاتر لە 700 دکتۆر و کارمەندی تەندروستیی کوشتوە، زۆربەشیان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە بووە، لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە (21 حوزەیران) رایانگەیاند.

بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوەی سوریای سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی ئەو پێشێلکارییە تۆقێنەرانەشی کرد کە لەلایەن توندڕەوەکانەوە ئەنجامدراون و نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی پێدەچێت گروپە توندڕەوەکان بە سەدان منداڵیان بۆ ریزەکانیان راکێشابێت.

سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە، پاوڵۆ پینهیرۆ، بە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی وت کە هێرشە ئاسمانیە بەرفراوانەکان نەخۆشخانە و تیمارگەکانیان لەسەرتاسەری سوریادا کردۆتە ئامانج و " بوونەتە هۆی مردنی چەندان مەدەنی، لەناویاندا کارمەندی تەندروستیی زۆر پێویست".

وتی: "زیاتر لە 700 دکتۆر و کارمەندی تەندروستی لە هێرشەکاندا بۆ سەر نەخۆشخانەکان کوژراون، هەر لەسەرەتای ناکۆکیەکانەوە."

هەروەها پینهیرۆ سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنیی وەك بازاڕ و خوێندنگە و نانەواخانەکانی کرد.

وتی: "لەگەڵ هەر هێرشێکدا، رزگاربووە تۆقیوەکان زیاتر بەرگەگرتنیان کەمدەبێتەوە."

پینهیرۆ وتی کۆمسیۆنەکە لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو تۆمەتانە دەکرد کە گوایە بەرەی نوسرە و "گروپەکانی تری پەیوەند بە قاعیدەوە بە سەدان منداڵی خوار 15 ساڵیان لە ئیدلیب بۆ ریزەکانیان راکێشاوە."

هەروەها سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی "دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام" (داعش)یشی کرد.

جەنگی سوریا بۆتە هۆی رێگریکردن لە ملیۆنان منداڵی سوری لە چوون بۆ خوێندنگەکان و چالاکوانانیش هۆشدارییان داوە ئەمە گڕی چوونە ناو گروپە توندڕەوەکان خۆشتردەکات.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500