ئامانجی سەرەکی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئەو کەسایەتییە عێراقیانەی تۆمەتبارکراون بە گەندەڵی، سەرکوتکردنی خۆپیشاندانهكان و هاریکاری لەگەڵ ئێران ئەوەیە بەربگرێت بە دەستێوەردانی رژێمی ئێران لە عێراق، سەرۆکی حیزبی دەستووری داهاتووی عێراق ئینتیفاز قەنبەر لە چاوپێکەوتنێکدا بە دیارونای وت.
قەنبەر، كه سیاسییەکی بەناوبانگی عێراقیە و پێشتر ئەندام پەرلەمان بووە و راوێژکاری ئەنجومەنی حوکم و ئەندامی ئەو لیژنەیە بوو کە رەشنوسی دەستووری ئێستای داڕشت، هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستپێکردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەستێوەردانی ئێران لە عێراق و هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بەرامبەر مەترسیەکانی.
ماوەیەکە زەنگی مەترسی دەربارەی کردەوەکانی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) لێدەدات و لەگەڵ پێویستیی رووبەڕووبوونەوەی تائیفیەت و رق کە لەلایەن بەکرێگیراوانی ئێرانەوە لە عێراق چێنراون.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ دیارونا، قەنبەر گەشبینی دەربڕی بەوەی ئەمریکا هەنگاوی دروست دەنێت بۆ یارمەتیدانی عێراقیەکان بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سەروەر و ئهمین و سەقامگیر.
دیارونا: سزاکانی ئەمدواییانەی ئەمریکا بۆ سەر ئەو کەسایەتییانەی هاریکاری لەگەڵ هێزی قودس دەکەن لە عێراق چۆن دەبینیت؟
ئینتیفاز قەنبەر: سزاکان فشار و ئامرازێکی بەرپێگرتنی گرنگن کە واشنتۆن بەکاریاندەهێنێت تا یارمەتی عێراقیەکان بدات کۆتایی بە دەستێوەردانی ئێران بهێنن لە عێراق، کە دەستێوەردانێکی نەرێنی و زیانبەخشە.
سزاکان لە رابردوودا کاریگەریی خۆیان سەلماندووە، وەك لە دۆخی سزاکاندا کە پێشتر بەسەر چەند کەسایەتی و کیانێکدا سەپێنران کە پشتیوانیی پاسدارانیان دەکرد، وەك ئاراس حەبیب، سهرۆك و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی بیلادی ئیسلامی، کە خۆی و بانکەکەی [لە 2018] لهقهڵهمدران بەوەی پشتیوانیی پاسداران دەکەن و پارەیان بۆ دەگوێزنەوە بۆ یارمەتیدانی [دارایی] چالاکیە تیرۆریستیەکانیان.
دەربارەی دوایین سزاکانیش، سەپێنراون بەسەر كهسانی وهك قەیس خەزعەلی [سەرکردەی میلیشیای ههواداری ئێران عەسائیب ئەهل حەق]، لەیس خەزعەلی [برای قەیس کە ئەویش سەر بە عەسائیب ئەهل حەقە]، خەمیس خەنجەر [سیاسەتمەدارێکی کاریگەر كه پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ حیزبە سەرەکیەکانی عێراق هەیە] و ئەبو زەینەب لامی [سەرۆکی دەزگای ئەمنیی هێزەکانی حەشدی شەعبی]، بۆ تێوەگلانیان لە چەندین تاوان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ پەیوەست بە خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەوە.
پێموایە ئەمە ئاماژەیەکی روونە بەوەی ئەمریکییەکان جددین لەوەی کە دەڵێن دوای "کلکەکان"ی ئێران دەکەون.
هەموومان رادهی ئهو پەیوەندییه دهزانین لهنێوان ئەم کەسایەتیانە و هێزی قودس و پاسداران و تێوەگلانیاندا لە پشتیوانی دارایی ئەو باندانەی خۆپیشاندەرانیان کوشت [...].
بۆیە پێموایە لیستەکەی ئەمدواییە مانایەکی بەرچاوی هەیە و هۆشدارییە بۆ ئەوانەی دی کە لە لیستی دواتردا دەبن.
ئەم سزایانە دەبینم بەوەی کە ئامرازێکن لەوانەی ئەمریکا بەکاریاندەهێنێت بۆ یارمەتیدانی خەڵکی عێراق دژی ئەوانەی تێوەگلاون لە گەندەڵی و پێشێلکاری و کارکردن بۆ ئێران.
سەرکردەکانی میلیشیاكان، وەك قەیس خەزعەلی و لامی و [سەرکردەی کەتائیبەکانی سەیید شوهەدا] ئەبو وەلا وەلائی و [سەرکردەی میلیشیای حەرەکهت نوجەبا] ئەکرەم کەعبی و [جێگری سەرۆکی حەشد] ئەبو مەهدی موهەندیس و "کلکەکان"ی دیکەی ئێران بوونەتە کێشەی راستەقینەی عێراق.
ئەوانە ئامرازێکن بەکارهێنراون بۆ تێکدان و تێکشکاندنی عێراق و گیرکردنی لە بازنەیەکی داخراوی گێرهوکێشەدا.
دیارونا: ئایا سزاکانی ئەمریکا بەر بە چالاکیە تێکدەرەکانی ئەم کەسایەتییانە دەگرن؟
قەنبەر: بێگومان. سزاکان لە روانگهی دارایی و سیاسییەوە کاریگەر و بەئازارن، ههروهك لەڕووی رەهەندی ئەخلاقیشەوە لەنێو عێراقدا.
سەپاندنی سزاکان بهسهر کەسێكدا مانای وایە کە تێوەگلاوه لە چەند چالاکیەکەوە کە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی عێراقن.
لێرەدا وەڵامی ئەو رەشبینانە دەدەمەوە کە گومان لەوە دەکەن سزاکان کاریگەر بن، [بە روونکردنەوەی ئهوهی] بۆنمونە بانکە عێراقیەکان، جا هی حکومەت بن یان کەرتی تایبەت، لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێن و ئەویش جڵەوکراوە بە چەند رێکەوتنێکی ئیلزامی پۆڵایین لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و چەندین وڵاتی خۆرئاوایی و ناوچەکە.
بۆیە هەر هەنگاوێکی سەرشێتانە یان سەرکەشانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کەسایەتیانە ئەم بانکە خۆی دەخاتە بەردەم مەترسی سزاکان.
لەبەرم ئەم هۆکارە، بانکی ناوەندی چەند فەرمانێکی خێرای دەرکردووە بۆ هەڵپەساردنی هەموو ئەو حسابانەی بەر سزاکان کەوتن لە رابردوودا لەگەڵ یاساغکردنی مامەڵەکردن لەگهڵیان و پێموایە هەمان هەنگاو دەنرێت دژی ئەو چوار کەسەی لەمدواییەدا بەر سزاکان کەوتن.
دیارونا: دەتوانرێت سزاکان وەك هۆشداری ببینرێن بۆ هەر کەسێك کە هاریکاری یان هاوکاری لەگەڵ ئێرانیەکان دەکات؟
قەنبەر: شەخسی خۆم زیاد لە جارێك و لە چەند بۆنەیەك و لە زیاد له چاوپێکەوتنێکدا هۆشداریمداوە لەوەی چەند کەسایەتییەك هەن کە تێوەگلاون لە مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشیاکان و ئێران و هێزی قودس و تێوەگلاون لە مامەڵەی گەندەڵانە و وتوومە کە پێویستە بەر سزاکان بکەون.
پێموایە چەند سزایەك بەمزوانە بەسەر ئەوانی دیشدا دەدرێت و حکومەتی عێراقی هیچ بژاردەیەکی نابێت جگە لەوەی پابەندبێت بەو سزایانەوە یان خۆی بەر سزاکان بکەوێت.
چەند کۆمپانیایەکی سهربه پاسداران هەن کە لە عێراق کاردەکەن لەسەر چەند پرۆژەیەك بە ناونیشانی ساختەوە.
دەبێت هەموویان دەربکرێن و هەر حکومەتێکی داهاتووی عێراقیش بێت دەبێت لیژنەیەك پێکبهێنێت لە نوێنەری تەواوی دەزگا دەوڵەتییەکان... تا تەواوی کۆمپانیا و بەرژەوەندییەکانی پاسداران لە عێراق دەستنیشانبکات و دەریانبکات و دایانبخات.
دیارونا: بە بۆچوونی تۆ، عێراق چۆن دەتوانێت بکەوێتەوە سەرپێی خۆی دوای خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییە؟
قەنبەر: عێراق ناتوانێت سەرپێی خۆی بکەوێتەوە بەبێ کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی ئێران و پرۆژەکانی [فەرماندەی هێزی قودس] قاسم سولهیمانی کە لەسەر رق و تائیفیەت و دابەشکردنی خەڵکی عێراق دامەزراون، کە سەرچاوەکانیان بەتاڵان دەبات و پرۆسەی دروستکردنی بڕیاریان کۆنترۆڵدەکات.
ئەم کارانە بەشێوەیەکی گشتی هەڕەشەن بۆ سەر سیستمی دیموکراتی و پەرلەمان دەکەنە کیانێکی رووکەش کە بە ساختەکاری تەنراوە.
بۆیە، ئەوە کارێکی حەتمیە کە دەبێت ئەو میلیشیانەی ئێران پێکیهێناون هەڵبوەشێنرێنەوە و دەسەڵات و سەروەری و پرۆسەی دروستکردنی بڕیار تەنیا لەدەستی دەوڵەتی عێراقدا بێت... ههروهها دەزگاکانی [دەوڵەت] لە پاسداران و بەکرێگیراوانی قاسم سولهیمانی پاکبکرێنەوە.