هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

حەویجە لە هەوڵی دابینکردنەوەی خزمەتگوزاریدایە دوای داعش

خالید تائی

بەرپرسانی عێراق و نەتەوە یەکگرتوەکان بەردی بناغەی دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزاری دادەنێن لە هێڵێکی نۆژەنکراوەی کارەبا لە پارێزگای کەرکوك لە 4 ئەیلول. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کارەبای عێراق]

بەرپرسانی عێراق و نەتەوە یەکگرتوەکان بەردی بناغەی دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزاری دادەنێن لە هێڵێکی نۆژەنکراوەی کارەبا لە پارێزگای کەرکوك لە 4 ئەیلول. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کارەبای عێراق]

شاری حەویجە له‌ خۆرئاوای کەرکوك، کە زیانێکی زۆری بەرکەوت لەسەر دەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی نۆژەنکردنەوە، بەرپرسێکی ناوچەکە سێشەممە (22 تشرینی یەکەم) بە دیارونای وت.

ئەندامێكی ئەنجومەنی قەزای حەویجە، عەمار عەلی بە دیارونای وت: "دەستمانکردووە بە گەورەترین پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی لەوجۆرە لە خزمەتگوزاریی گشتیدا لە ناوەندی حەویجە و شارۆچکەکانی سەر بەو قەزایە."

وتی شارەکە هەڵمەتی لەمشێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە -- کە کەرتی خزمەتگوزاریی جیاواز دەگرێتەوە لەنێو بەشێکی گەورەی شارەکەدا -- لە ماوەی چەندین ساڵدا.

حەمدانی وتی هەڵمەتەکە چاککردنەوەی تەواوی ئەو رێگایانە لەخۆدەگرێت کە لەکاتی شەڕی دژی داعشدا وێرانبوون.

وتی: "کارمەندانی شارەوانی دەستیانکردووە بە چاککردنەوەی ئەو رێگا سەرەکییانه‌ی گەڕەکەکانی حەویجە پێکەوە دەبەستنەوە، لەگەڵ شەقامەکان لە شارۆچکەکانی عەباسی و زاب و ریاز."

وتیشی هەوڵەکان بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی شارەکە بەردەوامن.

هه‌روه‌ها وتی پرۆژەی ئاوی حەویجەی کۆن بە توانای 600 مەتر سێجا لە كاتژمێرێكدا چاککراوەتەوە، لەگەڵ وێستگەی ئاوی تەل عەلی، بە توانای 240 مەتر سێجا لە كاتژمێرێكدا.

وتیشی کارکردن بەردەوامە بۆ چاککردنەوەی ئەو وێستگەی ئاوانەی لەکارکەوتوون، لەگەڵ چاککردنەوەی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا.

ناوبراو وتی: "تیمە ئەندازیارییەکان توانییان لە سەرەتای مانگی رابردوودا، بۆریی مەلا عەبدوڵای حەویجە بە درێژایی 39 کیلۆمەتر و توانای 132 کیلۆڤۆڵت بخەنەوە کار."

کردنەوەی نەخۆشخانە و خوێندنگاکان

حەمدانی وتی هاوکات، پرۆژەیەك بۆ بنیاتنانی نەخۆشخانەیەکی 200 قەرەوێڵەیی، کە لەلایەن حکومەتی خۆجێیی کەرکوکەوە پشتیوانی دارایی پێدەدرێت، نزیکەی له‌سه‌دا 70ی تەواوبووە.

وتی: "لەمکاتەدا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کردنەوەی بەشێوەیەکی خێرا تا ببێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر نەخۆشخانەی حەویجە، کە لەئێستادا خزمەتگوزاری دابیندەکات بۆ خەڵك دوای ئەوەی نۆژەنکردنەوەی تەواوبوو."

وتیشی لە کەرتی پەروەردەدا، هەڵمەتەکە تەرکیزی لەسەر تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەی ئەو خوێندنگانەیە کە ماون و ئاماژەیکرد بەوەی زۆربەی خوێندنگاکانی شارەکە و بیناکانی پەروەردە دروستکراونەتەوە یان نۆژەنکراونەتەوە.

هه‌روه‌ها وتی ئەمە وایکرد "هەزاران خوێندکار" بتوانن لەم مانگەدا بگەڕێنەوە خوێندنگاکان.

ناوبراو وتی: "ئاستەنگی ئەم کەرتە تەنیا نەبوونی ستافی فێرکارییە." وتیشی کارگێڕییه‌كه‌ تاووتوێی بابەتەکەی کردووە لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردە و داوایکردووە پێویستیی شارەکە بۆ مامۆستای چەندین وانه‌ پڕبکرێتەوە.

حەمدانی وتی دەربارەی دۆخی ئاسایشی حەویجەش، "زۆر سەقامگیرە و ماوەی دوو مانگە هیچ کردەیەکی تیرۆریستیی تێدا ئەنجامنەدراوە".

وتیشی: "یەکەکانی پۆلیسی فیدراڵی بەرپرس لە ئاسایشی حەویجە بەنێو تەواوی شارەکە و دەوروبەریدا بڵاوبوونەتەوە و رۆژانە دەگەڕێن بۆ شوێنپێهەڵگرتنی پاشماوەکانی داعش و لێدانیان لە هەر شوێنێك خۆیان شاردبێتەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500