هه‌واڵه‌كانی عێراق
مافی مرۆڤ

عێراقیەکان داوای ئاشکراکردنی چارەنوسی 'بەزۆر بێسەروشوێنکراوان' دەکەن

عومەر عەلی لە بەغدا

ژنێکی عێراقی وێنەیەکی کوڕە ونبووەکەی بەدەستەوەیە لەکاتی خۆپیشاندانێكدا کە داوای ئاشکراکردنی شوێنی هەزاران کەسی بێسەروشوێنکراو دەکات. [وێنەکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە]

ژنێکی عێراقی وێنەیەکی کوڕە ونبووەکەی بەدەستەوەیە لەکاتی خۆپیشاندانێكدا کە داوای ئاشکراکردنی شوێنی هەزاران کەسی بێسەروشوێنکراو دەکات. [وێنەکە لەسەر ئینتەرنێت بڵاوبۆتەوە]

شوێنی هەزاران عێراقی کە "بەزۆر بێسەروشوێنکران" لەکاتی شەڕەکانی ئازادکردنی وڵاتەکەدا لەدەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لە پێنج ساڵی رابردوودا هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە و خێزانەکانیان بەدوای وەڵامدا دەگەڕێن.

بەرپرسانی عێراق ناتوانن ژمارەیەکی تەواوی خەڵکە بێسەروشوێنکراوەکە بدەن، بەڵام سەرچاوە سیاسییەکان لە پارێزگا زۆرینە سوننەكاندا بە زیاد لە 12,000 كه‌س دەیخەمڵێنن کە هێشتا ونن، لەنێویاندا لاو، پیر، ژن و منداڵان هەن.

هەمان ئەو سەرچاوانە دەڵێن زۆربەی بەزۆر بێسەروشوێنکردنەکان لەلایەن گروپه‌ چەکدارەکانی سەر بە ئێرانه‌وه‌ لەنێو هێزەکانی حەشدی شەعبیدائەنجامدراون.

بەگوێرەی هاوپەیمانێتی قەراری عێراقی کە لەلایەن جێگری سەرۆکی پێشووی عێراقه‌وه‌، ئوسامە نوجه‌یفی، رێبەرایەتی دەکرێت، خەڵکە ونبووەکە بەزۆر بێسەروشوێنکران لە ناوچەکانی رەزازە، سەقلاویە، سەرسار و کەرمە لە پارێزگای ئەنبار؛ جورف سەخر لە پارێزگای بابل؛ زیراع دیجلە و ئەبوغرێب لە بەغدا؛ سلێمان بەگ، سینیە، سامەڕا و دۆر لە پارێزگای سەلاحەدین؛ لەگەڵ چەندین شارۆچکەی دیکە لە پارێزگاکانی کەرکوك و نەینەوا و دیالە.

هاوپەیمانێتیەکە لە بەیاننامەیەکی 5 ئەیلولدا رایگەیاند كه‌ زۆربەی ونبووەكان لەکاتی شەڕی دژی داعشدا لە 2015 و 2016 هەڵاتن و بەگوێرەی شایەتیی هاوڵاتیان لەلایەن چەند هێزێکی چەکدارەوە دەستگیرکران کە هەماهەنگییان لەگەڵ حەشد هه‌بوو.

دۆزینەوەی 31 جەستەی نەناسراو لە ناوچەی جورف سەخر لە مانگی رابردوودا بووە هۆی ناڕەزایی لەنێو هاوڵاتیاندا و ترسی ئەوەی زیادکرد کە زۆرێك لە بێسەروشوێنەکان هه‌ر ئه‌و كاته‌ کوژرابن لەلایەن ئه‌و گروپە چەکدارانه‌وه‌ كه‌ له‌ دەرەوەی یاسان.

سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داوای لێکۆڵینەوەیان کرد له‌و ئاشكرابوونی جه‌ستانه‌ و داوایانکرد جەستەکان نەنێژرێن تا ناسنامەی قوربانیەکان و دۆخی مردنه‌كه‌یان ئاشکرا دەکرێت.

بەڵگەکان ئاماژە بە بوونی زیندانی نهێنی دەکەن

پەرلەمانتارێكی خەڵکی کەرکوك، خالید مەفرەجی بە دیارونای وت زانیاریە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەزۆر بێسەروشوێنکراوان لە چەند شوێنێکدا دەستبەسەرکراون کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتن.

وتی لە چەند زیندانێکی نهێنیدا دەستبەسەرن لە شاری جورف سەخر لە پارێزگای بابل، ناوچەی سەدر قەنات لە بەغدا و کەمپی ئەشرەف لە پارێزگای دیالە، کە هەموو ئەمانە لەلایەن میلیشیاکانەوە کۆنترۆڵکراون.

مەفرەجی وتی: "کەس ناتوانێت نکۆڵی لەم زانیاریە بکات لەبەرئەوەی بەڵگە لەسەری زۆرە، لەنێویاندا ئەو راستیەی کە ژمارەیەك لە بەزۆر بێسەروشوێنکراوان لەم زیندانە نهێنیانەوە ئازادکراون لە بەرامبەر پارەدا و ئەوانەن کە ئەم زانیاریەیان داوە و ناوی کەسانی دیکەی بەزۆر بێسەروشوێنکراویان هێناوه‌ کە هێشتا لەو زیندانانەدان."

وتیشی: "لەخۆمانەوە تۆمەت نابەخشینەوە؛ بەڵگەمان هەیە و دەمانەوێت کەسوکارمان ئازادبکرێن، یان لانیکەم دادگایی بکرێن گەر تۆمەتێکیان رووبەڕووکراوەتەوە."

مەفرەجی داوای لە حکومەت و پارتە سیاسییەکان کرد چارەسەرێك بدۆزنەوە بۆ ئەم کێشە مرۆییە تا مەینەتیەکان "نەگەنە خاڵێك کە هەندێك کەس پاڵ پێوەبنێن بەرەو تووندڕەوی".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500