http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2019/03/26/feature-02

×
×
پەنابەران |

پارێزگای کەرکوك 3 کەمپی ئاوارەکان دادەخات

خالید تائی

image

خەڵکی ئاوارەی شاری حەویجەی کەرکوك دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان لە 28 شوبات 2018. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق]

سێ کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای کەرکوك داخران دوای ئەوەی دانیشتوانی کەمپەکان گەڕانەوە ماڵەکانیان، کارگێڕیی پارێزگاکە سێشەممە (26 ئازار) رایگەیاند.

بەڕێوبەری راگەیاندنی کەرکوك، مەروان عانی وتی لەکۆتایی 2018وە، کەرکوك "توانیوێتی سێ کەمپی ئاوارەکان دابخات دوای گەڕانەوەی هەموو ئەوانەی لەوێ دەژیان بۆ ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان".

بە دیارونای وت ئەمە بەشێکە له‌ "ئامانجێکی حکومەتی ناوەندی بۆئەوەی ئەمساڵ بکات بە ساڵی کۆتایی کێشەی ئاوارەیی و داخستنی هەموو کەمپەکان".

ئەو کەمپانەی کە داخراون لە شارۆچکەکانی لەیلان و داقوق بوون بۆ داڵدەدانی هەزاران ئاوارە، كه‌ زۆربەیان خەڵکی حەویجەی خۆرئاوای کەرکوك بوون.

image

هێزە ئەمنیەکانی عێراق چاودێری گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەی حەویجەی پارێزگای کەرکوك دەکەن لە 27 شوبات 2018. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی فیدراڵی عێراقی]

عانی وتی: "هەوڵە ناوخۆییەکان بەردەوامن بۆ داخستنی کەمپە ماوەکانی دیکە لە پارێزگاكه‌ بە هاوکاریی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان."

وتی ئەو خێزانانەی لەم کەمپانەدا نیشتەجێن پشکنینیان بۆ کراوە تا دڵنیایی بدرێت لەوەی ئەندامی گروپێکی توندڕەو نین یان پشتگیریی لێبكه‌ن.

وتیشی: "دوای تەواوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌ لێیان، ئەم ئاوارانە دەگەڕێنینەوە بۆ ناوچەی نیشتەجێبوونیان و کەمپەکانیان دادەخەین." جەختیکردەوە لەوەی ئەمە تەنیا کاتێك روودەدات کە ئەو ناوچانە سەقامگیر بن لەڕووی ئاسایش و خزمەتگوزارییەوە.

کەمپەکان بەرەو بەتاڵی دەچن

عانی وتی کۆتایی ساڵی رابردوو، حەوت کەمپ هەبوون لە کەرکوك، کە نزیکەی 8,000 خێزانی ئاوارەیان لەخۆگرتبوو.

وتیشی نزیکەی 2,000 خێزان -- یان بەگشتی 9,000 کەس -- هێشتا لە چوار کەمپی ئاوارەییدا دەژین کە بە کراوەیی ماونەتەوە.

روونیکردەوە كه‌ ئاوارەکانی پارێزگاکە دەکرێت دابەشبکرێن بەسەر سێ گروپدا.

وتی یەکەم "دانیشتوانی کەرکوکن، بەتایبەتی حەویجە و زۆربەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە شار و گوندەکانیان و ئەوانەی ئێستا ژیانی ئاسایی رۆژانەی خۆیان بەسەردەبەن".

وتیشی: "دووەم گروپی ئاوارە دانیشتوانی پارێزگا هاوسێکانی وەك نەینەوا و سەلاحەدین و دیالەن، کە ساڵانی رابردوو پەنایان هێنایە بەر کەرکوك بەهۆی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستی و سەربازییەکانەوە."

هه‌روه‌ها وتی: "هەندێك لەم خەڵکانە هێشتا لە کەمپدان و بەهیواین کێشەکانیان بتوانرێت چارەسەربکرێن و بگەڕینەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان."

گروپی سێیەم دانیشتوانی 116 گوندی کەرکوکن -- نزیکەی 70,000 کەس بەگشتی -- کە وێرانكران لەکاتی شەڕدا دژی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).

وتی: "هەندێکیان لە کەمپدان، بەڵام زۆربەیان ماڵەکانیان بەکرێگرتووە یان لەگەڵ خزمانیان دەژین لە شاری کەرکوك، یان پارێزگاکەیان بەجێهێشتووە."

"لەمڕۆدا گێڕانه‌وه‌یان سەختە پێش ئەوەی گوندەکانیان بنیادبنرێنەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
2
نەخێر

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha