لهگهڵ بەردەوامیی شەڕ لە یەمەنی دراوسێی، عومان پشتیوانیی بەهێزی خۆی پاراستووە بۆ هەوڵەکانی هێنانی گشت لایەنەکان بۆ سەر مێزی دانوستان بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانهكه و گەڕاندنەوەی ئارامی، پسپۆڕان و شیکاروانانی ستراتیژی وتیان.
وتیان جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە یەمەن لە بەرژەوەندیی عومانە، چونکە بارگرژی ئەودیو سنوور فشاری زۆر دەخاتە سەر ئەمنیەتی خۆشی.
وتیان دەستەبەرکردنی ئاسایش لە گەرووی هورموز و دەریای عەرەبی ئەولەویەتە بۆ حکومەتی عومان و ئاماژەیانکرد بەوەی بۆ ئەو مەبەستەش هێزەکانی عومان ماوەیەکە کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی رێچکە دەریاییەکان بهكارنههێنرێن بۆ چالاکی نایاسایی وەك بەقاچاخبردنی چەك لەلایهن سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانهوه (پاسداران) بۆ حوسییەکان (ئەنسارەڵڵا).
پسپۆڕی ستراتیژی و شیکاروان، خەلفان بن رەشید بە مەشاریقی وت: "هەر گفتوگۆیەك دەربارەی راگرتنی ناردنی چەك لە ئێرانەوە بۆ حوسییەکان دەبێت پشتبەستوو بێت بە بەیاننامەی فەرمیی دەرکراو لەلایەن هێزەکانی عومانەوە."
وتی بەبێ پشتڕاستکردنەوەی فەرمی لە هێزە چەکدارەکانەوە، زۆر ناوترێت دەربارەی ئەم کێشەیە، "بەڵام ئەوەی دڵنیاییدەرە ئەوەیە کە عومان رێگەی نەداوە و نادات بە دەرچوونی هیچ چەکێك، جا لەڕیی دەریاوە بێت یان بە خاڵە سنورییەکانیدا لەگەڵ یەمەن".
وتیشی: "هەندێك باندی بەقاچاخبردنی چەکی نێودەوڵەتی رەنگە لۆری بە ژمارەی عومانییەوە بەکاربهێنن، بەڵام ئەمە مانای وانیە کە سەر بە سەڵتەنەتهكهن."
ههروهها وتی سنوری دەریایی عومانیش تەنیا رێگەی هەوڵی بهقاچاخبردن نیە بۆ یەمەن و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەی هەندێك باری چەك لەڕێگەی سۆماڵەوە بەنێو دەریای سووردا دەنێردرێن بۆ ئاوە نێودەوڵەتیەکان و دواتریش بۆ بەندەرەکانی یەمەن.
وتی: "هێزە هاوپەیمانە [عەرەبیهكان] زۆر باش دەزانن عومان بەشێك نیە لە هیچ شەڕێکی چەکداری و هیچ لایەنێك ناگرێت دژی لایەنێكی دیکە و پەیوەندییەکی نایابی هەیە بە هەموو وڵاتانەوە."
وتیشی ئەمە وادەکات سەڵتەنەتەکە بتوانێت "بێلایەن بێت و لایەنێکی دادپەروەر بێت کە دەتوانرێت متمانەی پێبکرێت لە گەڕان بهدوای چارەسەرێکی ئاشتیخوازانەدا بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی خراپبووی یەمەن."
عومان هەوڵی سەقامگیریی هەرێمی دەدات
شیکاروانی سیاسی سەیف بن حەماد بە مەشاریقی وت ئەو دەنگۆیەی گوایە چەك بەقاچاخ براوە بۆ یەمەن لە ئێرانەوه بەنێو سنوری عوماندا هیچ بەڵگەیەکی نیە.
وتی: "عومان مەبەستێتی ئاشتی لە ناوچەکە بڵاوببێتەوە و له بهرژهوهندیی نیه چاوبپۆشێت لە چالاکی نایاسایی." وتیشی عومانیەکان "بازرگانی بە ئاشتییەوە ناکەن لە ناوچەکە".
ئاماژەیکرد بەوەی سەڵتەنەتهكه "زۆر کۆبوونەوەی لەخۆگرتووە لەنێوان لایەنە [شەڕکەرەکاندا] تا چارەسەرێك بدۆزێتەوە بۆ کەمکردنەوەی چەرمەسەریی یەمەنیەکان لە زۆرێك لە بوارەکانی ژیانیاندا، لەنێویاندا تەندروستی، ئاسایش، خواردن و پەروەردە".
وتیشی عومان یارمەتی دابینکردووە بۆ چارەسەری ئەوانەش کە لە یەمەن برینداربوون، هەندێکیانی لە نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە چارەسەرکردووە و ئەوانی دیکەی ناردۆتە دەرەوە بۆ چارەسەر لەسەر حسابی خۆی.
وتی ئەم رۆڵە "لەلایەن هەردوو کۆمەڵگای یەمەنی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە ستایشی کراوە".
وەزیری كاروباری دهرهوهی عومان، یوسف بن عەلاوی بن عهبدوڵا وتی سەڵتەنەتهكه زۆر بەلایەوە گرنگە سەقامگیری لە ناوچەی کەنداو ببینێت.
لە لێداوانێکی پێشتریدا بۆ میدیا وتبووی: "ئێمە بەتەواوی باوەڕمان بە دابینکردنی سەقامگیری هەیە و هیچی تر نا، چونکە هەر شتێك جیا لە بەدەستهێنانی سەقامگیری سەردەکێشێت بۆ لەدەستدانی کەنداو لەلایەن هەموومانەوە."
سەرچاوەیەکی باڵای ئاسایشی عومانی کە بێ ناوهێنان لەگەڵ مەشاریق قسەیکرد، وتی: "عومان توانای پاراستنی سنورە دەریایی و زەمینیەکانی هەیە بەشێوەی چالاك و بەتوانا و هەمووان ئەوە دەزانن."
"لە حاڵەتی دزەکردندا، هێزەکانمان ئامادە دەبن بۆ دەستبەجێ وەڵامدانەوە."
وتی: "نامانەوێت ببینە هۆکاری بارگرژی لە ناوچەکە و بهشێك نیه له بههاكانی ئێمە کە مقۆمقۆیهكی میدیایی بهێنینه كایهوه کە سود بە هیچ لایەك ناگەیەنێت لە دۆزینەوەی چارەسەرێكدا کە پشتیوانی براکانمان بکات لە یەمەن یان یارمەتی بهدهستهێنانهوهی ئارامی بدات لە وڵاتەکەیان."
رووبەڕووبونوەوەی قاچاخچێتی چەك
توێژەری سیاسیی یەمەنی، عەدنان حومەیری بە مەشاریقی وت: "عومان وڵاتێکە کە هاوسهنگی رادەگرێت و بەگوێرەی سیاسەتێكی بێلایەنی ئەرێنی دهجوڵێتهوه تا به پهسهندكراوی بمێنێتهوه لەلایەن هەمووانەوە."
هەندێك بڵاوکراوەی رۆژنامەوانی راپۆرتیان داوە دەربارەی قاچاخچێتی چەك لەڕێی عومانەوە بۆ حوسییەکان، بەڵام ئەو راپۆرتانە لەلایەن بەرپرسانی عومانەوە رەتکراونەتەوە.
وتی: "دەوڵەتی وەك عومان بەگشتی ئاسانکاریی بەقاچاخبردنی چەکی پێناکرێت." ئاماژەشی کرد بەوەی كه ئەمە دەکرێت سەخت بێت بۆ جێبەجێکردن چونکە "یەمەن و عومان سنورێکی دەریایی و زەمینی درێژی هاوبەشیان هەیە".
توێژەری سیاسیی یەمەنی، یاسین تەمیمی وتی: "کێشەی بەقاچاخبردنی چەك بۆ حوسیەکان رەهەندێکی جیۆپۆلەتیکی بۆ دروستبوو دوای ئەوەی وترا کە هەندێك چەك بەنێو عوماندا بەقاچاخ براون، ئەوە پشتگوێخرا کە یەمەن کەنارێکی دەریایی درێژی هەیە کە بەڕووی کەنداوی عەدەن و دەریای عەرەبدا دەکرێتەوە."
تەمیمی بە مەشاریقی وت ئەم کەنارە لەلایەن هاوپەیمانی عەرەبییەوە کۆنترۆڵکراوە و وتیشی لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ دۆخەکە، عومان ماوەیەکە زۆر وریایە لەوەی لایەنێکی بێلایەن بێت لە شەڕی یەمەندا.
وتی باسکردنی ئەگەری بوونی رۆڵی سەڵتەنەتهكه لە وەستاندنی گواستنەوەی چەك بۆ حوسیەکان لەلایەن سوپای تایبەتی قودسی پاسدارانی ئێرانەوە، "عومان بەدڵنیاییەوە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات لە بەرگرتن بە تەشەنەسەندنی ههر قەیرانێك لە شەڕی یەمەندا، کە سیاسەتی روونی عومانە."