http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2019/03/08/feature-01

×
×

ئابوری |

قەیرانی ئابوری ئێران بەرەو هه‌ڵدێر دەبات

تامر ئەبو زەید لە بەیروت و فارس عومران

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە

کرێکارانی ئێران خۆپیشاندان دەکەن لە دژی دواکەوتنی موچە لە بوروجەرد لە پارێزگای لورستان لە رۆژئاوا، 26 شوبات. [خاوەنی وێنە: mojahedin.org]

ئێران گیرۆده‌ی قەیرانێكی ئابوری و سیاسی بووە و خۆپیشاندانی جەماوەریش دوادەکەن رژێم سەرنج و سەرچاوەکانی بخاتە خزمەتی کێشە ناوخۆیەکانەوە لەبری ئەوەی شەڕ بەرپابکات لە دەرەوەی سنوورەکانی.

شرۆڤەکاری سیاسی، تۆنی عیسا لە رۆژنامەی لوبنانی جمهوریە وتی خۆپیشاندانەکان یەکەم رووداوی لەو شێوەیەن لە 40 ساڵی رابردوودا و بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە کڵپەیان سەندووە.

بە دیارونای وت نیشانەی ئەوەن کە خەڵكی ئێران ئاگادارن و دژی "ئەو ئاستە بەرزەی قەیرانە ئابوری و سیاسییەکانن کە رووبەڕوویان بوونەتەوە".

وێنەیەك کە لەسەر ئەکاونتی بەکارهێنەرێکی تویتەر، ئەمیر گەچسەران، له‌ 18 شوبات بڵاوبۆتەوە، نانەواخانەیەکی داخراو نیشاندەدات لە شاری تەبرێزی ئێران، کە لەسەر پەنجەرەی پێشەوەی نوسراوە: "لەبەر نەبوونی ئاردی پێویست نانەواخانەکە داخراوە تا دواتر ئاگاداردەکرێنەوە".

وتی قەیرانە ئابوریەکە وابەستەی ئەو ناڕەزایەتییەی خەڵكە کە لە زیادبووندایە لە دژی دەستوەردانی لە وڵاتانی وەك لوبنان و سوریا و یەمەن لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ئەمە جگە لە هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی هەژمونی خۆی لەڕێی پشتیوانیکردنی چەند گروپێكه‌وه‌ وەك حیزبوڵای لوبنانی.

پرۆفیسۆر لە زانکۆیەکی لوبنانی، مونا فایەق بە دیارونای وت: "خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لە دژی قەیرانی ئابوری کە لە ئێران روودەدەن بێپێشینەن لەڕووی سروشتی بەرفراوانیانەوە."

وتی: "لەڕاستیدا خۆپیشاندانی خۆڕسكن و له‌ناو جه‌ماوه‌ره‌وه‌ هەڵده‌قۆڵێن."

ریزبەستن بۆ نان لە شارەکانی ئێران

توندێتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان زیادیانکردووە لە چەند هەفەتەی رابردوودا به‌هۆی خراپی گوزەران و نرخی به‌رز و بێکاری و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران.

لە 26 شوبات، خۆپیشاندان لە چەند شارێکی ئێران ئەنجامدران.

چالاکوانانی ئێران وێنە و ڤیدیۆیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکردەوە و ئاپۆڕای خەڵكیان پیشاندا کە لەدەرەوەی دوکانەکان بۆ کڕینی خۆراك وەستاون چونکە كه‌م دەستده‌کەوێت.

دوکانەکانی دیکە دایدەخەن چونکە شمەكه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان دەستناکەون.

بەکارهێنەرێکی تویتەر، ئەمیر گەچسەران نوسیوێتی: "نانەواخانەکان دادەخرێن یەك لە دوای یەك، برێستی بەڕێوەیە؟" وێنەیەکیشی بڵاوکردۆتەوە کە ریزی خەڵك نیشان دەدات لەبەردەم دوکانێکی گۆشتدا لە شەقامێکی شاری تەبرێز.

بەکارهێنەری تویتەر عەلی ئاغا نوسیوێتی: "خەڵك دەبێت بەڕیز بوەستن بۆ چەند کاتژمێرێك بۆئەوەی گۆشتی بەستوو بکڕن."

ڤیدیۆیەکیش لەسەر پەیجی تویته‌ری "ئێرانی ئازاد" خەڵك پیشانده‌دات ریزیان بەستووه‌ بۆ شەکر.

رێژەی هەژاری بەرزدەبێتەوە

بەگوێره‌ی ناوه‌ندی ئامارەکانی ئێران، هەڵئاوسانی دراو گەیشتۆتە له‌سه‌دا 23.5 لە شوباتدا، له‌كاتێكدا لە کانونی دووەم له‌سه‌دا 2.9 بوو.

ئابوریناسی عێراقی، سەلام سمەیسم وتی: "ئێران دووچاری خراپترین قەیرانی ئابوری بۆتەوە لە مێژوویدا. هەڵئاوسانی دراو بە ئاستێکی بێپێشینە بەرزبۆتەوە لەکاتێکدا دراوی ئێرانی لە داڕووخاندایە بەرامبەر دراوی بیانی."

بە دیارونای وت: "داڕووخانی دراو وایکردووە به‌های موچە و ده‌رامه‌تی خه‌ڵك داببه‌زێت، چونکە ئەو بڕە بەس نییە بۆئەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان بکڕدرێت، ئەمە جگە لە بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری."

رێژەی هەژاری لە ئێران زیادیکردووە بەهۆی دابه‌زینی ئاستی نزمترین موچە و میدیاکانیش دەڵێن 10 ملیۆن لە 14 ملیۆن کرێکاری ئێرانی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

زۆر کارگەی دروستکردنی کەلوپەل و پێداویستی تاك و ناو ماڵ داخراون بەهۆی نەبوونی کۆمەکی دارایی و کەلوپەلەوە.

سمەیسم وتی: "وەستانی بەرهەمهێنانی ناخۆیی بێکاریی لە وڵاتەکەدا هێنده‌ی تر زیادکردووە."

بەگوێره‌ی ئامارگیرییه‌كی ئەم دواییانەی حکومەت، ژماره‌ی بێکاران به‌ڕاده‌ی 237,000 كه‌س زیادیکردووە و كۆی گشتیی ژماره‌كه‌ی له‌ سنووری سێ ملیۆن تێپه‌ڕاندووه‌ كه‌ لە کۆتایی هاوینی ساڵی رابردوودا دیاریكرابوو.

خەرجی زۆر بۆ کاروباری دەرەوە

سمەیسم وتی: "ئێرانییەکان دەزانن هۆکاری قەیرانەکە خەرجی لەڕادەبەدەرە لە دروستکردنی چەك و کاروباری دەرەوەدا."

وتی ئەمەش وایکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی "وڵاتەکەیان گۆشه‌گیربكات و ئابڵوقەیان لەسەر دابنێت."

ئابوریناس ماجید سوری بە دیارونای وت: "بەرپرسانی ئێرانی رووبەڕووی کێشەی جددی ئابوری بوونەتەوە و پێشناچێت بتوانن به‌سه‌ریدا زاڵبن یان بەربگرن به‌ دەرئەنجامەکانی لە شەقامەکاندا."

"رەوشەکە خراپتر دەبێت چونکە فشاری نێودەوڵەتی لە زیادبووندایە."

شارەزای بواری ستراتیژی، عەلا نەشو بە دیارونای وت: "ئێران قورسایی سیاسی و ئابوری لەدەستدەدات و رژێم لەسەر لێواری هه‌ڵدێرانه‌ بۆ ناو قوڵایی تاریکی."

وتی: "رژێمی ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا خۆی سەرقاڵکرد بە دابینکردنی خەرجی و پڕچەککردنی بزووتنەوە چەکدارەکانی وڵاتانی هەرێمەکەوه‌،" پشتگیری ئەو چالاکییانەی دەکرد کە ئەمنییەتی هەرێمی و نێودەوڵەتییان پشتگوێده‌خست.

وتیشی: "ئەم پشتگیرییە لەسەر حسابی ئابوری وڵاتەکە دەکرا، هاونیشتمانیانی ئێرانیش ئەو قوربانیەن کە باجی ئەو سیاسەتە شەڕانگێزانەیە دەدەن کە ئابڵوقەی بۆ سەر وڵاتەکە هێناوە."

نەشو وتی: "شەقامی ئێرانی له‌ توڕەییدا دەکوڵێت."

کاریگەری لەسەر هاوپەیمانانی ئێران

توێژه‌ری سیاسی، تۆنی عیسا وتی بڕوای وایە "فشاری ئابووری کاریگەریی ده‌بێت له‌سه‌ر پشتیوانیی ئێران بۆ گروپە هاوپەیمانەکانی لە لوبنان و یەمەن و سوریا و عێراق".

شرۆڤەکار تۆنی ئەبی نەجم وتی: "تاران پێداگرە لەسەر پشیوانیی خۆی بۆ میلیشیاکان چونکە رژێم لەسەر [پرەنسیپەکانی] هەناردەکردنی شۆڕش دامەزراوە."

"ئەگەر لە هەناردەکردنی شۆڕش بوەستێت ئیدی رژێمەکە دەڕوخێت."

ده‌رباره‌ی ئەوەی ئایا ئێران دەتوانێت بەردەوام پشتگیریی هاوپەیمانەکانی بکات بە پارە و چەك، وتی: "ئابڵوقەکانی ئەمریکا بێگومان کاریگەرییان هه‌بووه‌."

وتی ئه‌مه‌ش روون و ئاشكرایه‌ چونكه‌ ئێران و خەڵکەکەی ددانیان به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ وڵاتەکە "بە قەیرانێکی ئابووریدا تێدەپەڕێت کە خراپترینە لە دوای شۆڕشەوە".

له‌ڕێگای تویته‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی بكه‌ لەڕێگەی فەیسبووکەوە پەیوەندی بکە
ئەم بابەتەت بەدڵە؟
46
17

4 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین Captcha
| 2019-04-20

مافی خۆیانه‌، به‌ڵام شایسته‌ینی.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌
| 2019-04-09

خودایه‌ كۆماری ئیسلامی سه‌بخه‌ و نه‌فره‌ت بكه‌ له هه‌موو ئه‌وانه‌ی رقیان له‌ ئایینه‌ و لایه‌نگریی ئه‌مریكا و ئیسرائیل و ئال سعود و حه‌مه‌د ده‌كه‌ن. ئێمه‌ هه‌موو ئاماده‌ین ژیانمان بكه‌ینه‌ قوربانی بۆ كۆماره‌كه‌.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌
| 2019-05-01

هه‌ر ده‌قاوده‌ق ئه‌وه‌شه‌ كه‌ ده‌بێت بیكه‌یت، "ژیانی خۆت بكه‌ قوربانی". دونیا پێویستی به‌ میلیشیای ئایینی نیه‌، ئه‌وانه‌ به‌ڵای سه‌رزه‌وین.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌
| 2019-06-28

نه‌فره‌تی خودا له‌ كۆماری ئیسلامی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی خۆشیانده‌وێت و به‌ره‌نگاریی لێده‌كه‌ن! خۆزگه‌ تێده‌گه‌یشتن چییان له‌ وڵاته‌كه‌تان كردووه‌! به‌ڵام ئێوه‌ ئه‌م وڵاته‌تان خۆشناوێت. هه‌واداریی ئێوه‌ بۆ ئێرانه‌، كه‌ چی دی ددان به‌ ئێوه‌دا نانێت. ئه‌وان هه‌رگیز ئێوه‌یان خۆشناوێت، چونكه‌ ئێوه‌ عه‌ره‌بن و ئه‌وان فورسی مه‌جوسن.

وه‌ڵام بده‌ره‌وه‌