هێزەکانی لوبنان هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ گەڕان بەدوای بازرگانەکانی دەرماندا لە دۆڵی بیقاع و ناوچەکانی دەرەوەی باشوری بەیروت، کە پێگەی بەهێزی حیزبوڵان، دوای ئەوەی سکاڵا کرابوو لەسەر زیادبوونی زۆر خێرای حەبی کاپتاگۆن.
سوپای لوبنان لە هەڵمەتێکدا، 17 حوزەیران، هەڵیکوتایەسەر گەڕەکی رامیل عالی لە باشوری بەیروت کە بووە هۆی کوشتنی سەمیر مونزر و برینداربوونی مەحمود زریق، کە داواکرابوون بۆ پەیوەندییان بە تۆمەتی هێرشبردن و قاچاخچێتی دەرمانەوە.
سوپا رایگهیاند چەك و فیشەك و دەرمانیان دۆزیوەتەوە کە بە هەردووکیان بووە.
شێخ عەباس زغهیب، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی شیعە، سەرەتای ئەمساڵ رایگەیاند قاچاخچێتی دەرمان کێشەیەکە لە گەورەبووندایە لە ناوچەکانی رۆخی باشوری بەیروت.
وتی: "کێشەیەکی گەورە هەیە کە رۆژانە بەرەو خراپی دەڕوات لە گەرەکەکانی دەرەوەی باشور بە گشتی و لە حەی سەلوم بەتایبەتی، ئەویش قاچاخچێتی دەرمانە، کە لە شەقامەکاندا دەکرێت."
سەرەتای مانگی شوبات بەیاننامەیەك بڵاوکرایەەوە لە باشوری بەیروت لەلایەن گروپێکەوە کە خۆی ناساندبوو وەك "لیوای چەوساوەکان" و وتی ئەوانەی قازانج لە دەرمان دەکەن هیچ باشتر نین لە "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
له بەیاننامەکەدا هاتووه: "ئێوە ئەوانەن کە گەلهكهی ئێمەتان ترساند و تۆقاند و ترستان خستە ناو دڵی منداڵەکانمان و ژنان و بەساڵاچوانهوه، بۆیە دەبێت بە توندترین شێوە سزابدرێن و باجەکەی بدەن."
بەکارهێنانی کاپتاگۆن بەربڵاوە
بەگوێرهی ریاز تهوق، کە رۆژنامەوانێکی بەدواداچونی بابەتە ئەمنیەکانە، حیزبوڵا و ئەوەی کە پێشتر ناسرابوو بە بەرەی نوسرە و داعش یاریزانە سەرەکیەکانی دروستکردن و قاچاخچێتیکردنی کاپتاگۆن و دەرمانە نایاساییەکانی دیکەن.
تهوق بە مەشاریقی وت: "کۆتایی 2012 و سەرەتای 2013، داعش و بهرهی نوسرە پشتیان بەستبوو بە فرۆشتنی نەوتی رەش وەك سەرچاوەی سەرەکی خەرجیی ئۆپەراسیۆنەکانیان."
وتی ئەوان دەستیانکرد بە دروستکردنی کاپتاگۆن دوای ئەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان شوێنەکانی نەوت و قافڵەکانیان بە ئامانجگرتن و ئەو سهرچاوهی داهاتهی ئەوانی وشكکرد.
تهوق وتی: "دروستکردنی کاپتاگۆن زهحمهتێكی زۆری ناویێت" و نرخی دروستکردنیشی زۆر گران نییە.
وتیشی: "ئەم گروپە تیرۆریستیانە، کاپتاگۆن دروستدەکەن نەك تەنیا بۆ ئەوەی قازانج و قاچاخچێتی لەناو دەوڵەتانی کەنداودا پێبکەن کە یەك حەب بە 10 بۆ 20 دۆلار لەوێ دەفرۆشرێت، بەڵکو بۆ ئەوەشە بەکاربهێنرێت لەلایەن هەندێکیانەوە بۆ وروژاندنی سێکسی."
ههروهها وتی دەرمانەکە جۆرێكه لە ئهمڤیتامین كه هەستێكی دڵرفێنی چێژبهخش دێنێتهكایهوه و بەکارهێنەرەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بە ئاگا دەهێڵێتەوە، ئەمەش وادەکات لەناو چەکدارەکاندا خوازراو بێت.
حیزبوڵا دەستیگرتووە بەسەر بازرگانیەکەدا
بەرپرسانی گومرگی فەرەنسی، 30 ئایار وتیان ئەمساڵ 135 کیلۆ کاپتاگۆنیان لە فڕۆکەخانەی شارل دی گۆل گرتووە، بە پێی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس.
گومرگەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگهیاند: "ئەمە یەکەمجارە ئەم دەرمانە لە فەرەنسا دەستی بەسەردا گیراوە." ئاماژەشی بهوه کرد كه حەبەکە بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوهڕاست بەکاردەهێندرێت.
بەرپرسانی گومرگ 4 کانونی دووەم، لە فڕۆکەخانەکەی پاریس 350،000 حەبی کاپتاگۆنیان دۆزییەوە به كێشی 70 کیلۆ كه لەناو قاڵبی پیشەسازیدا شاردرابوونەوە کە لە لوبنانەوە گوایە بۆ کۆماری چیك دەڕۆیشت.
تهوق وتی قاچاخچێتی کاپتاگۆن زیاتر لەلایەن ئهو بازرگانانەوە دەکرێت کە لە ناوچەکانی بەعلبەك و حەرمێل نیشتەجێن، کە پێگەی بەهێزی حیزبوڵان.
وتیشی: "ئەوان لهبنهڕهتدا بازرگانی دەرمان بوون و دواتر دەستیانداوەتە بازرگانیی کاپتاگۆن. تەنیا ئەوان دەتوانن [ماددەکان] دابینبكهن بۆ کارگەکانی کاپتاگۆن و تۆڕهكانی قاچاخچێتیەکە دەزانن."
کەسانی پەیوەند بە حیزبوڵاوە پێشتر بە تۆمەتی قاچاخچێتیی مادده هۆشبهرهكان گیروان لە چەندین وڵات لەم ساڵانەی رابردوودا، کە تۆڕێکی گەورەی قازانج کۆکردنەوەی بۆ خەرجیی حزبەکە ئاشکرا کرد.
راپۆرتهكان دهربارهی وردهكارییهكانی ئهم ئۆپەراسیۆنە دژوارانهی زۆرجاران زیاتر لە چەند وڵاتێك لەخۆدەگرن، ئهوه ئاشکرادەکەن كه ئەم حزبەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، چەندین ملیۆن دۆلاری لهوهی لەڕێگای ئهم بازرگانییه نایاساییهی مادده هۆشبهرهكانهوه بهدهستیدههێنێت، بۆ کڕێنی چەك بەکارهێناوە بۆ چالاکیەکانی لە سوریا.