لە ناوچە دووردەستەکانی ئەنبار، هێزە هاوبەشەکانی عێراق راوەدونانێکیان ئەنجامدا بۆ حەشارگە ماوەکانی شەڕکەرانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان وت.
وەزارەتی بەرگری رایگەیاند كه ئۆپەراسیۆنێکی نوێ دەستیپێکرد دووشەممە (22 ئایار) بۆ پاککردنەوەی ناوچەکانی تەبائی، بانی زەید و کەسرات لە بەشی رۆژهەڵاتی پارێزگاکە و پاککردنەوەی لە پاشماوەکانی داعش کە مەترسیی ئەمنی دەخوڵقێنن.
شوێنە بەئامانجگیراوەکان سەمیل و وادی قەزافیش لەخۆدەگرن لە باشوری ئهو رێگا نێودەوڵەتیهی بەغدا بە عەممان و دیمەشقهوه دەبەستێتەوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنەكه ئامانجی تێکشکاندنی حەشارگە و شانە پەرشوبڵاوەکانی داعشە لەو ناوچانەدا."
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە، لیوا قاسم محەمەدی، بە دیارونای وت هەڵمەتەکە یەکێکە لە زنجیرەیەك ئۆپەراسیۆنی هاوشێوە کە هێزەکانی جەزیرە ئەنجامیانداوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە.
ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجامدراون بە پاڵپشتی هۆزەکان، هێزی ئاسمانی عێراق و فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
محەمەدی وتی ئامانجیان راوەدونانی ئەندامانی داعشە کە لە ناوچەکانی بیابانی ئەنبار خۆیان حەشارداوە لەگەڵ "رێگرتن لێیان بۆ بەکارهێنانی ئەو ناوچانە بۆ خۆحەشاردان و ئامادەکردنی هێرش بۆ سەر شار و یهكه سەربازیهكانی نزیك ئهو ناوچانە".
هەروەها مەبەستیانە سنورە نێودەوڵەتیەکە بپارێزن بۆ رێگرتن لە هاتنەناوەوەی داعش.
پاراستنی ناوچە بیابانیهكان
محەمەدی وتی: "ئێمە ئۆپەراسیۆنی پاککردنەوەی باشمان ئەنجامداوە لە ناوچە بیابانیهكانی فوراتی سەروو، له مهودای زیاتر لە 100 کیلۆمەتردا."
وتیشی: "لە یەکێك لەو ئۆپەراسیۆنانەدا، پێشڕەویمانکرد بەرەو باکور بە درێژایی 25 کیلۆمەتری شارۆچکەی قائیم،" کە هێشتا لەژێردەستی داعشدایە.
هەروەها وتی چەندین شەڕکەری داعش کوژران لە هەر یەکێك لەو هەڵمەتانەدا و چەك و بنکەکانیان تێکشان لە بۆردومانی ئاسمانی و تۆپبارانکردندا.
ئەنبار، کە گەورەترین پارێزگای عێراقه، لەسەر سنوری سعودیە و ئەردەن و سوریایە. ناوچەی گەورەی بیابانیی تێدایە کە دەیبەستێتەوە بە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و نەینەوا لە باکورەوە و بابل و کەربەلا و نەجەفیش لە باشورەوە. سەرەڕای رووبەرەکەی، دانیشتوانی کەمن کە زۆربەیان لە نزیك روباری فوڕات نیشتەجێن.
محەمەدی وتی پاراستنی ناوچە فراوانە بیابانیەکەی پێویستی بە چاودێریی ئاسمانی چڕ هەیە.
وتیشی: "لەگەڵ هێزی ئاسمانیمان، ئێمە دەتوانین چاودێریی بەشێکی گەورەی ناوچە بیابانیهكه بکەین، بەتایبەتی لەدەورەبەری بنکەی ئەسەد (لە شارۆچکەی بەغدادی). بەڵام ناوچەی فراوان هەن کە چاودێریی ئاسمانیی زیاتر ناکرێن."
هەروەها وتی یهكێك لەو ناوچانە بریتییه "لەو ناوچەیەی کە درێژدەبێتەوە بۆ روتبە، کە دوژمن هەوڵدەدات بەکاریبهێنێت بۆ خستنهگهری چهكداران و ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر یەکەکانمان".
محەمەدی ئاماژەیدا بهوهی كه رزگارکردنی شارە ماوەکانی ئەنبار -- عانە و راوە و قائیم -- "هەنگاوێکی پێویستە" و یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاککردنەوەی ناوچە بیابانیهكان.
وتیشی ئەو شارانەی نزیك سنوری سوریا ئەو ناوچانەن کە "چەکداران کۆدەبنەوە پێشئەوەی بچنە ناوچە بیابانیەکان،" ئاماژەشیدا بهوهی كه گرتنەوەیان و راگەیاندنی کۆنترۆڵی عێراق لەسەر سنورهكانی "هەموو دەرگاکانی داعش دادەخات."
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، عهزال فەهداوی، وتی دوابەدوای سەرکەوتنی هێزەکانی عێراق لە نەینەوا و ئەنباردا، زۆربەی شەڕکەرانی داعش پەنایانبردۆتە بەر بیابانی ئەنبار، کە ئاسانترە بۆیان بۆ خۆحەشاردان و لادان لە هێرشە ئاسمانیەکان.
فەهداوی بە دیارونای وت: "لەئەنجامدا توانیویانە گروپ دروستبکەنەوە و بەمدواییانە دەستیانکردووە بە هێرش، بەتایبەتی بۆسەر رێگای نێودەوڵەتی کە [عێراق] دەبەستێتەوە بە سوریا و ئەردەنهوه."
هەوڵی زیاتر پێویستە
فەهداوی وتی هێزە ئەمنیەکان چەند هەڵمەتێکیان ئەنجامداوە "بۆ راوەدونانی تیرۆریستان بۆ قوڵایی بیابان و هێزی سەربازییان زیادکردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسیانەی هەیانە".
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار، لیوا مەحمود فەلاحی وتی لە قوڵایی بیاباندا هێزە ئەمنیەکان وێستگەی کاتیی سوتەمەنییان دۆزیەوە کە شەڕکەرانی داعش بەکاریانهێناوە بۆ پڕکردنی تانکەکانیان کە جموجۆڵیانکردووە لەدەوروبەری ئەو سنورە وشکەدا.
فەلاحی بە دیارونای وت هێزەکانی عێراق بەتەواوی ئەو وێستگانەیان تێکشکاندووە.
قایمقامی روتبە، عیماد دولەیمی، وتی هەوڵی زیاتر پێویسته، هەرچۆنێك بێت، بۆ پاراستنی ئەو ناوچە فراوانەی بیابان کە پارێزگاکە پێکدەهێنێت.
دولەیمی بە دیارونای وت ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەتەنیا بەس نییە "بۆ پاککردنەوەی شانە تیرۆرستیەکان بەتەواوی لە بیابانی گەورەی ئەنباردا."
وتیشی: "پاراستنی بیابانی ئەنبار کارێکی گران و ئاڵۆزە. وڵاتەكه هێشتا کاری زیاتری هەیە بیکات، بەتایبەتی کە توانا بەردەستەکان سنووردارن و زۆر کاریگەر نین."
هەروەها وتی پاراستنی بیابانەکە پێویستی بە چاودێریی هێلیکۆپتەری بەردەوام هەیە لەگەڵ پاڵپشتیی لۆجیستی و گهڕانی بەردەوامی پاسهوانان بهناو قوڵایی بیابانەکەدا.