پۆلیسی دیاله رایگه‌یاند كه ژماره‌ی ئه‌و لاوانه‌ی پارێزگای دیاله كه پهیوهندیدهكهن به ریزه‌كانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ه‌وه له 2016 دا دابه‌زیوه به‌به‌راورد به ساڵانی پێشوو.
به‌رپرسانی ناوخۆ دابه‌زینی ئه‌م رێژه‌یه‌یان گه‌ڕانه‌وه بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی كرده‌وه‌كانی داعش و به‌رزبوونه‌وه‌ی راده‌ی هۆشیاری ده‌رباره‌ی ساخته‌بوونی ئیدیعاكانیان، هه‌روه‌ها بەرقەراربوونی هەرچی زیاتری ئاسایشە. .
به‌ڕێوبه‌ری راگه‌یاندنی پۆلیسی دیاله، عه‌قید غالب عه‌تیه، به دیارونای وت: "ساڵی 2016 ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی به‌خۆوه بینی له پارێزگاكه‌دا له‌لایه‌نی قه‌ڵاچۆكردنی تێرۆریزم و تاوانه‌وه."
عه‌تیه وتی: "توانیمان 26 تۆڕ و خانه‌ی نوستووی تێرۆریستان پوجەڵبکەینەوە له ناوچه‌ی جیاجیادا له باكور و خۆرهه‌ڵاتی دیاله و باشوری به‌عقوبه [پایته‌ختی پارێزگاكه]."
وتیشی له‌و خانانه "400 تێرۆریستی داواكراو"یان تێدابوو. هه‌روه‌ها ته‌نها به‌شێكی پچوكیان منداڵ و هه‌رزه‌كار بوون "به‌پێچه‌وانه‌ی ساڵانی رابردووەوە".
هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه: "ساڵانی 2014 و 2015 گروپه‌كه ده‌یتوانی ده‌یان منداڵ و هه‌رزه‌كار رابكێشێت به سودوه‌رگرتن له‌و راستیه‌ی كه ئێمه هیچ زانیاریه‌كی ئه‌منی و تاوانکارییمان ده‌رباره‌ی تاوانه‌كانیان نه‌بوو له داتابهیسهكانماندا،" كه ئه‌ركی بهدواداچوونیانی زه‌حمه‌تتر كردبوو.
وتیشی: "سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش توانیمان ژماره‌یه‌كی زۆریان لێ ده‌ستگیربكه‌ین كه دانیان نا بەوەی کە راهێنانیان وه‌رگرتبوو له‌سه‌ر دروستكردنی ته‌قه‌مه‌نی و ئه‌نجامدانی تیرۆر و كرده‌وه‌ی خۆكوژی."
وتی به‌ڵام ساڵی رابردوو پۆلیسی دیاله ده‌ستگیركردنی "ته‌نها ژماره‌یه‌كی كه‌م تێرۆریستی هه‌رزه‌كار"ی تۆماركرد.
په‌روه‌رده‌كردنی دژه-تیرۆر
عه‌تیه وتی دابه‌زینی رێژه‌كه چه‌ند هۆكارێكی هه‌یه، گرنگترینیان به‌رزبوونه‌وه‌ی راده‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی داعشه له‌لایه‌ن دانیشتوانه‌وه پاش ده‌ركه‌وتنی راستیه‌كان ده‌رباره‌ی تاوانه‌كانیان و ساخته‌بوونی ئیدیعاكانیان.
هه‌روه‌ها گرتنه‌به‌ری به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌یی دژه-تیرۆر له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منی و حكومیه‌كانه‌وه كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو له‌سه‌ر راستكردنه‌وه‌ی بهههڵهتێگهیشتنهكان ده‌رباره‌ی گروپه توندڕه‌وه‌كان، به‌تایبه‌تی له‌نێو لاوان‌دا.
عه‌تیه وتی ئه‌م به‌رنامانه لاوانیان پاراست له‌وه‌ی به‌ئاسانی هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێن له‌لایه‌ن داعشه‌وه.
وتیشی هه‌موو هه‌وڵه نیشتمانیه‌كان به‌رده‌وامن بۆ شه‌ڕكردن دژی ئه‌و جه‌نگه ده‌روونیه‌ی تێرۆریستان به‌رپایانكردووه و هه‌وڵه‌كانیان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده و درۆ.
هه‌روه‌ها وتی له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوودا "كۆمه‌كمان كردووه به گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆر له خێزانه ئاواره‌بووه‌كانی ده‌ستی داعش بۆ ماڵه‌كانیان" و به‌مزوانه زۆری تریش ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
وتیشی: "له چه‌ند رۆژی داهاتوودا نزیكه‌ی 200 خێزان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوچه‌كانی حه‌مرین و سه‌عدیه و مقدادیه و ئومێده‌واریشین كۆتایی بهێنین به [قه‌یرانی] ئاواره‌بوون له‌م ساڵدا."
سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله، سادق حوسه‌ینی، وتی: "داعش چیتر ناتوانێت منداڵان و هه‌رزه‌كاران به‌كاربهێنێت له هێرشه تێرۆریستیهكانیدا وه‌ك له‌وه‌پێش ده‌یكرد."
وتیشی داعش به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر پشتی به‌ستووه به لاوان بۆ "ئه‌نجامدانی دڕندانه‌ترین تاوانه‌كانی له دیاله". "به‌ڵام ده‌ستگیركردنه‌كان، به‌تایبه‌تی له چه‌ند مانگی پێشوودا، دابه‌زینی ژماره‌یان پیشانده‌دات."
زه‌حمه‌تی راكێشانی لاوان
حوسه‌ینی به دیارونای وت به‌ڵگه‌نامه‌كان و په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئه‌ندامانی داعش كه تێیاندا جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه روبه‌ڕووی سه‌ختی ده‌بنه‌وه له راكێشانی ئه‌ندامانی نوێ‌دا بۆناو ریزه‌كانیان دۆزراونه‌ته‌وه له‌و حهشارگایانهدا كه له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، به‌تایبه‌تی له ناوچه‌ی چیای حه‌مرین.
وتیشی: "دانیشتوان، به‌تایبه‌تی له ناوچه رزگاركراوه‌كاندا، نایانه‌وێت ئه‌و تراژیدیا و ترس و له‌رزه‌ی له‌ده‌ست داعش چه‌شتیان دووبارهببنهوه."
هه‌روه‌ها وتی: "ئێستا باش له تێرۆریزم تێگه‌یشتوون و هه‌ر هه‌وڵێك ره‌تده‌كه‌نه‌وه بۆ گومڕاكردنی منداڵانیان و كاركردنه‌سه‌ر هه‌ست و هزریان."
په‌رله‌مه‌نتاری عێراقی بۆ پارێزگای دیاله، ناهیده داینی، به دیارونای وت راكێشانی لاوانی دیاله له‌لایه‌ن داعشه‌وه ده‌بێت شتێك بێت سه‌ربه رابردوو.
خاتوو داینی وتی باری ئه‌منی له پارێزگاكه باشبوونێكی زۆری به‌خۆوه بینیوه، هاوشانی دابه‌زینی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی پهیوهندیدهكهن به ریزه‌كانی داعشه‌وه، به‌تایبه‌تی له‌نێو لاوان‌دا.
وتیشی: "دانیشتوان ئه‌زمونێكی تاڵیان چه‌شتووه و راستیی تێرۆریزمیان بۆده‌ركه‌وتووه. ئه‌مڕۆ، پشتیوانی له سه‌روه‌ریی یاسا ده‌كه‌ن و پشتگیریی هێزه ئه‌منیه‌كان ده‌كه‌ن له پلانه‌كانیاندا بۆ له‌ناوبردنی هه‌موو حهشارگاكانی داعش و خانه نوستووه‌كانی."
محه‌مه‌د یاسین، خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی سه‌عدیه له دیاله، پشتگریی خۆی پیشاندا بۆ هێزه ئه‌منیه‌كان له شه‌ڕیاندا دژ به تێرۆریزم.
"داعش ئاواره‌ی كردین و تاوانی دژمان ئه‌نجامدا. سوپاس بۆ خوا و هێزه ئه‌منیه‌كان گه‌ڕاوینه‌ته‌وه بۆ ماڵه‌كانمان و ئێستا له سه‌قامگیری و ئارامیدا ده‌ژیین،" به دیارونای وت.
ناوبراو وتیشی: "خۆم و سێ منداڵه‌كه‌م و هه‌موو خه‌ڵكی سه‌عدیه یهكمانگرتووه بۆ پاراستنی ئاسایشی شارۆچكه‌كه. رێگا به داعش ناده‌ین پێی داكوتێت یان كاربكاته‌سه‌ر لاوانمان."