http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2016/11/28/feature-01

×
×
تێرۆریزم |

عێراق روبەڕوی ئەرکی سەختی نۆژەنکردنەوەی نەمرود دەبێتەوە

خالید تائی

ئەفسەرێکی عێراقی ئاماژە بەو زیانە دەکات کە 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' بە شاری دێرینی نەمرودی نزیك بە موسڵیان گەیاندوە. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

ئێستا کە شاری دێرینی نەمرد لەدەستی روخێنەری "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رزگارکراوە، حکومەتی عێراق روبەڕوی ئەرکی سەختی نۆژەنکردنەوەی ئەو زیانە بەرفراوانە دەبێتەوە کە چەکدارانی گروپەکە پێیانگەیاندوە.

هێزەکانی عێراق ئەم شوێنەوارە مێژوییە گرنگەی باشوری موسڵیان لە 13 تشرینی دووەمدا رزگارکرد، دوای ئەوەی زیاتر لە دوو ساڵ لەژێردەستی چەکدارانی داعشدا بوو.

بەگوێرەی پسپۆڕی نۆژەنکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی میرات و توحفەی عێراق عەباس قورەیشی، لەکاتێکدا داعش ناوچەکەی لەژێردەستدابوو، بینا مێژوییەکانی ئەو شارەی کرد بە "داروپەردوو".

"تیرۆرستەکان هەموشتێکیان لە شارەکەدا تێکشکاند؛ مەزارەکانی، کۆشك و زەقورە بەرزەکانی،" بە دیارونای وت: "ئەو وێنانەی لە ناوچەکەوە دەستکەوتون دوای رزگارکردنەوەی ئازاربەخشن، هەموشتێك بە زەوییەوە تەختکراوە."

لە ئازاری 2015دا، ئەو ماڵپەڕانەی سەر بە داعش بون وێنە و ڤیدیۆی چەکدارانی گروپەکەیان بڵاودەکردەوە کاتێ خەریکی تێکشکاندنی پەیکەری زەبەلاحی گای باڵدار ، دیواری هونەری، شوێنەرار و تابلۆ مێژوییەکانیان بوون بە چەکوش و درێڵی ئەلەکترۆنی.

دوای مانگێك، گروپەکە هەندێك بەشی شارەکەی روخاند و بۆمبی بەرمیلی لە شوێنەکانی دیکەدا چاند، پێش ئەوەی بیانتەقێنێتەوە.

خەمڵاندنی زیانەکان

قورەیشی وتی: "تەقینەوەکان، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی ئەوکاتە دەستمانکەوت، گەورەبوون و کاریگەرییان لەسەر گوندە هاوسێکان هەبوو. دواتر قەبارەی تۆقێنەر و زەبەلاحی ئەو زیانانەمان بۆ پشتڕاستکرایەوە بە بەکارهێنانی وێنەی سەتەلایت."

وتیشی حکومەتی عێراقی خۆی ئامادە دەکات بۆ ناردنی تیمی مەیدانی بۆ خەمڵاندنی رادەی زیانەکان تا پلانی نۆژەنکردنەوە دابنێت، بە ئاماژەکردن بەوەی ئەمە "ئەرکێکی ئاسان نابێت".

"پێویستیمان بە پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە،" وتی: "ئەم وێرانکارییانە میراتی جیهانیی مرۆڤایەتیین، [وڵاتانی] دونیاش دەبێت هەمو کارێك بکەن تا یارمەتیمان بدەن لە نۆژەنکردنەوەیدا."

ئەو بانگهێشتی یونیسکۆی کرد بۆ سازدانی کۆبونەوەیەکی بەپەلە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی وێرانکاریی و "دەستکردن پلانی بە کارێکی هاوبەش لەگەڵ ئێمەدا بۆ نۆژەنکردنەوەی شارەکە".

وتی: "دەبێت پسپۆڕی مرۆیی و تەکنەلۆژیای نوێمان پێبدرێت لە بواری کۆکردنەوە، ژماردن و دروستکردنەوەی مۆنۆمێنتە تێکشکێنراوەکان و دروستکردنی تاقیگەیەکی تایبەتمەند بۆ ئەم مەبەستە."

وتی: "پارچەی زۆر هەیە، بەتایبەت هی گەورە و شکاو، کە دەتوانرێت چاکبکرێنەوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە کاری چڕوپڕ و ماندوکەرە."

دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە

قورەیشی هۆشداریشی دا لە ئەگەری هەڕەشەی دزی توحفە و قاچاخچی گەر پێگەکان بەشێوەیەکی باش ئاسایشیان بۆ دەستەبەرنەکرێت.

وتی، "ئەوە زۆر گرنگە کە هێزە ئەمنیەکان زوو لە ناوچەکە جێگیربکرێن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە،" بە ئاماژەکردن بەوەی قاچاخچیەکان تینوی ئەوەن دەستیان بەو شوێنەوارە مێژوییە گرنگانە بگات.

وتی: "هێزە ئەمنیەکان دەبێت پەرژینی تەلی کارەبایی بەدەوری شارەکەدا دابنێن و پاسەوانی زۆر جێگیربکەن بۆ چاودێریکردن و دەستپێکردنی گواستنەوەی پارچە بچوك و تابلۆ نوسراوەکان و وێنەکان بۆ مۆزەخانەی بەغدا."

بەڕێوەبەری لیژنەکە عەلی مالیکی بە دیارونای وت لیژنەی پەرلەمانیی بۆ کلتور و پاشماوە مێژوییەکان دەستی بەکارکردوە بۆ هەنگاونان بۆ دەستبەرکردنی ئاسایشی شارەکە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 13هەمی پێش زایین.

وتی، "هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان دەکەین بۆ پاراستنی تەواوەتی پاشماوەکانی نەمرود،" بە رونکردنەوەی ئەوەی پێگەکان بە هێز دەورەدراون بە هەمو ئاراستەیەکدا و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش لە ناوچەکە جێگیرکراون بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش.

"لە ئێستادا خۆمان ئامادە دەکەین تا هەر کە ئاسایشی ناوچەکە دابینکرا و لە بۆمب پاککرایەوە سەردانی بکەین،" وتی: "دەمانەوێت هەمو مۆنۆمێنتە مێژوییەکان ببینین کە روبەڕوی شکاندن بونەتەوە و راپۆرت لەبارەیانەوە بنوسین."

داڕشتنی پلانی کار

"ئەو شارە مێژوویە ئاشورییە بەشێوەیەکی قێزەون بەدەستی داعش هێرشی کرایە سەر،" مالیکی وتی: "هەندێك لە توحفە بەهادارەکانیان دزی و بە قاچاخ بردیانە دەرەوەی وڵات و بیاناکانیان تەقاندنەوە."

مالیکی وتی لیژنەکە کەمپینێکی گەورە بەڕێوەدەبات تا رادەی وێرانکارییەکان بە دونیا رابگەیەنێت کە رویانداوە و داوا لە وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بکات بۆ پێشکەشکردنی کۆمەكی پێویست بە عێراق.

راوێژکاری پارێزگای نەینەوا دورەید حیکمەت وتی شاری دێرینی نەمرود بەڵگەی رادەی دڕندەیی داعشە.

وتی: "تیرۆرستەکان ویستیان پاشماوە مێژوییەکان و میراتی نەینەوا تێكبشکێنن، شوناسی کلتوری بسڕنەوە لەگەڵ مێژوی عێراق و شارستانیەت و مرۆڤایەتیش، چونکە ئەوان دواکەوتوون، دڕندەو و کینەلەدڵن."

وتیشی: "بەڵام ئێمە، دوای ئەوەی هێزە قارەمانەکانمان توانیان داعش شکست پێبهێنن، سورین لەسەر چاککردنەوەی هەمو ئەو مۆنۆمێنتانەی تێکشكێنراون و زیاتریش بدۆزینەوە، چونکە زۆرێکیان هێشتا لەژێر خاکدا شاراونەتەوە و نەدۆزراونەتەوە."

حیکمەت جەختیکردەوە لە پێویستی داڕشتنی "ستراتیژی کاری نیشتیمانی" بۆ نۆژەنکردنەوە و هێشتنەوەی مۆنۆمێنتە مێژوییەکان بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارچانەی لەلایەن داعشەوە دزراون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
6

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha